تەرمی کوڕ و کچێک بە کوژراوی دۆزرانەوە

کوڕەکە تەمەنی 30 ساڵە و ئەفسەری پۆلیسە
شنگال
شنگال

K24 - هەولێر:

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 9ـی نیسانی 2022، لە ناحیەی سنونێ سەربە قەزای شنگال، تەرمی کوڕ و کچێك بە کوژراوی دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، تەرمی کوڕ و کچێک بە کوژراوی لە نێوان کۆمەڵگەی بۆرک و کۆمەڵگەی دهۆلا لە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال دۆزراونەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، کوڕەکە (ج.ئ.ر) تەمەنی 30 ساڵە و ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵە، کچەکەش کە ناوی (س.ئ) تەمەنی 24 ساڵە.

تا ئێستا هۆکاری کوژرانیان نەزاندراوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، کە لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا نزیکەی پێنج حاڵەتی کوشتنی هاوشێوە تۆمار کراون و تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە.

ئەو ئەفسەری پۆلیسەی تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە
ئەو ئەفسەری پۆلیسەی تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە