نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش چەکی کیمیایی لە مووسڵ بەکارھێناوە

K24 - ههولێر:
کریستیان ریچێر، سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ئاشكرایكرد، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە كاتی کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا، گازی خەردەلی لە شارەکە بەکارھێناوە، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەغەکراوە.
ریچێر، لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاندووە، کە ھەنگاوی باشیان لە لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی داعشدا ناوە و گوتی: "لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، ئەوەمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە، کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چەکی کیمیایی، بە تایبەتیش گازی خەردەلی دژبە ھاووڵاتیان لە شاری مووسڵ بەکارھێناوە".
گوتیشی: داعش بە ھەڕەمەکی ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو لە رێگهی کەسانی شارەزا و بە ئامێرەکانی زانکۆی مووسڵ، چەکی کیمیایی دروستکردووە، ئاماژهی بهوهش كرد، "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوەکان لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە مووسڵ، ئەوەش یەکێکە لە تاوانەکانی رێکخراوەکە".
باسی لەوەش کرد، تیمەکانیان لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکەی سپایکەر کردووە، کە بە قێزەونترین تاوانەکانی جەنگ دادەندرێت و روونیكردهوه، "تیمەکانمان لە رێگای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە، ھەوڵدەدەن بەڵگە لەسەر ئەو تاوانانە کۆبکەنەوە، کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجام دراون".
روونیشكردهوه، "پاڵپشتی لەو لێکۆڵینەوانەیش دەکەین، کە لەئێستادا دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك وڵات ئەنجام دەدەرێن، بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بەم دواییانە لە ئەڵمانیا ئەنجام دران، کە تیایدا تیرۆریستێکی داعش بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی، تاوانبار کرا".
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، جهختی لهوه كردهوه، بە ھاوکاری لایەنە عێراقییەکان کار لەسەر بەدۆکیومێنتکردنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەن، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، ئەوەش بەشێکە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.