قەرەجەکانی دهۆک سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

لە دهۆک کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ قەرەجەکان دروستکراوە
کۆمەڵگەی رزگاری لە دهۆک - تایبەت بە قەرەجەکان
کۆمەڵگەی رزگاری لە دهۆک - تایبەت بە قەرەجەکان

K24 – دهۆک

هەرێمی کوردستان بووەتە لایەنەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، ژمارەیەکی زۆر لە قەرەجەکان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونیان بۆ تەرخانکراوە، قەرەجەکان سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەن.

قەرەجەکانی کوردستان لە چەندین شار و شارۆچکە نیشتەجێن و زۆربەیان کاسبکار و پیشەوەرن، هەندێک کەس پێیان دەڵێن (هوستا)  هەندێک لە قەرەجەکانیش خۆیان بە (موکری) دەناسێنن. هەرچەندە ئەوان کەمتر شوێنی نیشتەجێبوونیان دیارە، بەڵام لە ساڵی 2007ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ دابینکردون.

کۆڤان موحسین، یەکێکە لە قەرەجەکانی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشیمانە".

یەکێکی دیکە لە قەرەجەکانی دهۆک بەناوی هاشم حاجی، کە پیشەی دارتاشە دەڵێ: "پێش ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تایبەتمان بۆ دابین بکرێت، شوێنی دیاریکراومان نەبوو، وەکو کۆچەری هەر جارە و لە شوێنێک بووین، هیچ شتێک نەدەبوو بە ماڵی خۆمان".

دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە قەرەجەکانی دهۆک، تاڕادەیەک ژیانی ئەوانی گۆڕیوە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە حکومەت تەواوی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی دابین کردووە.

یونس زاهیر، موختاری کۆمەڵگەی رزگاری کە تایبەتە بە قەرەجەکان لە دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "لە هەرێمی کوردستان شوێنی نیشتەجێبوونمان  بۆ دابینکراوە و هەلی کارمان بۆ رەخسێندراوە، منداڵەکانمان مافی خوێندنیان لە قوتابخانە و زانکۆ هەیە و دەکرێن بە فەرمانبەر، ئێمە زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

لە چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی نێودەڵەتی قەرەجەکان لە ساڵی 1990 کە لە پۆڵەندا بەڕێوەچوو 8ی نیسان بە رۆژی جهیانی قەرەجەکان ناسێندرا.

کۆمەڵناسێک بەناوی بێوار سەفەر، دەڵێ: "قەرەجەکان لە هیچ شوێنێک بە هەمیشەیی نیشتەجێ نابن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دهۆک کۆمەڵگەی تایبەتی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکراوە.

کۆمەڵگەی رزگاری بۆ قەرەجەکانی دهۆک لە ساڵی 2007 دروستکراوە، سەرەتا ئەوان 264 ماڵ بوون، ئێستا نزیکەی 600 ماڵ دەبن و 2600 کەسن.