شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت و گاز دەکەن
ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان
ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پرسی نەوت و گازەوە دەکەن.  شاندەکە هەمان شاندی پێشووتر دەبێت کە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە دانووستاندا بوون،  وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێداگریکردن لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشتریش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگامان واڵابووە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، دانووستانی شاندەکەمان لەگەڵ بەغدا درێژەپێدەری ئەو گفتوگۆیانە کە لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ بەغدا دەستمان پێکردووە".

گوتیشی: "بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێم رۆژی دووشەممەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکات، یەکێک لە تەوەرکانی گفتوگۆ لەگەڵ شاندی عێراق، پرسی نەوت دەبێت، هەمان ئەو شاندە دەبێ کە پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردووە".

لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، سێیەمین وۆرکشۆپی خۆی بەست، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پسپۆڕێکی بواری نەوت دەڵێت: چەندین ماددەی دەستووری هەن کە رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت و گاز بەرهەم بهێنێت و هەناردەی دەرەوەی بکات.

گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری نەوت و وزە بە کوردستان24ی گوت: "دوو ماددە هەن، ماددەی 119 لە دەستووری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەستووری خۆی هەبێت، لە ماددەی 120یش باس لەوە دەکات هەرێمی کوردستان تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری و هەیە، هەروەها لە ماددەی 112 ئاماژە بەوە کراوە ئەو کێڵگانەی هەن پێویستە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام ئەو کێڵگانەی ئێستا دۆزراونەتەوە ماددەی 112 نایانگرێتەوە".

بەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەی گرنگە پێداگریکردنە لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە شاندەکە سەردانی بەغدا دەکات، لە هەمان کات ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە، بۆ هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک بەو مەرجەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بێت.