شارهوانی ماریۆپۆل: نزیکەی پێنج ھەزار کەس بههۆی هێرشهكانی رووسیاوه كوژراون

K24 - هەولێر:
سەرۆکی شارەوانی ماریۆپۆل، ئاشكرای دهكات، لە ماوەی مانگێکی گەمارۆدانی شارەکەدا نزیکەی پێنج ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە 210یان منداڵن.
بەگوێرهی راگەیەندراوێكی شارەوانی ماریۆپۆل، ڤادیم بۆیچینکۆ، سهرۆكی شارهوانی ئهو شاره لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە ئەنجامە سیاسی و یاساییەکانی ئەو تاوانانەی کە رووسیا لە ئۆکراینا ئەنجامیداون، کردووە.
بۆیچینکۆ لە میانی گوتارێکدا لە کۆبوونەوهکە ئاماژەی بەوە کردووه، ماریۆپۆل لە ماوەکانی رابردوودا سیمبولی گەشەپێدانی ئۆكرانیا بووە و ئێستا لەلایەن سەربازانی رووسیاوە بە تەواوەتی وێران کراوە.
سهرۆكی شارهوانی ماریۆپۆل ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە سەدا 90ـی ژێرخانی شارەکە وێرانکراوە.
سەرۆکی شارەوانی ماریۆپۆل جەختی لەوەش کردووهتەوە، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا وەڵامی ئەو تاوانانە بدەنەوە کە کراوەتە سەر گەلی ئۆکراینا و گوتی: "بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، تەنیا لە ماوەی مانگێکی گەمارۆی ماریۆپۆلدا نزیکەی پێنج ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە 210یان منداڵن.
سهرۆكی شارهوانی ماریۆپۆل روونیكردهوه، یەکە سهربازییهكانی رووسیا بۆ ماوەی چەندین رۆژ بۆردومانی سەختی نەخۆشخانەی منداڵانیان له ماریۆپۆل کرد، نزیکەی 50 کەس بە زیندوویی سوتێندران، وێڕای ئهوهش باڵەخانەی شانۆی شارەکه کە 900 کەس خۆیان تێدا حەشاردابوو بۆردومان کرا.