ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید به‌رامبه‌ر چێڵسی 2 ئامانجی هه‌یه‌

دوای نزیکەی یەکساڵ، جارێکی دیکە چێڵسی و ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بلوز دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەرامبەر رکابەرەکەی، مێرنگێش ئامانجیەتی بۆ یەکەمجار بەرامبەر رکابەرەکەی بردنەوە بەدەست بێنێت.

نزیکەی یەکساڵ لەمەوبەر بوو، کاتێک چێڵسی توانی لە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لە پاڵەوانتییەکە دووربخاتەوە، ئێستا جارێکی دیکە ئەم دوو یانەیە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

یانە ئینگلیزیەکە مێژوویەکی باشی بەرامبەر رکابەرەکەی هەیە، ئەوان پێشتر پێنجار لە پاڵەوانتییە ئەوروپیەکان رووبەڕووی شاهانەکان بوونەتەوە و هیچ یارییەکیان نەدۆڕاوە، لەم پێنج یارییە سێ یارییان بردووەتەوە و لە دوو یاریش به‌رامبه‌ربوونه‌.

توخێل: هه‌میشه‌ حه‌ز به‌وجۆره‌ یارییانه‌ ده‌كه‌ین

پێش یارییەکە توماس توخێل راهێنەری ئەڵمانی یانەی چێڵسی نەیشاردەوە ئەرکێکی قورسیان لە پێشەو هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوە دەدەن.

توخێل ده‌شڵێت: یارییەکانی چامپیۆنزلیگ هەمیشە قورس بووە، بەڵام ئێمە هەمیشە حەز بەم جۆرە یارییانە دەکەین، رکابەرەکەمان تیپێکی تایبەتە، دەمانەوێت زۆر بە ووریایی یاریی بکەین و هەموو هەوڵێکیش بۆ بردنەوە دەدەین ''.

بۆ ئەم یارییە یانە ئینگلیزیەکە سەرجەم یاریزانەکانی بەردەست دەبن، تەنها هودسۆن ئۆدۆی نەبێت کە ئەو یاریزانە گومان لە بەشداری کردنی دەکرێت.

ریال مه‌درید ئه‌مشه‌و دوو ئامانجیان هه‌یه‌

ریال مەدرید بەو هیوایە رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە، دەیەوێت دوو ئامانجی بپێکێت، یەکەمیان تۆلەی دۆڕانی وەرزی رابردووی لێ بکاتەوە، دووەمیشیان بۆ جاری یەکەم لە پاڵەوانتییە ئەوروپیەکان بەرامبەر رکابەرەکەی بردنەوە بەدەست بێنێت.

شاهانەکان لە قوناغی رابردوو ریمۆنتادایان بەسەر پاریس سانجێرمان کرد، ئەوان هەرچەندە لە یاریی چوون لە دەرەوەی یاریگای خۆیان تووشی دۆڕان بوون، بەڵام لە یاریی گەڕانەوە بردنەوەیان بەدەستهێنا و گەیشتنە ئەم قۆناغە.

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانە مەدریدییەکە بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ یانەکەی گەشتی لەندەنی نەکردووە و چاوەڕێ دوایین ئەنجامی پشکنینی دەکات، بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن گەشتی لەندەن بکات.

بۆ ئەم یارییە سێ یاریزانە لە پێکهاتەی ریال مەدرید بەهۆی پێکان لە یارییەکە دوورخراونەتەوە، ئەوانیش ئیسکۆ، یۆڤیچ و ئێدین هازاردن.

ئێدێر ملیتاو بەرگریکاری بەڕازیلی مێرنگی، ئەگەر بێت و لەم یارییە کارتێکی زەرد وەربگرێت، ئەوا لە یاریی گەڕانەوە بێ بەش دەبێت، بەڵام بریارە دوای ئەم قۆناغە، سەرجەم کارتە زەردەکان بسڕێنەوە.