پێنتاگۆن: هێزەکانی رووسیا بە تەواوەتی لەم دوو ناوچەیە کشاونه‌تەوە

"ئەو یەکە سەربازییانەی کە لەو دوو ناوچەیە کشاونەتەوە لە 20 بەتالیۆن پێکھاتوون"
هێزه‌كانی رووسیا له‌ هه‌رێمی چێرنۆهێڤی باكووری ئۆكرانیا ده‌كشێنه‌وه‌
هێزه‌كانی رووسیا له‌ هه‌رێمی چێرنۆهێڤی باكووری ئۆكرانیا ده‌كشێنه‌وه‌

K24 - هەولێر:

كاربه‌ده‌ستێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، سەرجەم ھێزە رووسییەکان لە چواردەوری کیێڤی پایتەخت و شاری چێرنیگیڤ کشاونەتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ گرووپێک رۆژنامەوان كاربه‌ده‌ستێكی باڵای پێنتاگۆن، زانیاری لەسەر جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا دا و گوتی: "بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان، ھێزەکانی رووسیا لە چواردەوری کیێڤی پایتەخت و شاری چێرنیگیڤ، بە مەبەستی دووبارە خۆ رێکخستنەوە لەسەر خاکی بێلاڕووس و رووسیا، بە تەواوەتی لەم دوو ناوچەیە کشاونه‌تەوە".

ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ ئاشکرایکرد کە ئەو یەکە سەربازییانەی کە لەو دوو ناوچەیە کشاونەتەوە لە 20 بەتالیۆن پێکھاتوون و تا ئێستا رووسیا زیاتر لە 80 بەتالیۆنی لە ناو خاکی ئۆکرانیادا ماوە.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زانیاری وردی لەسەر ژمارەی ئەو سەربازانەی کە کشاونەتەوە نەدا و باسی لەوە کرد کە ھەر بەتالیۆنێکی رووسی لەنێوان 800 بۆ ھەزار سەربازن.

كاربه‌ده‌سته‌كه‌ی پێنتاگۆن هه‌ڵسەنگاندنی بۆ بۆردومانکردنی كۆگاكانی سووتەمەنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە کرد و ئاشكرایكرد، ئەمریکا و ھاوبەشەکانی کار لەسەر گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ئۆکرانیا دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکرانیا ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی خێرا کردووە و رایگەیاند ئەو ھاوکارییەی چەند رۆژی رابردوو کە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ مووشەکی جاڤلین دابین كرابوو، مه‌به‌ست لێی دابینکردنی پێداویستیی خێرای سوپای ئۆکرانیا لە دۆنباس بوو.

AA