جۆنسن: رووداوهكانی بوچا و ئێرپین بۆ ههمیشه ناوبانگی پوتن و حكومهتهكهی ناشیرین كرد
K24- ههولێر:
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گوتی: ئەوەی لە بوچا و ئێرپین روویدا، بۆ هەتا هەتایە ناوبانگی پوتن و حکومەتەکەی ناشیرین کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبهشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کیێڤ، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: هاوکاری سەربازی، مرۆیی و ئابووری ئۆکرانیا دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە كه پوتن لەم شەڕەدا شکست دەهێنێت و جارێکی دیکەش هیچ وڵاتێك نەتوانێت هەڕەشە لە سەروەری ئۆکرانیا بکات.
جۆنسن جهختیكردهوه، "چەند هەفتەیەك لەمەوبەر من لێرە بووم، لە کیێڤ لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا.. زانیارییە هەواڵگرییەکانمان ئاماژەیان بەوە دەکرد، رووسیا لە چەند رۆژێکدا ئۆکرانیا داگیر دەکات و کیێڤ لە چەند کاتژمێرێکدا چۆکدادەدات. بەڵام ئازایەتی ئۆکرانییەکان، کە شێرانە بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کرد و سەرکردایەتی تۆش بەرێز ڤۆلۆدیمێر سەلماندی كه زانیارییە هەواڵگرییەکانمان هەڵە بوون".
سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا دووپاتیكردهوه، "ئەوەی پوتن لە بوچا و ئێرپین ئەنجامیدا، تاوانی جەنگە و بۆ هەمیشە ناوبانگی پوتن و حکومەتەکەشی ناشیرین کرد. ئێستا رووسیا پاشەکشە دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی تاکتیکی و دەیەوێت گوشارەکانی لەسەر دۆنباس زیاتر بکات".
جۆنسن گوتی: "ئەم شەڕە داهاتووی ئۆکرانیای دیاریکرد، هەموو کارێك دەکەین لەڕووی ئابووری، بازرگانی و سەربازییەوە هاوکارییان دەکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئۆکرانیا نەکەوێتەوە بەر هەڕەشە. لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، پوتن لە ئۆکرانیا شکست بهێنێت".
H.B