كێ كۆمه‌ڵكوژی بوچا-ی له ئۆكرانیا ئه‌نجامداوه؟
K24 - مینیسۆتا:
چالاكوانانی مافی مرۆڤ له ئۆكرانیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌فسه‌رێكی رووسی كه به "قه‌سابه‌كه‌ی بوچا" ناساندویانه، سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی كردووه له ناوچه‌كه و به‌رپرسه له كۆمه‌ڵكوژی سه‌دان هاووڵاتی مه‌ده‌نی شارۆچكه‌كه.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا دیمه‌نێكی ترسناك پیشانی جیهان درا، ئه‌ویش كوشتنی راسته‌وخۆی زیاتر له 400 هاووڵاتی بوو له‌سه‌رده‌ستی هێزه‌كانی رووسیا له شارۆچكه‌ی بوچا كه 24 كیلۆمه‌تر له پایته‌ختی كێڤ-ه‌وه دووره.
به‌گوێرەی رۆژنامه‌ی زه تایم رووداوه‌كه شه‌پۆلێكی تووڕه‌یی و ناره‌زایی توندی له جیهاندا به‌رپاكردووه و وای له وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه، به ده‌یان دیپلۆماتی رووسی له وڵاته‌كه‌یان ده‌ركه‌ن و داواشده‌كرێت سزای توندتری رووسیا بده‌ن.
گۆڤاری نیوزویك ئه‌و سه‌ركرده رووسییه‌ی ناساندووه كه سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵكوژی بوچا-ی ئه‌نجامداوه ئه‌ویش "مۆربیكۆڤ ئیزه‌تبیك ئاسانبیكۆڤیچ"ـه كه فه‌رمانده‌یه له یه‌كه‌ی 51460ی هێزه‌كانی رووسیا كه شوێنی سه‌ره‌كی یه‌كه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی شاری خابارۆڤسك-ی خۆرهه‌ڵاتی رووسیاوه جێگیره.
گرووپی InformNapalm گرووپێكی ئۆكرانییه و چاودێری ئاژانس و هه‌واڵگری رووسیا ده‌كات، زانیاریی و وێنه‌ی ته‌واوی مۆربیكۆڤ و یه‌كه سه‌ربازییه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه.
هه‌روه‌ها چالاكوانانی مافه‌كانی مرۆڤ له ئۆكرانیا ئه‌و ئه‌فسه‌ره روسییه به (شه‌ڕانگێزی سه‌ربازیی) ناوده‌به‌ن كه له پشت كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی بوچا-وه‌یه.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ئای نیوز-ی به‌ریتانی، ئه‌و ئه‌فسه‌ره سه‌ركردایه‌تی راسته‌وخۆی لیوای 64ی تۆپهاوێژ ده‌كات كه به‌رپرسانی حكومه‌تی ئۆكرانیا له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به كرده‌ی (تاوانی جه‌نگ) له بوچا سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی زه تایم-یش ئاشكرای ده‌كات كه كۆلۆنیل مۆربیكۆڤ به‌رله‌وه‌ی بنێردرێت بۆ ئۆكرانیا، له‌لایه‌ن قه‌شه بتریك كیریل له كلێسای ئۆرسۆدێكس-ی رووسییه‌وه، له مانگی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) خه‌ڵاتی رێزلێنانی لێنراوه، وه‌ك گۆڤاری نیوزویك-یش ئاشكرای كردووه ساڵی 2014 خه‌ڵاتی رێزلێنانی (خزمه‌تی تایبه‌تی) له‌لایه‌ن دیمیتری بۆلگاكۆڤ-ی یاریده‌ده‌ری وه‌زاره‌تی به‌رگری-یه‌وه پێبه‌خشراوه.
له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵاتییه‌كانه‌وه، وێنه‌ی به‌شی زۆری سه‌ربازانی لیوای 64 بڵاوكراوه‌ته‌وه، وێڕای وێنه‌ی تایبه‌تی كۆلۆنیل مۆربیكۆڤ.
كۆلۆنیل مۆربیكۆڤ له چاوپێكه‌وتنێكدا ساڵی 2017 له یه‌كێك له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی رووسیا، وه‌سفی راهێنانی سه‌ربازی ده‌كات به ناوچه پڕ ئه‌سته‌نگه‌كان و وه‌رزی سه‌ختی زستان، بۆیه پێیوایه دوو مانگ بۆ راهێنان هیچ نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له مه‌شقی خزمه‌تی سه‌ربازانی زۆره‌ملێ جێیبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌م ئه‌فسه‌ره رووسییه كه‌سێكی به‌ناوبانگ نییه، به‌ڵام دڵڕه‌ق و توندڕه‌وه، ته‌مه‌نی 40 ساڵه هه‌ربۆیه له‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی وێنه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی بوچا، وێنه‌ی كۆلۆنیل مۆربیكۆڤ تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی داپۆشیووە، بۆیه ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ چوونه ناوچه‌كه بۆ پشكنینی رووداوه‌كه، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) كه دوای سه‌ردانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌ی له‌نێو كڵێسای بترس-ی پیرۆز له بوچا جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه دوای پشكنین ده‌ركه‌وتووه كه ته‌رمی نێو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و كه‌سه كوژراوه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان له رۆژانی 28ی شوبات تا 15ی ئادار روویانداوه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كرد كه یه‌كه سه‌ربازییه‌كه‌ی مۆربیكۆڤ له 30ی ئادار (مارسی 2022)ـه‌وه بوچا و ناوچه‌ی كیێڤ-ی پایته‌ختی جێهێشتووه و ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ بێلارووس، به‌ڵام راپۆرتی هه‌وڵگری ئۆكرانیا ئاماژه به‌وه‌ده‌ده‌ن كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ بیلگۆرود -ی خۆرئاوای رووسیا و به‌رله‌وه‌ی بڵاوبنه‌وه به ناوچه‌ی خاركێڤ-ی ئۆكرانیا كه ئێستا خاڵی گه‌رمی شه‌ڕگه‌یه.