وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌باره‌ی رووداوه‌كانی بوچا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی لە شارۆچکەی بوچا خەڵکی سڤیلی کوشتبێت و دووپاتیكرده‌وه: ئەوەی روویداوە بابەتێکی مەترسیدارە و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مارتن گریفیس، نێردەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مۆسکۆ هۆشداری ئه‌وه‌یدا، کە ورووژاندانی ئەو تاوانەی لە بوچا روویداوە و تۆمەتبارکردنی رووسیا بە ئەنجامدانی ئه‌و تاوانه، مەترسییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هه‌روه‌ها لاڤرۆڤ روونیكرده‌وه، "سوپای رووسیا لە 30ی ئادار بەتەواوی لە بوچا کشاوەتەوە. لە 31ی ئادار سەرۆکی شارەوانی بوچا لێدوانی داوە و گوتوویه‌تی: هەموو شتێك وەك خۆیەتی. دوو رۆژ دواتر بینیمان هەموو شتێکیان لەسەر شەقامەکان رێکخست و ئێستاش دەیانەوێت ئەم بابەتە لە دژی رووسیا بەکاربهێنن".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئێمە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین لەسەر ئەو بابەتە. ورووژاندنی ئەو بابەتە بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ده‌زانین".
دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیا له شاری بوچای باكووری رۆژئاوای كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره و ناوچه‌كانی ده‌وروربه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئۆكرانیاوه، په‌رده له‌سه‌ر چه‌ندین تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی هه‌ڵدرایه‌وه و سه‌دان وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیا جیهانییه‌كان بڵاوبوونه‌وه، كه له دیمه‌نه‌كانیاندا وێنه‌ی ته‌رمی سه‌دان هاووڵاتیی گوللـه‌بارانكراو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا نیشان ده‌درێن.
له‌كاتێكیشدا ئۆكرانیا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی بوچا بۆ سوپای رووسیا درێژ ده‌كات، به‌شێك له وڵاتان ئه‌مه به جینۆساید و به‌شێكی دیكه به تاوانی جه‌نگ و هه‌ندێكیش به تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له به‌رامبه‌ریشدا وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و تاوانانه‌ی ره‌ت كرده‌وه، كه له‌وباره‌یه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كرێن و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌م وێنه و گرته ڤیدیۆییانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كیێڤه‌وه بۆ میدیاكانی رۆژئاوا هه‌ڵبه‌ستراون و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سوپای رووسیا تاوانی له‌مجۆره‌یان له بوچا ئه‌نجامنه‌داوه.
H.B