ساسان عەونی "هونەری دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" بڵاودەكاتەوە
K24 - ههولێر:
نووسەر و وەرگێڕ، ساسان عەونی، كتێبی "هونەری دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" بڵاودەكاتەوە، ئەم كتێبە لە نووسینی نووسەر و سیاسەتكاری جیهانی، مارتن ئندێكە لەبارەی سیاسەتی هینری كیسنجەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كاتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە.
ساسان عەونی لە پێشەكی كتێبەكەیدا لەبارەی "مارتن ئندێك"ەوە دەڵێت: ئندێك لە 1951 لە لەندەن لەدایكبووە، شرۆڤەكارێكی پسپۆڕە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیپلۆمات و سیاسەتكارێكی ناسراوە و دووجاریش لە سەردەمی سەرۆكایەتیی بیل كلینتۆن لە ساڵی (1995-1997) و ساڵی (2000-2001) باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە لە ئیسرائیل و ماوەیەكیش نێردەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا بووە، بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەك ساسان عەونی لە پێشەكییەكەیدا دەڵێت، ئەو بەرهەمەی مارتن ئندێك، هەوڵێكە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو قوتابخانەیەی كیسنجەر (قوتابخانەی ریالیستی یان تیۆری ریالیستی) بۆ داڕشتن و پیادەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا پیادەی كردبوو و ژمارەیەكی بەرچاویش لە دیپلۆمات و سیاسەتكار و داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە و دەزگا هەواڵگرییەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە جیهان و بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕوایان بەو قوتابخانەیە هەیە و پەیڕەوی دەكەن و بنەماكانی پیادە دەكەن.
ئەم بەرهەمە لە پێشەكییەكی وەرگێڕ و چەند بابەتێك پێكهاتووە، تێیدا مارتن ئندیك و ئەو قوتابخانەیەی كیسنجەر لەسەر دەڕوات شیدەكاتەوە، هاوكات لەگەڵ كۆمەڵێك وێنەی مێژوویی بە زانیارییەوە لە دووتووێی كتێبەكەدا هەن، وێڕای بابەتەكانی ناو ئەم كتێبە، وەرگێڕ لەشێوەی پەراوێز و پێناسەكردنەوە، زانیاری لەبارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سكانداڵی وۆرگێت كە بەهۆیەوە ریتشارد نیكسۆن دەستی لەكاركێشایەوە، لەگەڵ جەنگی شەش رۆژە، جەنگی 6ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵگەی شەوی شەممە، كە چەمكێكی مەجازییە، گۆرانی سێرین و چەندان بابەتی دیكەش دەخاتەڕوو.