لیژنەکانی پشکنین بۆ رێژەی کەمئەندامی دەستبەکار دەبنەوە

زیاتر لە سێ ھەزار کەس داواکاریان پێشکەشکردووە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی، بڕیاریانداوە لیژنەکانی پشکنینی رێژەی کەمئەندامی دەستبەکار ببنەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ناونووس کراون پشکنینیان بۆ بکرێت، لە چەند رۆژی داھاتووشدا ھەموو لیژنەکان دەستبەکار دەبنەوە. زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش داواکاریان پێشکەشکردووە، بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.   

دوای چەند ساڵێک لە راگرتنی کاری لیژنەکانی پشکنینی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان، لە ماوەی 10 رۆژی داھاتوودا سەرجەم لیژنەکان دەستبەکار دەبنەوە، هەردوو وەزارەتی تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە بە ھاوبەشی لیژنەکان دەستبەکارببنەوە و کاری پێویست بۆ ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدەن. وەزیری تەندروستی ئاشکرای دەکات میکانیزمی دەستبەکاربوونەوەی لیژنەکان دیاریکراوە و دەست بە پشکنین دەکرێتەوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتگی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەژێر چاودێری و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دیارکردنی رێژەی پەککەوتە و کەمئەندامی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە، کە چەند ساڵێکە ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان چاوەڕێن".

گوتیشی: "ئێستا 11 هەزار فایلی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێشکەشی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کراون، چەند لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەست دەستبەکار دەبن".

بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2013ـەوە، لیستی نوێی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادەنەکراوە، ژمارەی ئەو کەسانەشی ئێستا داواکاریان پێشکەشکردووە، بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و مووچەیان بۆ خەرج بکرێت، زیاتر لە سێ ھەزار کەسە کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی گوت: "لە دوای ساڵی 2013ـەوە هیچ کەمئەندام و خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ناونووس نەکراوە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، بەخۆشحاڵییەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لیژنەیەکی باڵا دروستبکرێت، دوای چەند کۆبوونەوەیەک لیژنەکە دیراسەی ناونووسین کرا، ئێستا وەزارەتی کار و وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی بڕياریانداوە لیژنەکان بۆ دیارکردنی رێژەی کەمئەندامی دەستبەکارببنەوە".

میکانیزمی پشکنین و دانانی رێژەی کەمئەندامی و پەککەوتن، بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت گفتوگۆی لەسەر کراوە، لیژنەیەکی باڵاش دروستکراوە کە ھەریەکە لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دارایی و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ئەندامن تێیدا.