رۆژی "دادوه‌ریی كوردستانیی" دیار کرا

هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی دامه‌زراندنی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان
دادوەری
دادوەری

K24 - هەولێر

رۆژی 16ی كانوونی دووه‌م، وه‌ك (رۆژی دادوه‌ریی كوردستانیی - يوم القضاء الكوردستاني) ده‌ستنیشان كرا.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "وه‌ك گرنگیدان به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 5/4/2022 بڕیاری دا به‌ دیاری كردنی رۆژی 16ی كانوونی دووه‌م وه‌ك رۆژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كوردستانیی".

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئه‌مه‌ش دوای پێشنیازی یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان هات كه‌ به‌ نووسراویان ژماره‌ 6 له‌ 30/1/2022 ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانیان كرد، داوایان كرد رۆژێك بۆ ئه‌و یاده‌ دیاری بكرێت. ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانیش به‌ تێكڕای ده‌نگ بڕیاری دا به‌ ده‌ستنیشانكردنی رۆژی 16 كانوونی دووه‌م به‌ رۆژی دادوه‌ریی كوردستانیی (يوم القضاء الكوردستاني)".

ئەنجومەنی دادوەری، روونیکردووەتەوە: "دیاریكردنی ئه‌م رۆژه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی دامه‌زراندنی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رۆژی 16/1/1993 كه‌ خوالێخۆشبوو دادوه‌ر (ره‌شید عه‌بدولقادر سه‌لیم) وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌ست به‌كار بوو".