رووسیا قەرزە دۆلارییەکانی بە روبڵ دەداتەوە

تا ئێستا مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە دانەوەی قەرزەکانی
روبڵ، دراوی رووسی
روبڵ، دراوی رووسی

K24 - هەولێر:

مۆسکۆ رایگەیاند، دوای ئەوەی بانکەکان رەتیان کردەوە مامەڵەکانمان بە دراوی ئەمریکی لەگەڵ بکەن، بەشێک لە قەرزە دەرەکییەکانیان بۆ ئەو قەواڵانەی بە دۆلار بەستراون بە دراوی روبڵ داوەتەوە.

وەزارەتی دارایی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ناچار بوونە بە قەبارەی 649.2 ملیۆن دۆلار قەرزە دەرەکییەکانیان بە روبڵ بدەنەوە.  

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکە بیانییەکان رەتیان کردووەتەوە ئەو بڕە پارەیە لە چواری ئەم ئەم مانگە دۆلار وەربگرنەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی داوای لە دامەزراوە داراییەکانی رووسیا کردووە کە ئاڵوگۆڕی دراوی پێویست ئەنجام بدەن تاوەکو قەرزەکانیان بدەنەوە.

تاوەکو ئێستا بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە دانەوەی قەرزەکانی.

لە بەرامبەردا ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بە سەر رووسیا، تاوەکو لە دانەوەی قەرزەکانی دوا بکەوێت و پلەبەندییە ئابوورییەکەی دابەزێت. هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە هەموو شێوەیەک رێگری لەوە دەکەن مۆسکۆ دۆلارە ئەسپاردەکراوەکانی لە بانکەکانی وڵاکەی بۆ دانەوەی قەرزەکانی بەکاربهێنێت.

بە گوێرەی سزاکانی رۆژئاوا لەسەر رووسیا بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، سەرجەم یەدەگی رووسیا لە دراوە ئەسپاردەکراوەکانی لە دەرەوەی وڵات بلۆککران کە قەبارەکەی بە نزیکەی 300 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.