فه‌ڕه‌نسا له نێوان كۆمارى پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا: كێبڕكێى به‌ده‌ستهێنانى كليلى كۆشكى ئيلێزى
به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ كرۆنۆلوژياى سيسته‌مى سياسى فه‌ڕه‌نسا له قۆناغه‌كانى تيۆرى تيۆكراسيى و پادشايه‌تى ڕه‌ها و شۆرش و ڕاپه‌ڕينه‌كانى 1789 و 1968 و كۆماره يه‌ك له دواى يه‌كه‌كان له كۆمارى يه‌كه‌مه‌وه تاكو كۆمارى پێنجه‌م، كه مێژووێكى سياسى و هزريى دوور و درێژى هه‌يه، گه‌ره‌كمه له دواى كۆمارى پێنجه‌م و به تايبه‌تى له فه‌رمانڕه‌واى "چارلس ديگۆل"ه‌وه، حوكمڕانى ده‌ستوورى و هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له فه‌ڕه‌نسا بخه‌مه‌به‌ر باس و لێوردبوونه‌وه. له دواى حكومه‌تى شۆرشگێرى (رۆبپسير) و پاشان (لويسى هه‌ژده‌هه‌م) دواتر (لويس فليپ) تا ده‌گاته كوده‌تاى (ناپليۆن) و ڕاگه‌ياندنى ئيمپراتۆرييه‌تى فه‌ڕه‌نسا، سيسته‌مى سياسى و ده‌ستوورى فه‌ڕه‌نسا به چه‌ندين قۆناغى جياوازه‌وه گوزه‌رى كردووه تاكو قۆناغى كۆمارى پێنجه‌م كه له ساڵى 1958 ده‌ستپێده‌كات تاكو ئێستا كه هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2022ى تيادا ئه‌نجام ده‌درێت. سيسته‌مى سياسى ئێستاى فه‌ڕه‌نسا كه به سيسته‌مى نيمچه سه‌رۆكايه‌تى ناسراوه، بنچينه‌كه‌ى بۆ ده‌ستوورى ساڵى 1958 و دواين هه‌موارى ساڵى 2008 ده‌گه‌ڕيته‌وه كه به ده‌ستوورى كۆمارى پێنجه‌م La Constitution de la Ve République ناوزه‌ند ده‌كرێت. ئه‌م ده‌ستووره شوێنى ده‌ستوورى كۆمارى چواره‌مى ساڵى 1946ى گرته‌وه، شارل ديگۆل de Gaull يه‌كێك بوو له پاڵنه‌ره‌كانى دانانى ده‌ستوورى كۆمارى پێنجه‌م كاتێك له گوتاره‌كه‌يدا له شاره‌دێى Bayeuxى هه‌رێمى كالفادۆس له‌باره‌ى ده‌ستوورى كۆمارى پێنجه‌مدا، پرسى لێپرسينه‌وه‌ى حكومه‌ت له‌لايه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كه له دوو ئه‌نجوومه‌ن پێكهاتبێ، هه‌روه‌ها به‌رپرسيارييه‌تى سه‌رۆك كۆمار له‌لايه‌ن گه‌لى فه‌ڕه‌نسييه‌وه بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها له‌لايه‌ن ميشێل ديبرى Michel Debré يه‌كه‌م سه‌رۆك ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى كۆماره‌كه و باوكى ده‌ستوورى كۆمارى پێنجه‌م، داڕشتنى ده‌قه‌كانى ده‌ستوور كۆتايپێهێنرا.
جياكردنه‌وه‌ى دين له ده‌وڵه‌ت، بوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ياسادانان و دادوه‌رى و جێبه‌جێكردن، ديموكراسييه‌ت و مافه‌كانى مرۆڤ، چاودێرى كۆمه‌ڵايه‌تى، ئازادى و يه‌كسانى و برايه‌تى له بنه‌ما سه‌ره‌كييه‌كانى ده‌ستورى كۆمارى پێنجه‌م و حوكمڕانى ئێستاى فه‌ڕه‌نسايه. لە ماددەی یەكەمی دەستووری ئێستای فەرەنسی (دەستووری كۆماری پێنجەم) دا پێناسه و بنچینە سەرەكییەكانی دەوڵەتی خستۆتەڕوو به‌و فۆرمه‌ى كه فەڕەنسا كۆمارێكی یەكپارچە، سێكیۆلار، دیموكراسیی و ئیشتراكیە، بەبێ جیاوازی بنەچە، ڕەگەز یاخود ئاین، یەكسانی لەبەردەم یاسادا بۆ گشت هاوڵاتيانى مسۆگەر دەكات و رێز لە هەموو ئایدیاكان دەگرێت و، كۆمار لەسەر بنەمای سیستەمی ئیداری لامەركەزی رێكدەخرێت.
ته‌وه‌رى يه‌كه‌م: سيسته‌مى ده‌ستووريى و سياسى فه‌ڕه‌نسا
بەگوێره‌ى دەستووری كۆماری پێنجەم، سیستەمی حوكمڕانی فەرەنسا بريتييه له سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتییە Semi-Presidentialism كه تێكه‌ڵه و نێوه‌ندگيرييه له تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى نێوان سيسته‌مى سه‌رۆكايه‌تى و په‌رله‌مانيدا، به جۆرێك سه‌رۆك به‌شێوه‌ى ڕاسته‌خۆ له‌لايه‌ن گه‌ل هه‌ڵده‌بژێردرێت خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستوورى فراوانه، ئه‌مه جگه له‌بوونى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران و دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كانى تر. لە ساڵی 1958 راپرسی گشتی بۆ دەستووری كۆماری پێنجەم ئەنجامدرا، بە گوێرەی دەستووری ئەوكات، سەرۆكی وڵات بۆ ماوەی حەوت ساڵى سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرا، بەڵام لە ساڵی 2002 ماوەی سەرۆكایەتی بۆ پێنج ساڵ كەمكرایەوەو لە ساڵی 2008 كۆمه‌ڵێك ریفۆرم و هەمواری دەستووری ئەنجامدران، به‌تايبه‌تيش رێگه‌دان به سەرۆك كۆمار بۆ مانه‌وه‌ى دوو خول لە ماوەی سەرۆكایەتی دوای بردنه‌وه‌ى خولێكى ديكه‌ى هەڵبژاردن.
سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی Semi-presidentialism یەكێكە لەو فۆرمانەی حوكمڕانی كه بەشێوەیەكی بەفراوان لە وڵاتاندا پەیڕەو دەكرێت. بە گوێرەی تێگەیشتنی روبرت ئیلجی Robert Elgie ئەم سیستەمە بریتییە لە گەرەنتی ده‌ستوورى هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن گەل و بەرپرسیاریەتی حكومەت و وەزیرەكان لە بەرانبەر پەرلەمان. ئێستا لە جیهاندا، نزيكه‌ى پەنجا دەوڵەت هەن كە پەیڕەوی لەم سیستەمەدا دەكەن و زیاتر لە بیست دەوڵەت لە دەستووردا بریاریان لەسەر سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی داوە. ئەگەرچی بیرۆكە و تێرمى سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی بە فۆرمی جودا پاشخانێكی مێژووی هەیە، بە نموونە سیستەمی كۆماری ڤایمار لە ساڵی 1919 تاوەكو 1933 و فینەلەندا لە نێوان ساڵانی 1919 تاوەكو 2000، بەڵام دووبارە ناساندنەوەو برەودان بەم چەمكە بۆ تێزەكانی یاساناسی بواری یاسای دەستووری (مۆریس دۆفريجە Maurice Duverger)ی فەرەنسی دەگەڕێتەوە، له كاتێكدا جەدەلی ناساندن و تایبەتمەندییەكانی لە بواری لێكۆڵینەوەى زانستییەكاندا، تا ئێستاش جێگای ڕامان و لێكدانەوەی جیاوازە. بیرۆكه‌ی بنچینەیی لەم سیستەمەدا، بریتییە لە دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنthe dual executive ، سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆكی حكومەت دەبێت تەواوكەری یەكتر بن، سەرۆك پارێزگاری لە شەرعیەتی گەل و بەردەوامیەتی دەكات، هه‌وكات سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانيش سەركردایەتی سیاسی و بەرپرسیاریەتی رۆژانەی وەزیفی حكومەت لە ئەستۆ دەگرێت.
ته‌وه‌رى دووه‌م: سيسته‌مى هه‌ڵبژاردن و پێشبركێى كانديده‌كان له خولى يه‌كه‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى فه‌ڕه‌نسا 2022
هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى فه‌ڕه‌نسا كه ده‌كاته دوانزه‌مين هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكايه‌تى له ماوه‌ى كۆمارى پێنجه‌مدا، به دوو خول به‌رێوه ده‌چێت، به گوێره‌ى ماددەكانی (6 و7)ى دەستووری فەره‌نسی هەمواركرا، سەرۆكی كۆمار راستەوخۆ لەلایەن گەلی فەرەنسیەوە هەلدەبژێردرێت‌و ماوەی ولایەتەكەی 5 ساڵەو دەكرێت تەنها خولێكی تر بە سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە، پێویستە پاڵێوراوی سەركەوتوو لە خولی یەكەم زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنی، ئەگەر هیچ پاڵیوراوێك ئەو زۆرینەی بەدەست نەهێنا، ئەوا دووبارە هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوە دەكرێت كە لە خولی یەكەم زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێناوە، هەر یەكێكیشیان لەو خولە ئەگەر زۆرینەی سادەی بە دەستهێنا، ئەوا بە براوە دادەنرێت. خوولی یەكەم رۆژی یەك شەممە 10 مانگی نیسانی ساڵی 2022 بەڕێوەدەچێت و لە نێوان ئەو 12 كاندیدەى كه ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى په‌سه‌ندكردوون و به ئه‌گه‌رى زۆره‌وه له خولى يه‌كه‌مدا هيچ كاندێك ناتوانێت زۆرينه‌ى ڕه‌ها به‌ده‌ست بهێنێت، بۆيه لە ڕۆژی یەك شەممە 24ی هەمان مانگدا واتە دوای 14 رۆژ بۆ خوولی دووهەم، دووبارە دەنگدەدرێت بۆ یەكێك لەو دوو كاندیدەى زۆرترين ده‌نگيان له خولى يه‌كه‌مدا به‌ده‌ستهێناوه، له‌م دوو كانديده هه‌ر يه‌كه‌يان زۆرينه‌ى ساده ده‌نگى ده‌نگده‌ران به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا ده‌چێته كۆشكى ئيڵيزێ وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى فه‌ڕه‌نسا.
بۆ به‌شداربوون له كێبڕكێى كاندید بوون بۆ سەرۆكایەتی فەڕەنسا، پێویستە هەر كاندیدێك (500) واژۆى پشتگيرى ياخود په‌سه‌ندكردن له‌لايه‌ن ده‌نگده‌ده‌ره گه‌وره‌كان (Grands électeurs français) واته به‌رپرسه هه‌ڵبژێردراوه‌كان بە دەست بێنێت كه به سيسته‌مى پاغێناژ (Le système de parrainage) ناو ده‌برێت كه به ماناى ته‌زكييه‌كردن ياخود سيسته‌مى واژۆ (signature) ياخود پێشكه‌شكردنى كانديد (présentation) دێت، ئەمە پێشمەرجى سەرەكییە سەرەڕای مەرجەكانی تری وەكو:
هەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسی بێت، نابێت تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت، خاوەنی شكۆ و رێزی مۆڕالی بێت (ئەم مەرجە بە وردی پێناسە نەكراوە)، دەبێت كاندید زانیارییەكانی پەیوەندیدار بە ئەستۆپاكی دارایی و مومتەلەكاتی پێشكەش بكات له‌گه‌ڵ كردنەوەی هەژماری بانكی تایبەت بە خه‌رجى هەڵبژاردن لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی دەستووری بۆ هێنانەدی شەفافیەتى دارايى. جگە لەم پێشمەرجانە، ئەو كەسەی ده‌يەوێت بچێتە پێشبڕكیی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، دەبێت 500 واژۆی لێپرسراوە ئیداریيه‌كان بەدەست بێنێت كە دەكەونە سنووری هەر 18 هەرێم و 101 Departmentsى فەرەنسا، ئه‌م سيسته‌مه به سيسته‌مى ته‌زكييه‌كردن ياخود پاڵپشتى ناوده‌برێت Le système de parrainage، ئەو كەسانەی كە مافی واژۆی پاڵپشتى كانديده‌كانيان هەیە بریتین لە: نوێنەرانى ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، سەرۆكی شارەوانییەكان، ئەندامانی ئەنجوومەنی فەڕەنسی لە دەرەوە، ئەندامانی فەڕەنسی لە پەرلەمانی ئەوروپی، ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی كۆرسیكا و ئەنجوومەتی پۆلینیزیا و چەند یەكەیەكی تری ئیداری و دەستووری كە بە گوێرەی یاسای واژۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ژماره 6ى ساڵی 1962 و ياساى بنەڕەتی ژماره 76-528 ساڵی 1976 هه‌مواركراو، رێكخراوە. به‌ڵام بۆ دوركەوتنەوە لە بەرژەوەندی كه‌سيى و یاریكردن بە پرۆسەكە، یاساكە چەند بەربەستێكی داناوە، لەوانە بەدەستهێنانی واژۆ لە 30 ئیداره‌ی جیاواز و نابێت زیاتر لە 50 واژۆ لە یەك ناوچەی ئیداریدا بەدەست بهێنرێت. كۆی گشتی ئەو كەسانەی مافی متمانە پێدانيان هەیە بەوانه‌ى دەچنە پێشبركێیەوە، نزیكەی 42000 چل و دوو هه‌زار بەرپرسی هەڵبژێردراو دەبێت. ئەم ڕێسایە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ساڵی 1962 جێبەجێ دەكرێت، ئامانج له‌م رێكار‌و ميكانزمه بريتييه له پاڵاوتنی باشترین كاندید و دورخستنەوی ئەو كاندیدانەی كە توانای كەسی و پرۆژەی گرنگ و واقيعيان نییە، ئه‌گه‌رچى له‌لايه‌ن توێژه‌رانى بوارى ياسا و هه‌ندێك پارتى سياسى ڕه‌خنه‌ى لێگراوه‌و به سيسته‌مێكى ناديموكراسى وه‌سفكراوه.
ته‌وه‌رى سێيه‌م: ناوى كانديد و پارتى سياسى و ئايدۆلۆژيان بۆ هه‌ڵبژاردنى 2022
ئەنجوومەنی دەستووری فەڕەنسا، دواين لیستی ناوی كاندیده‌كانی بۆ هەڵبژاردنەكانی فەڕەنساى 2022 بڵاوكرده‌وه، كه بريتين له 12 كانديد له پارتى جياجيادا. به گوێره‌ى ده‌ستوورى فه‌ڕه‌نسى، ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى Conseil constitutionnel دامەزراوەیەكی دەستووری باڵایە كە پارێزگاری لە شكۆی دەستوور دەكات و كار دەكات بۆ پاراستنی نەزاهەتی هەڵبژاردن و پێداچوونه‌وه به ڕاستى و دروستى مه‌رجه‌كانى هه‌ڵبژاردن له كانديده‌كان و ڕاگه‌ياندنى ناوى كانديد و ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردن و چاودێريكردنى راپرسییە نیشتیمانییەكان و دەستووریبوونی یاسا و رێنماییەكان، هه‌روه‌ها بریارەكانيی مولزەمن بۆ گشت دامەزراوەكانی دەوڵەت.
ناو و ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تيكردنى سەرۆكەكانى فه‌ڕه‌نسا لە كۆماری پێنجەمه‌وه 1958 تاكو 2022:
یەكەم: چارلس دیگۆل Charles de Gaulle (1958-69).
دووەم: جۆرج جان ریموند پومپیدو Georges Pompidou (1969-74).
سێیەم: ڤالێری جیسكار دیستان Valéry Giscard d’Estaing (1974-81).
چوارەم: فرانسۆ میتراند François Mitterrand (1981-95).
پێنجەم: جاك شیڕاك Jacques Chirac (1995-2007).
شەشەم: نیكۆڵا سەركۆزی Nicolas Sarkozy (2007-2012).
حەوتەم: فڕانسۆ هۆڵاند François Hollande (2012 - 2017).
هەشتەم: ئیمانوێل ماكڕۆن Emmanuel Macron (2017- 2022).
ژمارەی كاندیدەكانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكانی فەڕەنسا لە ماوەی ساڵی 1965 تاوەكو دواين هەڵبژاردن: ساڵى 1965: شه‌ش كاندید. ساڵى 1969: حه‌وت كاندید. ساڵى 1974: دوانزه كاندید. ساڵى 1981: ده كاندید. ساڵى 1988: نۆ كاندید. ساڵى 1995: نۆ كاندید. ساڵى 2002: شانزه كاندید. ساڵى 2007: دوانزه كاندید. ساڵى 2012: ده كاندید. ساڵى 2017: يانزه كاندید. ساڵى 2022: دوانزه كاندید.
دواى ڕاگه‌ياندنى ناوى كانديدانى هه‌ڵبژاردنى خولى يه‌كه‌م بۆ ساڵى 2022 له لايه‌ن لۆران فەبیوس Laurent Fabius سەرۆكی ئەنجوومەنی دەستووری فەڕەنسا، پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى كانديد و ناوى پارتى سياسى و ئايدۆلۆژيان ده‌خه‌ينه‌ڕوو:
یەكەم/ ئیمانیول ماكرۆن Emmanuel Macron: لە دایكبووی ساڵی 1977 له شاری ئەمیان Amiens پایتەختی هەرێمی بیكاردی، فەلسەفەی لە نانتر لە پاریس خوێندووە و ماجستێری لە بوارى public affairs له سیانس-پۆی پاریس تەواو كردووە، دوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی 2017 ناوی چۆته لیستی گەنجترین سەرۆك لە مێژووی فەڕەنسادا. ئەزموونی سیاسی ماكرۆن دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی 2006 تا 2009 كاتێك پەیوەندی بە پارتی ئیشتراكییەوە دەكات و دواتر لەساڵی 2006 پاڵپشتی هۆڵاند دەكات. لە ساڵی 2012 دەچێتە نێو كۆشكی ئیلێزێ و چەند پۆستێكی وەك: ئەمینی گشتی كۆشك و وەزیری ئابووری وەردەگرێت. لە نیسانی 2017 بزوتنەوەیەكی ناوەندگیر لە نێوان ڕاست و چەپ دادەمەزرێنێت بەناوی (La République En Marche - كۆمار بەڕێوەیە ياخود به‌ره‌وپێشه‌وه) لە ساڵی 2017 بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات و لە كۆی 11 كاندید لە هەردوو قۆناغدا سەركەوتن بەدەست دێنێت و لە قۆناغی دووەم بە بەدەستهێنانی له‌سه‌دا 66% دەنگه‌كان پێش ركابەرەكەی (ماری لۆپین) دەكەوێت و كلیلی كۆشكی ئیلێزی بەدەست دێنێت.
ئایدۆلۆژیای بزوتنەوەكه‌ى ماكڕۆن (La République En Marche) بریتيیە له ته‌يارى ناوه‌ڕاستى چه‌پ و ڕاست، یاخود ڕەوتی موعتەدل (moderate) كە گوزارەشت لە كەسێكی ناحیزبی و ناڕادیكالی دەكات وەك حزبێكی سیاسی ناوەندگیری لیبراڵی كۆمەڵایەتی فەڕەنسی. تێرمى ناوەندگیری (Centrism) تێرمێكی سیاسییە له فه‌لسه‌فه‌ى سياسيدا دەلالەت لەو ڕەوتە سیاسییانە دەكات كە دەبنە هاوسەنگ لە نێوان دوو ئایدیای جیاوازدا، وەكو لیبرالی و ئیشتراكی (Moderation theory)، چه‌پ و ڕاست.
بەرنامەی كاری ئیمانوێل ماكرۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، خۆی لە برەودان بە كەرتی ئابووری و ڕەخساندنی هەڵی كار و كەمكردنەوەی باج لەسەر كرێكار‌و به‌رهه‌مهێنه‌ران دەكاتەوە، جگە لەوەی ئەولەویەتی كارى بۆ مامۆستا و فێركاران كه ئازادی و رێزی زیاتر، داهات و موچەی باشتره. بۆ پرۆژە درێژخانەكانیش، گرنگیدان بە ژینگە و بونیادنانی فەرەنسا وەك دەوڵەتێكی ژینگەیی مەزن و پشت نەبەستن بە نەوت و گاز و ڕەژوو لە پڕۆژەكانی دەبێت.
به گوێره‌ى ئه‌و ليسته‌ى كه ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى واژۆكانى پشتگيرى په‌سندكردن وه‌ك پێشمه‌رجى كانديدبوون و چوونه نێو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن (Les parrainages) بڵاويكردۆته‌وه، ئيمانوێل ماكرۆن (2098) واژۆى به‌ده‌ستهێناوه. له ڕاپرسييه‌كانى تايبه‌ت به خولى يه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنيش، رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى ده‌گاته 26٪، به گوێره‌ى داتا و به‌دواداچوون و لێكۆڵينه‌وه‌كان، ئه‌گه‌رى ده‌رچوونه‌وه‌ى ماكڕۆن بۆ 5 ساڵى تر ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه به به‌راورد به كانديده‌كانى تر، بەڵام ئەو ماوەیەی كه ماكرۆن سەرۆكایەتی فەڕەنسا كرد، ڕووبەڕووی چەندین ئالنگاری و تەحددیات بوەوە، لەوانەش دۆسیەی پاسەوانەكەی به‌ناوى ئەلیكسەندەر بینالا، خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكان، ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئه‌مه جگە لە قەیرانە نێودەوڵەتییەكانی وەك جەنگی ئۆكڕانیا و ڕوسیا، كشانه‌وه‌ى هێزەكانی فەڕەنسی له مالى و گرانبوونی نرخی نەوت و گاز.
دووه‌م: مارین لوپێن Marine Le Pen: خانمە سیاسی فەڕەنسی و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپی و سەرۆكی پارتی (كۆمبوون ياخود گرتبوونەوەی نیشتمانی Rassemblement national) ، ته‌مه‌نى 53 ساڵه و خاوەنی بڕوانامەى ليسانسه لە پسپۆری یاسا و موماره‌سه‌ى كاری پارێزەرایەتی كردووە لە پاریس، بۆ سێیەم جارە خۆی بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار كاندید دەكات، لە ساڵی 2012 له سەدا 18ی دەنگەكانی بەدەستهێنا لە دوای نیكۆڵا ساركۆزی و فرانسوا ئۆلاند، لە ساڵی 2017 ڕكابەری ماكرۆنی كرد و نزیكەی سەدا 34ی دەنگەكانی خولی دووەمی بەدەستهێنا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
ئايدۆلۆژياى حزبه‌كه‌ى راستی تووندڕەو far-right بە حزبێكی رەگەزپەرست ناسراوە، ئەم پارتە لە ساڵی 1972 لەلایەن باوكی مارین لوپین (جان ماری لوپین) دامەزراوە و تاوەكو ساڵی 2011 سەرۆكایەتی حزبه‌كه‌ى كردووە، ئێستاش ماری لۆپین سەرۆكایەتی دەكات. له پڕۆگرامەكانی ئه‌م پارته كه به پارتێكى فاشى ناسراوه بريتيه له ڕێگریكردن لە دیاردەی كۆچ لە وڵاتانی نائەوروپی بۆ فه‌ڕه‌نسا، قوڕسكردنى مه‌رج و رێكارەكانی بەخشینی ڕەگەزنامەی فەڕەنسی به هاوڵاتيانى بيانى، گەڕانەوە بۆ بەها سونەتییەكان و پارێزگاریكردن لە كەڵتووری فەڕەنسی و دژايه‌تيكردنى ئيسلام. به گوێره‌ى ليستى واژۆكانى پشتگيرى به‌رپرسه هه‌ڵبژێردراوه‌كانى فه‌ڕه‌نسى كه ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى بڵاويكردۆته‌وه، مارى لۆپين ژماره‌ى واژۆكانى بريتيبوو له (622) و به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان رێژەی رازیببون و دەنگدانى دەگاتە 23٪ له خوولی یەكەمدا و له‌و كانديدانه‌يه كه چانسى ده‌رچوونى له خولى يه‌كه‌مدا به‌هێزه.
سێيه‌م: ژان لوك میلانشۆن Jean-Luc Mélenchon: يه‌كێكه له كانديده به‌هێزه‌كانى پارتى چەپ و بەرەی میللیی Left-wing populism كه پارتێكى سۆشیالیزم ديموكراسييه، تەمەنى 70 ساڵه و لە دایك بووی شاری تەنجەی مەغریبيه، بە ترۆتسكیزم چووە ناو جیهانی چەپگەراییەوە ، كاندیدی پارتى فەڕەنسی (La France Insoumise) كه به ئينگليزى گوزارشته له (Unsubmissive France Unbowed- Rebellious France) (كۆڵنەدەر، خۆنه‌چه‌مێن یاخود یاخيگه‌ر)، بۆ جاری سێيەمە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكی فەڕەنسا، لە ساڵی 2017 لەسه‌دا 19٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. بە گوێرەی لیستی فەرمی پشتگيرى و په‌سه‌ندكردنى ده‌نگده‌ره گه‌وره‌كان (Les parrainages) كه ئەنجوومەنی دەستووری بڵاویكردۆتەوە، ژان میلینشۆن (906) واژۆی بەدەستهێناوە، لەدوا راپرسیشدا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەم ساڵ، رێژەی رازیببوون و دەنگدانى گەیشتۆتە له‌سه‌دا 17٪ و ئه‌گه‌رى هه‌يه له خولى يه‌كه‌م ركابه‌رى كانديده‌كان بكات بۆ خولى دووه‌م. بەرنامەی كاری میلانشۆن بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى فه‌ڕه‌نسا بریتییە لە داهاتوویەكی هاوبەش كە فۆكەس دەخاتەسەر دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دارایی و ژینگەیی، بەرزكردنەوەی بژێوی ژیان، كۆتایهێنان بە پشت بەستن بە وزەی ناوەكی، زیادكردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەكان، پڕۆژەی درێژخایەن و خەونی گەورەی گۆڕینی كۆماری پێنجەمە بۆ كۆماری شەشەم.
چواره‌م: ڤالێریی پیكرێس Valérie Pécresse: خانمه سياسى فه‌ڕه‌نسى، تەمەن 54 ساڵ، ڕاوێژكاری جاك شیڕاك و بڕاوەی كورسی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی لە ساڵی 2002 وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی له‌سه‌رده‌می نیكۆڵا ساركۆزی (2007-2012) و وتەبێژی فەرمی وه‌زاره‌تی دارایی لە ساڵی 2011-2012. كاندیدی پارتى كۆمارییەكانLes Républicains كە پارتێكى ڕاستڕەوی موعتدیلە Centre-right و لەسەر پێشنیاری سەرۆكی پێشوو (نیكۆڵا ساركۆزی) ناوى پارته‌كه گۆڕا بۆ یەكگرتووی لە پێناو بزاوتی گەل Union pour un mouvement populaire ، ئایدۆلۆژیاى: دیگۆلی، سياسەتی كۆنسێرڤاتيڤ، دیموكراسی مەسیحی، لیبرالیەت. دواى ئەوەی لە هەڵبژاردەكانی ناوخۆیی حزبەكەیدا لە كۆی 5 كاندید، پڕۆژەكەی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا و زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و بووە كاندیدی كۆماریيەكان. به‌گوێره‌ى ليستى فه‌رمى ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى رێژه‌ى (2636) واژۆى به‌رپرسه هه‌ڵبژيرداوه‌كانى ئيدارى به‌ده‌ستهيناوه و رێژەی رازیبوون و دەنگدانى دەگاتە لە 8٪ لە خوولی یەكەمى هه‌ڵبژاردندا.
پێنجه‌م: ئیرییك زێموور Éric Zemmour: جۆرناليستى فه‌ڕه‌نسى ئێريك زێموور، كه بنه‌چه‌ى یه‌هودیى جه‌زائیرييه، كاندیدی حزبی (گێڕانەوەReconquête ) یان خۆئامادەكردنەوە، كه حزبێكى توندڕه‌وى ڕه‌گه‌زپه‌رستى ڕاستڕه‌و far-right و له 5ى دێسێمبه‌رى 2021 پارته‌كه‌ى دامه‌زراندووه‌و ناوى پارته‌كه‌ى گوزارشته له گێڕانەوەی دەسەڵات و سەروەری. مه‌به‌ست له‌م دروشمه ئه‌وه‌يه كه‌به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى كۆچبه‌رى عه‌ره‌بى و ئه‌فريقى و موسڵمانان، فه‌ڕه‌نسا سه‌روه‌رى و ڕه‌سه‌نايه‌تى خۆى له ده‌ستداوه، له‌ديدگاى زيموور، پێویستە دەسەڵات و سەروەری فه‌ڕه‌نسا بگەڕیتەوە سەر بنه‌چه و شارستانيه‌ت و كه‌لتوورى رەسەنی خۆی. ئیسلامۆفۆبیا و كۆچبەر وەك دوو چەكی هەڵبژاردن بۆ بەدەستخستنی دەنگ بەتایبەتی لەلای پارتە راستڕوەكان به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌م كانديده تێڕوانينى وايه كه زۆربوونى موسڵمان و كۆچبه‌رى عه‌ره‌بى، مه‌ترسى له‌سه‌ر حوكمڕانى فه‌ڕه‌نسى دروست ده‌كات و ئه‌گه‌رى هه‌يه له داهاتوو هه‌وڵى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات بده‌ن. دروشم و ئايدياكانى به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى بريتييه له دژايتيكردنى كۆچبه‌ر و موسڵمان و ئه‌و ئه‌فريقيانه‌ى له فه‌ڕه‌نسا ده‌ژين، دژى بونيادنانى مزگه‌وت و ناونانى مندالانه به‌ناوى عه‌ره‌بى و ئيسلامى، داخستنى سنووره‌كان و دروستكردنى ديوار بۆ رێگه‌گرتن له كۆچبه‌ران له بيرۆك و ئايدياله‌كانيه‌تى. به گوێره‌ى ليستى بڵاوكراوه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى، زيموور بۆ ته‌واوكردنى مه‌رجى كانديدبوون (741) واژۆى به‌رپرسه هه‌ڵبژێردراوه‌كانى به‌ده‌ستهێناوه. به‌گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان، رێژەی دەنگدانی بۆ خوولی یەكەم 9 ٪یە و ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى لاوازه.
شه‌شه‌م: یانیك ژادۆ Yannick Jadot: سیاسی و پسپۆری ژینگەیی و ئەندامی پێشوو یەكێتی ئەوروپا، تەمەن 54 ساڵ، كاندیدی (ئەورۆپ ئیكۆلۆجی)، دوای كشانه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا 2017 بریاریدا كێشەی ژینگە بێنێتە نێو گۆڕپانی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی. له هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی پارتى (سەوزەكان و پاراستنی ژینگە) لەكۆی 5 كاندید، بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرا وه‌ك كاندیدی پارته‌كه‌ى. وه‌ك پێشمه‌رجى خۆ كانديدكردن توانى (712) واژۆى پاڵپشتى كۆبكاته‌وه به گوێره‌ى ئه‌و ليسته‌ى كه ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى بڵاويكردۆته‌وه. به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان، ریژەی رازیبوون و دەنگه‌كانى بۆ خوولی یەكەم دەگاتە لە 5٪، ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى بۆ خولى دووه‌م لاوازه.
حه‌وته‌م: فابیان رووسێل Fabien Roussel: سیاسی و رۆژنامەنووس فابیان روسیل لە ساڵی 2018 ەوە سكرتێری نيشتيمانى پارتی كۆمۆنیستى فه‌ڕه‌نسيه و ئەندامى هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتیمانییە، تەمەنى 52 ساڵه‌و كاندیدی پارتی كۆمۆنیسته Parti communiste français بۆ یەكەم جارە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رێژه‌ى واژۆى پشتگيرييه‌كانى لايه‌ن به‌رپرسه هه‌ڵبژيردراوه‌كان (626) پشتگيرى بوو، به گوێره‌ى دواين ڕاپرسييه‌كان رێژەی رازیبوون و دەنگدانى دەگاتە لە 3٪ و ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى لاوازه.
هه‌شته‌م: ئان هيدالگۆ Anne Hidalgo: كاندیدی پارتی سۆشیالیستى فه‌ڕه‌نسييه كه پارتێكى ناوه‌ندى باڵى چه‌پگه‌ر Centre gauche يه‌كێكه له‌و پارتانه‌ى ديرۆكێكى سياسى كۆنى هه‌يه له ماوه‌ى كۆمارى پێنجه‌مدا شان به‌شانى كۆمارييه‌كان و له‌لایەن فرانسۆ میتران لە ساڵی 1969 دامەزرێنراوەو لە ساڵی 1981 پۆستی سەرۆك كۆمار و زۆرینەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیان بەدەستهێناوە تاوەكو 1993. هيدالگۆ، یەكەمین خانمە لە مێژووی فەڕەنسادا بۆ دوو خول پۆستی شارەوانی پاریس وەربگرێت، یەكەمين جاره خۆى بۆ كێبڕكێى كۆشكى ئيليزێ كانديد ده‌كات، رێژه‌ى پشتگيرييه‌كانى له‌لايه‌ن به‌رپرسانى هه‌ڵبژێردراوه ده‌گاته (1440) وه‌ك پێشمه‌رجى كانديدبوون، به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان، رێژەی رازیبوون و دەنگدانى ده‌گاته 2٪، كه رێژه‌يه‌كى لاوازه به به‌راورد به‌كانديده‌كانى تر.
نۆيه‌م: ژان لاسال Jean Lassalle: تەمەن 66 ساڵ ئەندام پەرلەمان و كاندیدی بزووتنەوەی به‌ره‌نگارى ياخود بەرگریكردن Résistons پارتێكه له ڕه‌وتى ناوەندی باڵی راسته بۆ جاری دووهەمە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، به كۆكردنه‌وه‌ى (642) واژۆى به‌رپرس هه‌ڵبژێردراوه‌كان توانى وه‌ك كانديد بێته ناو كێبركێى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى و به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان هیچ شانسی ئەوەی نييه بگاتە خوولی دووهەمى هه‌ڵبژاردن چونكه رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆ خوولی یەكەم دەگاتە 1،5٪ .
دەیەم/ فیلییپ پووتۆ PHILIPPE POUTOU: سەرۆك و كاندیدی پارتی نوێی دژ بە سەرمایەداری (پارتی دژی كاپیتالیست Nouveau Parti anticapitaliste) تەمەنى 54 ساڵه، له ڕه‌وتى چەپە تووندڕەوەكانه، لە بانگەشەی هەڵبژارندا خۆی وەك كرێكارێك دەناسێنێت، دواى كۆكردنه‌وه‌ى (596) واژۆى پشتگيرى له‌لايه‌ن به‌رپرسه هه‌ڵبژێردراوه‌كان، بۆ سێهەمین جار خۆی كاندید كرده‌وه بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان هیچ شانسێكی نییە بگاتە خوولی دووهەمى هه‌ڵبژاردن، چونكه رێژەی رازیبوون و دەنگدانى دەگاتە ٪ 1،5 له خولى يه‌كه‌مدا.
یانزەیەم/ نیكۆلا دیپۆن Nicolas Dupont-Aignan: سه‌رۆك و كاندیدی پارتى فەڕەنسا بەپێوە Debout la France كه له ساڵى 1991 دامه‌زراوه‌و له ڕه‌وتى راستە تووندڕەوەكانه، تەمەنى 61 ساڵه، دواى كۆكردنه‌وه‌ى (600) واژۆى ده‌نگده‌ره گه‌وره‌كان كه به ماناى به‌رپرسه هه‌ڵبژيردراوه‌كان دێت، بۆ جاری سێهەم خۆی كاندید كرده‌وه بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان هیچ شانسێكی نییە بگاتە خوولی دووهەمى هه‌ڵبژاردنه‌كان، چونكه رێژەی رازیبوون و دەنگدانى له خوولی یەكەم دەگاتە لە 1،5 ٪.
دوانزەهەم/ ناتالی ئارتۆ Nathalie Arthaud: ترۆتسكیست وتەبێژ و كاندیدی پارتی خەباتی كرێكار Lutte Ouvrière (Workers' Struggle)، مامۆستاى زانستییە ئابوورییەكانه و تەمەنى 52 ساڵه. بۆ جاری سێهەمە خۆی كاندید ئەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. پاڵپشت به ليستى ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى تايبه‌ت به واژۆى به‌رپرسه هه‌ڵبژيردراوه‌كان، به كۆكردنه‌وه‌ى (576) واژۆ وه‌ك كانديد په‌سه‌ندكرا. به گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان هیچ چانسێكی نییە بچێتە خوولی دووهەمى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، چونكه ڕێژەی رازیبوون و دەنگدانه‌كانى بۆ خوولی یەكەمى هه‌ڵبژاردن له ئاستێكى نزمدايه.
ته‌وه‌رى چواره‌م: شەبەنگی سیاسی چەپ و ڕاست و ناوەڕاست له فه‌ڕه‌نسا Échiquier politique
شه‌به‌نگى سياسى (Political spectrum) سیستەمێكە بۆ پۆلێن‌كردن و جیاكردنەوەی هەڵوێستە سیاسییە جۆراوجۆرەكان به‌كارده‌هێنرێت. لە زانستی سیاسی سەردەمدا، شەبەنگی سیاسی كە خۆی لە ڕەوتی چەپ و ڕاست دەبینێتەوە، بایەخێكی گرنگی هەیە، بە جۆرێك لەلایەکەوە كۆمۆنیست و سوسیالیست و حیزبە سەوزەکان (لاینگرانی ژینگە)، ئانارشیست وەكوو ڕه‌وتى چەپ و لەلایەکیتریشەوە كۆنزەڤاتیڤ و بناژۆخوازی، کۆماریخوازی، لیبراڵ دیمۆکراسی و دیمۆكراتە مەسیحییەکان، نیۆلیبڕاڵ و راستڕەڕوی پەڕگیر (ناسیونالیزم، پۆپۆلیزمی راست، رەگەزپەرستی و پەنابەربێزی هتد) وەكوو راستڕەو دەناسرێنەوە.
دابەشكاری لیبڕاڵی بۆ لیبڕالی كۆمەڵایەتی وەك ڕه‌وتى چەپ، لەكاتێكدا لیبرالی كلاسیكی یاخود لیبرالی ئابووری وه‌ك ڕه‌وتى ڕاست، لەگەڵ بوونی رەوتێكی ناوەڕاست کە سوسیال دیمۆکرات و دیمۆکراتەکان و ریفۆرمیستەکان و هتد، دەگرێتەوه. له فه‌لسه‌فه‌ى سياسيدا چەمکی ناوەندگیری (Centrism) تێرمێكی سیاسییە دەلالەت لەو ڕەوتە سیاسییانە دەكات كە دەبنە هاوسەنگ لە نێوان دوو ئایدیای جیاوازدا، وەكو لیبرالی و میانەڕەوی (Moderation theory) ياخود چه‌پ و ڕاست.
به‌و مانايه‌ى، ناوەراستبوون لە سیاسەتدا تێروانینێکە یان هەڵوێستێکه تیایدا پشتگیری لەهاوسەنگی ئاستێک لەیەکسانی کۆمەڵایەتی دەکات. لە ساڵەکانی 1980 بەملاوە پۆلێن‌کردنی سیاسەتکردن لەجیهاندا مەیلێکی نوێ تیایدا سەریهەڵدا ئەویش سیاسەتی ناوەراستبوونCentrist، گەرچی هەر لەسەرەتای سیاسەتکردنی مۆدێرنەوە ئەم کەرتبوونی سیاسییە لە ئارادا بووە. لەسیاسەتدا ناوەراستەکان ئەوانەن کەزیاتر مەیلیان بۆ ئەوەیە بەدووربن لە توندڕەویی و هەڵوێستیان نێوەندگیرە، هەوڵ دەدەن لەنێوان راستڕەو و چەپڕەوەکان هاوسه‌نگى و زەمینەیەک دروست بکەن بۆ کارى سياسى. نموونەی ئەم پارتانەی كە هەڵگری ئایدیا و شەبەنگی ناوەڕاستن لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و كەنەدا و چەندین وڵاتی تر پێگەی كاریگەر و ده‌سه‌ڵاتيان هەیە. بيرۆكه‌ى چه‌پ و ڕاست ئەگەرچی لە فەڕەنسا سەریهەڵدا، بەڵام لەسەدەی نۆزدە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە، بۆ نموونە پارتی كرێكارانى به‌ريتانيا له دەستەچەپه، لە كاتێكدا كۆنزەڤاتیڤەكان لە دەستەڕاستەوەن. لە ئەمریكا دیموكراتەكان لە دەستەچەپدان و كۆمارییەكان لەدەستەڕاست. بەرگریكردن لە نەریت، ئۆتۆریتە و دیسپلین، ئاسایش ، لیبرالیەتی ئابووری ئازاد و گرنگيدان به‌كەرتی تایبەت و ناسیۆنالیسم و شوناسی نەتەوەیی، لە سیما و تایبەتمەندییەكانی ڕەوتی راستڕەون. لە كاتێكدا بڕوابوون بە نوێگەری و گۆڕانی ئەرینی و دورخستنەوەی نەریت و كرانەوە، یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بايه‌خدان به‌كه‌رتى گشتى لە سیماكانی ڕەوتی چەپەكانە.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانى فه‌ڕه‌نسادا، چه‌مكه‌كانى چه‌پ و ڕاست و ناوه‌ڕاست بايه‌خێكى زۆريان هه‌يه، به‌تايبه‌ت بۆ تێگه‌يشتن له ئايدۆلۆژيا و پرۆگرامى پارته سياسييه‌كان. هه‌ر بۆيه له ماوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌م باسه زۆرترين مشتومڕى سياسى به‌خۆيه‌وه ده‌بينێت به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له وڵاتانى ديكه. ڕه‌نگه هۆكارى ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه تێگه و مه‌فهومى ئه‌م چه‌مكه بۆ فكرى فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕێته‌وه، به تايبه‌تى تێرمى چه‌پ له فه‌ڕه‌نسا چه‌كه‌ره‌ى كردووه كاتێك په‌رله‌مانى به‌ره‌ى گه‌ل (ئیمانۆیل جۆزیف Emmanuel Joseph له ساڵانى 1748-1836 ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ى دياريكرد. به گوێره‌ى سه‌رچاوه زانستييه‌كان، ڕيشه‌ى مێژوويى ئه‌م تێرمانه بۆ دواى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌شێوه‌يه‌ك دوو سەدە دەبێت، ژیان و گۆڕەپانی سیاسی فەڕەنسا دابەشبووە بۆ دوو ڕەوتی سەرەكی كە بریتین لە چەپ و ڕاست.
دوای شۆرشی فەرەنسی 1789، كاتێك بۆ مه‌به‌ستى سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی پادشا لويسى شانزه‌م (Louis XVI) ئەنجوومەنی نشتیمانی لە هۆڵێكی گەورەی باخچەی تویلەری Tuileries Garden كە شوێنێكی بەناوبانگە و دەكەوێتە نزیك كۆشكی لۆڤه‌ر و شەقامی شانزەلیزێ، كۆده‌بێته‌وه، ئەندامەكان لەبارەی سنووداركردنی دەسەڵاتەكانی پادشا ناكۆك ده‌بن. لە دانیشتنەكەدا، ئامادبووان ده‌بن بە دوو ڕەوت و گروپى جياواز، گروپێكیان لە دەستە چەپدا ده‌ده‌نيشن و گروپێكی تر لە دەستە ڕاستدا، ئەوانەی لە دەستە چەپدابوون داوای كەمكردنەوەو سنووداركردنی دەسەڵاتەكانی پادشا و دوورخستنه‌وه‌ى ئاينيان له ده‌وڵه‌ت دەكرد، ئەوانەی دەستە ڕاست كە ئەرستۆكرات و پیاوانی ئاینی و كۆنزه‌ڤاتيڤه‌كان بوون پشتگیری پادشایەتی و کاسۆلیک بوون. دواتر بۆچوونەكان خرانە دەنگدان، چەپەكان زۆرینەی دەنگیان هێنا كە 673 دەنگ بوو، لە كاتێكدا ڕاستڕەوەكان 325 دەنگیان بەدەستهێنا. لەناوەراستیش کۆماریخوازەکان بوون کە میانڕەوبوون هەر چەندە لەگەڵ نه‌مانى رژێمی پادشایەتی بوون. ئێستا چەمكەكانى راستڕەوە، موحافزكاران، لیبرالییەكان، لە چەپدا ئیشتراكییەت، كۆمۆنیست، سەوزەكان (گرین پارتی)، نموونه‌ى هه‌ره ديارى نێو كێبركێى سياسين. بۆ نموونە راسترەوەكان هاوكۆكن لەگەڵ ئازادی بازاری كار، لە كاتێكدا چەپەكان زیاتر بایەخ بە چینی كرێكار و دابینكردنی مافەكانیان دەده‌ن، جگە لە دەستەواژكانی راستڕەوی توندرەوی و ناوەراست، یاخود چەپی میللی و ڕەوتی ناوەڕاستی میانڕە (معتدل). لە ماوەی كۆماری پێنجەمەوە، سەرۆكەكانی فەڕەنسا یان راستڕەو یاخود چەپڕەو بوون، بۆ نموونه فرانسۆ میتراند و فرانسۆ ئۆلاند له ڕه‌وتى چەپ، جاك شیڕاك و نیكۆڵا سەركۆزی له ڕه‌وتى ڕاستڕه‌و، ئيمانوێل ماكرۆن له ڕه‌وتى ناوه‌ڕاست moderate. ئه‌گه‌رچى ئەم پۆلێنبەندییە رەها نیيە بەڵکوو بە گوێرەی وڵات و مێژووی وڵاتێک دەگۆڕێت. بۆ وێنە دەشێ لە وڵاتێک حیزبی ناوەڕاست بە پێی مێژوو بەلای ڕاستڕەویدا بڕوا یان بە لای چەپڕەویدا. یاخود لە مێژووی وڵاتێک‌دا بەرەی ناوەڕاست وەک بەرەی چەپ دەرکەوێ بۆ وڵاتێکی‌تر. بۆ وێنە برنی ساندرز لە ئامریکا وەک چەپ سەیر دەکرا کەچی لە هەندێک وڵاتی ئۆرووپایی وەک ناوەڕاست سەیر دەکرا. لەڕووی مێژوویییەوە، لە سەرەتاکانی مێژووی وڵاتێک‌دا _بو وێنە ئامریکا_ کۆماریخوازی و لیبڕاڵیزم بە چەپ ئەژمار دەکرا کەچی ئەمڕۆکە هەردووکیان بە ڕاستڕەوی دێنە ئەژمار.
ته‌وه‌رى پێنجه‌م: ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى فه‌ڕه‌نسا:
به‌هۆى هه‌ڵبژاردنى ڕاسته‌وخۆ و وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات و شه‌رعييه‌ت له‌لايه‌ن گه‌له‌وه، سه‌رۆك كۆمار له سيسته‌مى نيمچه سه‌رۆكايه‌تى فه‌ڕه‌نسادا خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى فراوان و كارايه، به پێچه‌وانه‌ى سه‌رۆك كۆمار له سيسته‌مى په‌رله‌مانيدا، كه پۆستێكى ته‌شريفاتى و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتى سنوورداره. به گوێره‌ى ده‌ستوورى فه‌ڕه‌نسى، سه‌رۆك خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى حه‌صرى و ده‌سه‌ڵاتى هاوبه‌شه، له گرنگترين ده‌سه‌ڵاته‌كانيش:
یەكەم: سەرۆكی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی دیپلۆماسیەته Chef des armées et Diplomatie (ماددەی 5 و 15).
دووه‌م: دامه‌زراندنى وەزیری یەكەم (سەرۆكی حكومەت) la nomination du Premier minister: سه‌رۆك كۆمار به سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن Chef de l'exécutif داده‌نرێت، هه‌روه‌ها بە گوێرەی بڕگەی (1)ی ماددەی (8)ی دەستوور، سەرۆكی كۆمار هەڵدەسێ بە دامەزراندنی وەزیری یەكەمبە گوێرەی دەستووری، دەسەڵاتی دامەزراندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و كۆتایهێنان و دوورخستنەوەی لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار دایە، هەروەها سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ده‌كات.
سێيه‌م: ده‌سه‌ڵاته‌كانى له بوارى ياساكارى و ڕيفراندۆم Législation et referendum: بەگوێرەی ماددەی (11)ی دەستوور، سەرۆك كۆماری فەرەنسا لەبارەی هەندێك بابەت دەسەڵاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتی هەیە سه‌باره‌ت به چه‌ند پرۆژه ياسا و رێكه‌وتنامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دياريكراو بەو مه‌رجانه‌ى كه له ده‌ستووردا هاتوون. هه‌روه‌ها به گويره‌ى
چواره‌م: مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی le droit de dissoudre l'Assemblée nationaledissoute به گوێره‌ى ماددەی (12)ى دەستوور.
پێنجه‌م: دەسەڵاتەكانی پەیوەندار بە ئەنجوومەنی دەستووری CONSEIL CONSTITUTIONNEL: بە گوێرەی ماددەی (56) سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی دامەزراندنی سێ ئه‌ندام لە كۆى ئه‌و (9) ئەندامەی ئەنجوومەنی دەستووری هەیە (la nomination de trois des membres, et du président du Conseil constitutionnel)، هەروەها هەڵدەستی بە دامەزراندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی دەستووری لەنێوان ئەندامەكاندا.
شه‌شه‌م: جێبه‌جێكردن و پەنابردنە بەر دەسەڵاتی نائاسایی la mise en oeuvre des pouvoirs exceptionnels de l'article: سەرۆكی كۆمار دەسەڵاتی فراوانی هەیە بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و بارودۆخه نائاسايى و كتوپه‌ڕه‌ى كه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر وڵات، بە گوێرەی ماددەی (16)ی دەستوور.
حه‌وته‌م: ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانى نيوان سه‌رۆك كۆمار و وه‌زيرى يه‌كه‌م ياخود وه‌زيرى يه‌كه‌م: ئەم دەسەڵاتانە سەرۆكی كۆمار بە تەنها ناتوانێ پێی هەڵسێ، بەڵكو پێویستە لەتەك واژووی سەرۆك كۆمار، واژووی وەزیری یەكەم یاخود وەزیری تایبەتمەند هەبێت.
1- مافی لێبووردن له حوكمدراوان.
2- مافی داواكردنی كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان.
3- دامەزراندن و لادانی وەزیرەكان.
4- بەشداریكردن لە دامەزراندنی گەورە فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و دیپلۆماتكارەكان‌و راوێژكاران‌و نوێنەرەكان لە وڵاتانی بیانی.
ته‌وه‌رى شه‌شه‌م: ڕه‌وتى چەپ و خه‌ونى كۆمارى شه‌شه‌م
بیرۆكە و چەمكی كۆماری شەشەم (Sixième République)، بیرۆكەیەكە لەلایەن پارتە چەپەكانی فەڕەنساوە وەك كارتێكی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێت، مەبەست لە كۆماری شەشەم بریتییە لە پێداچوونەوەو هەمواركردنەوەی دەستووری فەرەنسی كۆماری پێنجەم كە ئێستا كاری پێدەكرێت. بە گوێرەی تێگەیشتنی ڕەوتی چەپ و بەشێك لە توێژەران، سیستەمی سیاسی فەڕەنسا سیستەمێكی مۆناركی تاكەكەسییە و سەرۆك كۆمار وەك دیكتاتۆرییەتی دەستووری مومارەسەی دەسەڵاتەكان دەكات، چونكە بەهۆی فراوانی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی، پێگە و كاریگەری پۆست و دەسەڵاتەكانی تری كەمكردۆتەوە، بە جۆرێك كاتێك وێنای فەڕەنسا دەكرێت، ڕاستەخۆ سەرۆكی كۆمار وەك بكەری یەكەم دێتە به‌رچاو، هۆكارى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕيننه‌وه بۆ ساتى دانانى ده‌ستوورى فه‌ڕه‌نسى له ساڵى 1958 و سه‌رده‌مى جه‌نراڵ (شارڵ ديگۆل) كه بارودۆخى سياسى ئه‌وكات ڕه‌نگيداوه‌ته‌وه له داڕشتنى ده‌قه‌كانى ده‌ستووردا. به‌ڵام زۆرینەی توێژەران ئەم بۆچوونانە ڕەتدەكەنەوەو سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی كە خۆی لە سەرۆكێكی بەهێزدا ببینێتەوە، بە تایبەتمەندی وڵاتە بەهێزو كاریگەرەكان وێناى دەكەن.
دوای هەڵبژاردنی ڤالێری جیسكارد (Valéry Giscard) بۆ سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى فه‌ڕه‌نسا له ساڵى 1974 تاوه‌كو 1981 ، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی (میشێل كۆتا Michèle Cotta) لە ساڵی 1974 كتێبێكی دەربارەی كۆماری شەشەم نووسی كه تايبه‌ت بوو به گۆڕانكارى له‌سه‌ر ئاستى دامه‌زراوه‌ى ده‌ستوورى، دواتر چەندین كاندید پێشنیاری هەموار و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی فەرەنسایان خستەڕوو. بە گشتی ڕەوتی چەپی فەڕەنسا پشتگیری لە بیرۆكەی كۆماری شەشەم دەكەن، لەوانە (Arnaud Montebourg) پارێزەر و ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانان لە پارتی سۆشيالست، هەروەها (Benoît Hamon) كاندیدی سۆشياليست پارتى بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 و هه‌روه‌ها ژان لوك میلانشۆن كاندیدی پارتی چەپ و بەرەی میللی كە پارتێكی چەپی ڕادیكالە بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2022.
به درێژاى مێژووى سياسى فه‌ڕه‌نسا، چه‌په‌كان ڕۆڵ و كاريگه‌رى به‌رچاويان هه‌بووه له شۆڕش و ڕاپه‌ڕينه‌كانى فه‌ڕه‌نسى، به گويره‌ى سه‌رچاوه‌كان، بیری سۆسیالستی لە هەموو وڵاتانی دیكە زیاتر به‌رهه‌مى فەرەنسایە، به نموونه شۆرشی فەرەنسا و راپەڕینەكانی 1830 و 1848 و كۆمۆنەی پاریس لە 18ی ئازاری 1871 و شۆرشی قوتابیان لە ساڵی 1968 هه‌روه‌ها دامه‌زراندنى پارتی كرێكارانی سۆسیالستی فەرەنسی له ساڵى 1879 و دواتر دامه‌زراندنى یەكەم پارتی ماركسی بەناوی پارتی كرێكارانی فەرەنسا له ساڵى 1880. لەڕووی گرتنە دەستی دەسەڵاتيشه‌وه، پارتی سۆسالیستی فەڕەنسی (Parti socialiste) كە پارتێكی چەپی ناوەڕاستە، یەكێكە لە پارتە دیارەكانی كۆماری پێنجەم، لە ساڵی 1981 بۆ يه‌كه‌مين جار توانيان بگەنە دەسەڵات كاتێك لەسەردەمی فڕانسۆ میتراند (François Mitterrand) پۆستی سەرۆكی كۆمار و زۆرینەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیان بردەوە و جارێكی تر فرانسۆ ئۆلاند (François Hollande) سەرۆكی پارتی سۆسیالیست لە هەڵبژارنی سەرۆكایەتی بۆ ساڵی 2012 توانی وەك حەوتەمین سەرۆك له‌ماوه‌ى كۆماری پێنجەمدا تاوه‌كو ساڵى 2017 ناوى خۆى له مێژووى سه‌رۆكايه‌تى كۆماردا تۆمار بكات.
به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، تارمايى چه‌په‌كان و خه‌ونى كۆمارى شه‌شه‌م له كزبوونه‌وه‌دايه و ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى تاكه كانديدێكيشيان ئه‌گه‌رێكى نه‌زۆكه، ئه‌مه‌ش به‌هۆى دابه‌شبوونى پارته چه‌په‌كان بۆ چه‌ندين پارتى جياجيا و رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كانديدێكى به‌هيز بۆ ڕكابه‌رى ڕه‌وتى ناوه‌ڕاستى ماكڕۆن و كۆمارييه‌كان و ڕاستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان. به گويره‌ى ڕاپرسييه‌كان، جگه له ميلانشۆ كه له پله‌ى سيهه‌مدايه، كانديده‌كانى تر هيچ چانسێكى ده‌رچوونيان نييه بۆ خولى دووه‌م، ئه‌مه‌ش به‌هۆى په‌رتبوون و كووتله‌كارى و باڵباڵێنى ناوه‌خۆيى پارتی سۆشیاڵ دیموكراتی فەڕەنسی به‌تايبه‌تى دواى ته‌واوبوونى ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تى (فرانسوا ئۆڵاند)، ئاسۆ و تارمايى پارته چه‌په‌كان له ئاسمانى ئيلێزێوه به‌ره‌و چاره‌نووسێكى ناديار و بێ ئه‌نجام ده‌چێت.
ژێده‌ره‌كان:
1- Prof. Dr. Jean MARCOU: The French President and the Semi-Presidential System (« France: State, Institutions and Society »), The Grenoble Institute of Political Studies, JANUARY 2022.
2- Thomas Sedelius, Jenny Åberg: Semi-Presidential Systems, oxford bibliographies, 2019.
3- Maurice Duverger: a new political system model: semi-presidential government, European journal of political research 8 (1980).
4- Jérémie Caillet: Les 500 parrainages à la présidentielle : un processus de présélection des candidats aujourd’hui contesté, www.franceculture.fr/politique, 30/01/2022.
5- Les parrainages validés par candidat: https://presidentielle2022.conseil-constitutionnel.fr/les-parrainages/parrainages-valides-par-candidat.html.
6- French presidential election coverage on France 24: https://graphics.france24.com/france-2022-presidential-elections-french-politics.
7- FRANCE CONSTITUTION OF OCTOBER 4, 1958: https://www.conseil-constitutionnel.fr/sites/default/files/as/root/bank_mm/anglais/constiution_anglais_oct2009.pdf.