ناسنامەی فەرماندەیەکی دیکەی كوژراوی پاسدارانی ئێران ئاشکرا دەكرێت

حدكا: لە شەڕەكانی شنۆ شەش ئەندامی دیكەی سوپای پاسداران كوژراون

K24 - ھەولێر

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ناسنامەی فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئاشکرا کرد کە لە ناوچەی شنۆ بە دەستی پێشمەرگەکانی ئەم حزبە کوژراوە.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا رایگەیاند: "6 ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران کە خەڵکی شاری نەغەدەن، لە هێرش بۆ سەر پێشمەرگەکانی ئەم حزبەدا کوژراون.

حزبی دیموکرات، وێنەی فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی بە ناوی سەروان "عەبدولواحید حیکمەت" بڵاو کردووەتەوە کە لە نێو ئەم شەش کوژراوە دایە.

حدکا، پێشتر ناوی جگێری فەرماندەی پاسدارانی شنۆ و چوار چەکدارنی کوردی سەربە حکومەتی بە ناوەکانی "حاجی سەمەد بوستانی، یوسف ئەحمەدی، مستەفا خالدی، عوبەید هەرکی و ئەسکەندەر مامەڵ" ی بڵاو کردبۆوە.

بەرلەم هەواڵە، حزبی دیموکراتی رایگەیاندبوو: "لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان پێشمەرگە و ‌هێزەکانی حکوومەت کۆمەڵێک پێشمەرگە شەهید بوونە"بەڵام ناسنامەی ئەم پێشمەرگانەی ئاشکرا نەکردووە.