کیێڤ: رووسیا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە دەکات

چەند ناوچەیەک بە چڕی تۆپباران دەکرێن
سوپای روسیا
سوپای روسیا

K24 – هەولێر

بەرپرسانی ئۆکرانیا رایدەگەیەنن، ‌هێزەکانی رووسیا ئامادەکاری دەکەن، بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشی گەورە بکات.

سێرگی گادای، حاکمی هەرێمی لوگانسک رایگەیاند "هێزەکانی رووسیا لە ئامادەکاریدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە لە دژی هێزەکانمان لە لوگانسک-ی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا".

گادای لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە ئەو کەلوپەلانە دەبینین کە لە ئاراستەی جیاوازەوە دەگەنە سەنگەری هێزەکانی رووسیا، دەزانین کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشێکی گەورە".

راشیگەیاند "تۆپباران بۆ سەر ناوچەکان چڕتر دەبێتەوە شەوی رابردوو هەوڵێک هەبوو بۆ چوونە ناو روبیگنی نزیک لوگانسک، لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە پوچەڵکرایەوە و چەندین تانکی رووسیا تێکشکێندران و دەیان تەرمی سەربازانی رووسیاش لە سەنگەرەکان بەجێماون".

ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئۆکرانیا داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد، ماڵەکانیان جێبهێڵن، چاوەڕێ نەکەن تا ماڵەکانیان تۆپباران و بۆردومان دەکرێن.