رووسیا بۆ زیلینسکی: تا کات ماوە بڕیارێکی ژیرانە بدە

K24 - هەولێر
نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا بە سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێ: بەر لەوەی کات بەسەربچێت بڕیارێکی ژیرانە بدە.
ڤاسیلی نیبینزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێک ئاراستە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات و دەڵێ: "بڕیارێکی ژیرانە بدە بەر لەوەی کات کۆتایی بێت".
نیبینزیا لە پەیامەکەیدا بۆ زیلینسکی دەشڵێت: "رێگە مەدە وڵاتانی رۆژئاوا پلان و ئەجندای خۆیان بسەپێنن و جێبەجێ بکەن، پێویستە بڕیارێکی راست و ژیرانە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەت بدەیت، چونکە وڵاتانی رۆژئاوا تاوەکوو ئۆکرانییەک مابێت ئامادەن لە ناو ئۆکرانیا درێژە بە شەڕ و کوشتار بدەن، بۆیە گرنگە ئێستا بڕیار بدەیت، دواتر دەرفەت نامێنێ و کات بەسەر دەچێت".
لە 24ی شوباتی 2022، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، مۆسکۆ چەند شار و ناوچەیەکی کیێڤی کۆنترۆڵکردووە. بۆ وەستاندنی شەڕ تائێستا چەند گەڕێکی دانوستان لەنێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوونە، بەڵام گفتوگۆکانی نێوانیان بێ ئەنجام بووە.
