ئۆکرانیا: تەرمی 410 کەسی مەدەنی لە ناوچەی کیێڤ-ی ئازادکراو دۆزراوەتەوە

"بەڵگەی زۆر لەسەر تاوانی جەنگی بێبەزەیی ھەیە"
كارمه‌ندێكی فریاگوزاری ئۆكرانیا ته‌رمی هاووڵاتییه‌كی شاری بوچا ده‌خاته‌ ناو كیسه‌وه‌.. فۆتۆ: AFP
كارمه‌ندێكی فریاگوزاری ئۆكرانیا ته‌رمی هاووڵاتییه‌كی شاری بوچا ده‌خاته‌ ناو كیسه‌وه‌.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، ئیرینا ڤینیدیکتۆڤا رایگەیاند، تەرمی 410 کەسی مەدەنییان لە ناوچەی کیێڤ لە دوای ئازادکردنی لە سوپای رووسیا دۆزیوەتەوە.

ڤینیدیکتۆڤا، لە پەیامێکیدا لە ھەژماری تایبه‌تی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ھەر بستێکی ناوچەی کیێڤ کە لە سوپای رووسیا ئازادکراوە، کاری گەڕان و پشکنین بەردەوامە، ئەم کارانە بە بەشداری پشکنەرەکان، شارەزایانی تەقینەوە، شارەزایانی پزیشکی دادی، پزیشکان و تیمەکانی رزگارکردن بەڕێوەدەچێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەو ناوچە نیشتەجێبووانەی کە لە نزیك کیێڤ ئازادکراوە، تەرمی 410 مەدەنییان دۆزیوەتەوە، و گوتیشی: "لەو خاکانەی کە ناوچەی کیێڤ ئازادکراوە، بەڵگەی زۆر گرنگ لەسەر تاوانی جەنگی بێبەزەیی رووسیا ھەیە. ئێرە، لە خاکەکەماندا دۆزەخێکە بۆ بەبەڵگەکردنی سزادانی ئەوانەی کە ئەم کارانەیان رێکخستووە".

ڤینیدیکتۆڤا، جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ کارەکانی دەستنیشانکردنی شایەتحاڵ و ستەملێکراوەکانی رووداوەکە کارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگەی فۆتۆ و ڤیدیۆی کارەساتەکە بەردەوامە.

جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، ئاننا مایلار دوێنی ئازادکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤ لە سوپای رووسیا و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ئیرپین، بوچا، گۆستۆمۆڵ و ناوچەکانی دیکەی لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە راگەیاندبوو.