ته‌نها شۆکێک ده‌توانێت ڕزگارمان بکات

Kurd24

کاک ئازاد جوندیانیی قسه له‌سه‌ر شۆک وه‌ک دواهه‌میین ده‌رچه له مه‌ترسییه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌کات. کاک ئازاد ده‌ڵێ: ته‌نها شۆکێک ده‌توانێت له‌م له‌ناوچوونه ڕزگارمان بکات. ئه‌م ده‌ربڕیینه‌ی کاک ئازاد وته‌یه‌كی مارتین هایدیگه‌رم به‌بیر ده‌هێنێته‌وه، که له 24.09.1966 دا له دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی دێر شپیگڵ (ئاوێنه‌)دا ئاڕاسته‌ی ڕۆژنامه‌وانه‌که‌ی کرد. مارتین هایدیگه‌ر له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا، که ئاخۆ ئه‌و نازیی بووه، ده‌ڵێ، ته‌نها خودایه‌ک ده‌توانێت ڕزگارمان بکات. دیاره مارتین هایدیگه‌ر هه‌تا مه‌رگیشی نه‌ده‌چووه ژێر باری ئه‌وه‌وه، که ئه‌و نازیی بووبێت. ئه‌م ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نازییبوونه‌شی هۆکاری دوورکه‌وتنه‌وه‌ی هانا ئارێندت بوو لێی. هایدیگه‌ر له‌م ڕسته‌یه‌دا پێمانده‌ڵێ، که ته‌نها خۆشه‌ویستیی و لێبوورده‌یی ده‌توانێت له تاوانه‌کان و خه‌تاکانمان ببوورێت. ته‌نها خۆشه‌ویستیی و لێبوورده‌یی ده‌توانێت لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێمان بۆ هه‌ڵبداته‌وه. خودا له ڕسته‌که‌ی هایدیگه‌ردا مێتافه‌یه‌که، سیمبوڵه بۆ خۆشه‌ویستیی و لێبوورده‌یی. به‌ڵام شۆک له ته‌نها شۆکێک ده‌توانێت ڕزگارمان بکات له ڕسته‌که‌ی کاک ئازاد جوندیانیی دا، نیشانه‌یه بۆ گه‌یشتن به دۆخێک، که تێیدا ژیانمان له مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایه، چونکه تاک هه‌ست به‌م مه‌ترسییه ناکات و شۆک لێره‌دا هه‌م سیگناڵه و هه‌میش ڕزگارکه‌ر. کاک ئازاد جوندیانیی قسه‌ له‌سه‌ر پێدانی شۆکی ئێلێکترۆنیی ده‌کات بۆ ئه‌وانه‌ی جۆرێک له نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌یه، له‌وانه شیزۆفرێنیی، مانیی و خه‌مباریی قورس. وه‌ک پێدانی پێناسێکی پۆزه‌تیڤ به‌م شۆکه. لێره‌وه من ده‌مه‌وێت ئه‌م دیده‌ی کاک ئازاد پشتڕاستبکه‌مه‌وه و بڵێم، که منیش هاوڕام له‌گه‌ڵیدا، که ته‌نها شۆکێک ده‌توانێت ڕزگارمان بکات.

ئارگوومێنت بۆ گرنگیی شۆک لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که تاک له نائاگایی دا، ژیانێک ده‌ژیی که زیانی زیاتره وه‌ک له قازانج بۆی. تاک لێره‌دا به‌ئاگا نایه‌ت تا ئه‌و کاته‌ی زیانێکی گه‌وره نه‌کات، تا ئه‌و کاته‌ی له‌سه‌ر لێواری مه‌رگ دانه‌نیشێت. تاک فێرنابێت تا ئه‌و کاته‌ی، که زیانێکی گه‌وره‌ی پێنه‌گات. زاناکانی مێشک بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی، که شۆک فاکته‌رێکی گه‌‌وره‌یه له گه‌شه‌کردن و فێربوون دا، په‌نا بۆ جرج و مه‌یموون ده‌به‌ن و چه‌ند تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌ردووکیان ده‌که‌ن. تاقیکردنه‌وه‌کان ئازاربه‌خشن به ئاژه‌ڵه‌کان، به‌ڵام بۆچوونی زاناکان ده‌سه‌لمێنن. لێره‌دا به کورتیی قسه له‌سه‌ر ئه‌و توێژینه‌وانه ده‌که‌م، که له‌سه‌ر شۆک کراون. نموونه‌ی مه‌یموونه‌که. مه‌یموونێک له قه‌فه‌زێکدایه، زه‌وییه‌که‌ی به کاره‌با ته‌نراوه. گڵۆپێک هه‌یه، که پێش لێدانی ته‌زووی کاره‌با به‌شێوه‌ی پرته و پاشانیش هه‌مووی داده‌گیرسێت. ئه‌م گڵۆپه وه‌ک سیگناڵێک وه‌هایه، که  مه‌یموونه‌که ئاگادار ده‌کاته‌وه و دوگمه‌یه‌کیش هه‌یه بۆ کووژاندنه‌وه‌ی کاره‌باکه. سه‌ره‌تا مه‌یموونه‌که هیچ شتێک نازانێت. چه‌ندیینجار کاره‌با لێیده‌دات هه‌تا فێرده‌بێت، که پلاکه‌که بکووژێنێته‌وه. یه‌که‌مجار تووشی شۆکێکی گه‌وره ده‌بێت، جاره‌کانی تریش هه‌مانشێوه، هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی، که ئیدی ده‌بێت بیربکاته‌وه و ڕێگریی له‌م ئازاره بکات. دواجار فێرده‌بێت، که گڵۆپه‌که پێش هاتنی ته‌زووی کاره‌با داده‌گیرسێت، ئیدی له‌وه به‌دواوه خێرا پلاکه‌که ده‌کووژێنێته‌وه و ناهێڵێت کاره‌با لێی بدات. پاشان مه‌یموونێکی تر دێنن، که هیچ نازانێت و ده‌یخه‌نه هه‌مان قه‌فه‌زه‌وه. کاتێک گڵۆپه‌که ده‌ست ده‌کات به ترپه‌ ترپ، مه‌یموونه به ئه‌زموونه‌که خێرا پلاکه‌که ده‌کووژێنێته‌وه. پاشان جیایان ده‌که‌نه‌وه و پلاک و گڵۆپه‌که ده‌خه‌نه لای مه‌یموونه بێ ئه‌زموونه‌که. ئیدی لێره‌وه، کاتێک گڵۆپه‌که ترپه‌ترپ ده‌کات، مه‌یموونه‌ به ئه‌زموونه‌که له‌رزی لێدێت و ده‌ستده‌کات به قیژه‌قیژ بۆ ئه‌وه‌ی به مه‌یموونه بێ ئه‌زموونه‌که بڵێ، که ده‌بێت پلاکه‌که بکووژێنێته‌وه ده‌نا کاره‌با لێمانده‌دات و تووشی ئازار ده‌بین. به‌ڵام مه‌یموونه بێ ئه‌زموونه‌که نازانێت، که مه‌یموونه ئه‌زموونداره‌که باسی چیی ده‌کات هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌ویش تووشی یه‌که‌میین گه‌وره شۆک و ئازاری خۆی ده‌بێت. ئیدی لێره‌وه هه‌وڵده‌دات، که له مه‌یموونه ئه‌زموونداره‌که بگات و فێربێت. پاش ئازارێکی گه‌وره، که هه‌ردووکیان ده‌یچێژن، مه‌یموونه بێ ئه‌زموونه‌که فێرده‌بێت، که پلاکه‌که بکووژێنێته‌وه. له‌وه‌ به‌دواوه هه‌ر هێنده گڵۆپ پێده‌بێت، ئیدی مه‌یموونه ئه‌زموونداره‌که ده‌قیژێنێت و ئه‌وی تریش خێرا پلاکه‌که ده‌کووژێنێته‌وه. ئه‌مه نموونه‌ی یه‌که‌مه له‌سه‌ر شکۆک.

نموونه‌ی دووهه‌م. ئه‌و مرۆڤانه‌ی نه‌خۆشیی شه‌کریان هه‌یه. ئه‌مانه‌ش گوێ به ته‌ندرووستییان ناده‌ن هه‌تا تووشی شۆکێکی گه‌وره نه‌بن. بۆ نموونه هه‌ندێک نه‌خۆش ته‌نها یه‌ک شۆکیان به‌سه‌، ئیدی له‌وه به‌دواوه له سه‌دا سه‌د ژیانیان ده‌گۆڕن و هه‌ندێکی تریش هه‌تا له‌کیسدانی چه‌ندیین ئه‌ندامی جه‌سته‌یان فێرنابن و دواجار ده‌مرن. جۆری یه‌که‌م، کاتێک جه‌سته‌ی نه‌خۆش خاڵییه له ئه‌نه‌رگیی، خاڵییه له شه‌کر، چونکه نه‌خۆش خواردنی که‌م خواردووه. جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌که تووشی شۆک ده‌بێت، ئیدی نه‌خۆشه‌که له‌هۆش خۆی ده‌چێت. ئه‌م نه‌خۆشانه له به‌شێک له وڵاتانی جیهان دا ده‌مرن، چونکه ئاستی به‌ته‌نگه‌وه‌چوون و ته‌ندروستیی له ئاستێکی باڵادا نییه، به‌ڵام له هه‌ندێک وڵاتی پێشکه‌وتوودا نه‌خۆشه‌که زوو ڕزگار ده‌‌کرێت. نه‌خۆش له‌م شۆکه‌دا ته‌نها ئادره‌ناڵین ڕزگاری ده‌کات و پاشان له نه‌خۆشخانه له‌ڕێگای چاره‌سه‌ری مێدیسینه‌وه. هه‌ندێک له‌م نه‌خۆشانه له‌دوای ئه‌م شۆکه ئیدی له سه‌دا سه‌د ژیانیان ده‌گۆڕن و ناهێڵێن چیدی تووشی ئه‌م دۆخه ببنه‌وه. هه‌ندێک نه‌خۆشیی تر، که هێنده ده‌خۆن و هێنده شیریینیی ده‌خۆن، که ئینسولین له جه‌سته‌یاندا به‌شی ئه‌وه ناکات ئه‌م هه‌موو خواردنه بکه‌نه سێله‌کانه‌وه بۆ سووتاندنی. به‌مشێوه‌یه شه‌کری زۆر له جه‌سته‌یاندا تووشی چه‌ندیین کێشه‌ی تری ته‌ندروستییان ده‌کات. له هه‌ندێک شوێنی جه‌سته‌ دا شه‌کری زۆر خوێنیان ژه‌هراویی ده‌کات و ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته‌یان نه‌بڕدرێته‌وه، ئه‌وا هه‌موو جه‌سته‌یان ژه‌هراویی ده‌بێت و ده‌مرن. ئه‌م دۆخه به گشتیی له قاچه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌کات. هه‌ربۆیه به‌شێک له‌و نه‌خۆشانه‌ی نه‌خۆشیی شه‌کریان هه‌یه، قاچێکیان یان هه‌ردووکیان ده‌بڕدرێنه‌وه. لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر فێرنابن، که به‌ته‌نگ ژیانی خۆیانه‌وه بێن تا دواجار ده‌مرن.

نموونه‌ی سێهه‌م. تاکی نه‌خۆشیی ده‌روونیی، بۆ نموونه خه‌مباریی یان شیزۆفرێن یان مانیی. ئه‌م نه‌خۆشانه پێچه‌وانه‌ی مه‌یموونه‌که و نه‌خۆشیی شه‌کره‌ن. ئه‌م نه‌خۆشانه شۆک یارمه‌تییان ده‌دات، که درێژه به ژیانێکی ته‌ندروست بده‌ن. ئێلێکترۆ شۆک. دیاره ئه‌م ڕسته‌یه ترسێنه‌ره، چونکه باس له شۆکێکی ئێلێکترۆنیی ده‌کات. به‌ڵام له ڕاستیی دا ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک تۆقێنه‌ر نییه. به‌ڵکوو ته‌واوی ئه‌م پرۆسه‌یه سێ بۆ پێنج چرکه ده‌خایه‌نێت و تاکی نه‌خۆش ڤۆڵتێک که‌متر وه‌رده‌گرێت، که ناگاته هێزی باترییه‌کی بچووک، که به باتریی قه‌ڵه‌میی ناوده‌برێت. ئه‌م ئێلێکترۆنانه شۆکێک ده‌دات به مێشک شۆکێک ده‌دات به نۆیرۆنه‌کانی مێشک، که له ڕێگایه‌وه ئیمپولزی نێوان نۆیرۆنه‌کانی مێشک و سوناپسه‌کانی زیاد ده‌کات. مێشکی تاک بۆیه باش ئیش ناکات، چونکه نۆیرۆنه‌کان و سوناپسه‌کانی مێشک خاوه‌نی ئێلێکترۆنێکی که‌من، که به‌شی ئه‌وه ناکات زانیاریی له نۆیرۆنێکه‌وه بۆ نۆیرۆنێکی تر بگوێزرێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی خه‌مباریی قورس، هالوسیناشیۆن (له‌کیسدانی ڕیالیتێت. مرۆڤ بوونێک ده‌بینێت، که بوونی نییه، مرۆڤ گوێی له ده‌نگ و قسه‌گه‌لێک ده‌بێت، که بوونیان نییه). ئه‌مجۆره چاره‌سه‌رانه ڕێژه‌یین، هه‌ندێک نه‌خۆش له‌دوای شه‌ش چاره‌سه‌ری ئێلێکترۆ شۆک، ده‌گه‌نه ئاستێکی باش و ئیدی چیدی ئێلێکترۆ شۆک وه‌رناگرن، هه‌ندێکی تر هه‌تا ده بۆ دوانزده جار ئه‌م چاره‌سه‌ره وه‌رده‌گرن. من خۆم هاوه‌ڵی چه‌ندیین نه‌خۆش بووم له‌م چاره‌سه‌ره‌دا و به‌شێکی زۆری ئه‌م نه‌خۆشانه سوودێکی باشیان له‌م شۆکه وه‌رگرتووه.

ماوه‌ته‌وه بڵێم، که به‌ هه‌ق ئێمه له ئاستێکی وه‌هاداین، که وه‌ک کاک ئازاد جوندیانیی ده‌ڵێ، ته‌نها شۆکێک ده‌توانێت ڕزگارمان بکات.