بایدن: بەردەوام دەبین لە سزادانی رووسیا

"ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتیی رووسیا دەدەن"
جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمەریكا - فۆتۆ: رۆیتەرز
جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - هەولێر

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لە سزادانی ئابووری رووسیا بەردەوام دەبن. راوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپیش دەڵێ: ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتیی رووسیا دەدەن.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە وگتارێکیدا لە واشنتن گوتی "بەهۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەریکا لە سەپاندنی سزای زیاتر ئابووری بە سەر رووسیادا بەردەوام دەبێت".

بایدن، دوا سەپاندنی پاکێجێکی دیکەی سزای نوێ بە سەر رووسیا، ئاماژەی بەوەشدا "ساڵێک بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمەریکا توانای لە ناوبردنی 15 ساڵ دەستکەوتی ئابووری رووسیای هەیە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، تائێستا سزاکانیان 600 کۆمپانیای رووسیای گرتووەتەوە و سزاکانی ئەمجارەش سزادانی تاکەکەسیشی لەخۆگرتووە، لە نێویاندا گەورە بەرپرسانی رووسیا هەن.

لەلایەکی دیکە دليپ سینگ، جێگری راوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتیی رووسیا دەدەن".

سینگ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا "هەناردەکردنی نەوت و گازی سرووشتی، دوو سەرچاوەی گرنگی داهاتن رووسیا، کە بە دەستییەوە ماوە، بەڵام بەم نزیکانە رووسیا لە داهات و دەستکەوتە سەرەکییەکانی سووتەمنیش بێبەش دەبێت".

جێگری راوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپی راشیگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەڵمانیا کاردەکات بۆ داخستنی بۆری گازی نۆرس ستریم 2، کە گازی سرووشتی رووسیا دەگوازێتەوە ئەڵمانیا و بەشێکی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

جەختیکردەوە، دواجار رووسیا لە هەموو داهات و دەستکەوتێکی هەناردەکردنی نەوت و گازی سرووشتی بێبەش دەکەن.