وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌باره‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

به‌رهه‌می جووتیاران له‌ هه‌موو عێراق به‌ بازاڕ ده‌كرێت
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاشكرای ده‌كات، له‌ پێناو پاراستنی به‌رهه‌می جووتیارانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، رۆژنامه‌یه‌كی كشتوكاڵی یه‌كگرتوو به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا داده‌ڕێژرێت و ده‌رگاكانی سایلۆش زووتر به‌ رووی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كرێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانی سه‌ردانیكردنی شاندێكی وه‌زاره‌تی ناوبراو بۆ به‌غدا، به‌ مەبەستی داڕشتنی رۆژنامەیەکی کشتوکاڵی یەکگرتوو، بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بەسەرپەرشتی له‌ هه‌ردوو بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ راشیگه‌یاند، وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق بڕیاریداوه‌  بڕی بەرهەمهاتووی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێته‌ ناو پلانی وەرگرتن و داواش کرا بەزووترین کات CDـی گەنمی جوتیارانی هەرێم ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، بەڵێنیش بە کردنەوەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی زووتر لە ساڵانی رابردوو درا.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، بۆ ئاسانکاری له‌ پێناو بەبازارکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بەرووبومەکانی کشتوکاڵی، پەلەوەری و هێلکە، بڕیاردرا فۆرمێکی تایبەت بە پشتڕاستکردنەوە و پشتگیریکردن  لەم بەرهەمانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پڕبكرێته‌وه‌ تاوەکو ئەم فۆرمە ئامادە دەکرێت لەلایەن لێژنەیەک رێگە بە هاتووچۆ و کار ئاسانیکردن بۆ هەناردنی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم بۆ بازارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق ده‌كرێت.