کۆمپانیای سپەیس ئێکس سێ گەشتیار رەوانەی بۆشای ئاسمان دەکات

ھەریەکەیان بۆ ئەم گەشتە 55 ملیۆن دۆلاریان داوە
بنکەی ئاسمانی کەیپ کاناڤێرال لە فلۆریدا
بنکەی ئاسمانی کەیپ کاناڤێرال لە فلۆریدا

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای بەرھەمھێنەری مانگی دەستکرد و روکێت، سپەیس ئێکس (SpaceX) سێ کەسی رەوانەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشای ئاسمان کرد کە ھەریەکەیان بۆ ئەم گەشتە 55 ملیۆن دۆلاریان داوە.

سپەیس ئێکس، سێ پیاوی کاری ئەمریکی، کەنەدی و ئیسرائیلی بە یاوەری کەشتیوانی پێشووی ئاسمانی ناسا، میشایل لۆپێز- ئەلیگریا بۆ گەشتێک کە زیاتر لە یەک ھەفتە دەخایەنێت رەوانەی خولگەی زەوی کرد.

سێ پیاوی کار بە ناوەکانی لاری کۆنۆر، مارک پاسی و ئیتان ستیبی لە بنکەی ئاسمانی کەیپ کاناڤێرال لە فلۆریدا رەوانەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشای ئاسمان کران و ئەمەش بووە یەکەمین گەشتی تایبەت بۆ ئەو شوێنە.

راشگەیەندرا کە سەردانیکەرانی گەشتیاریی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشای ئاسمان، بۆ خەرجی گەشتەکە و حەسانەوە و خواردن پێویستە ٥٥ ملیۆن دۆلار بدەن و دەتوانن گشت بەشەکانی ئەو وێستگەیە بگەڕێن بەدەر لەو بەشەی کە تایبەتە بە رووسیا.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە چاوەڕێ دەکرێت ئەم گەشتیارانەی بۆشایی ئاسمان لە 19ی نیسان بگەڕێنەوە زەوی.

سەڕەرای دژایەتیکردنی ناسا بۆ کردنەوەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بەڕووی گەشتیاراندا، ئەوە زانراوە کە رووسیا چەندین ساڵە گەشتیار بۆ ئەو وێستگەیە رەوانە دەکات.

AA