قاسم ئه‌عره‌جی: كەمپی هۆل مەترسییەكی جیددیە

"توانیومانە 45 خێزانی عێراقی نێو كەمپەكە بگوازینەوە عێراق"
قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 - هەولێر

قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگه‌یاند، ئێستا نزیكەی 12 هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ كەمپی هۆل ھەن، كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده ‌دایه‌. ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا توانیویانە 450 خێزانی داعش بگەڕێننەوە عێراق، داواش دەكات منداڵان لە کەمپەکە بگوازرێنەوە.

ئه‌عره‌جی، گوتی: "كەمپی ھۆل زیاتر لە 70 ھەزار كەس لە چەكداری داعش و كەسوكارییانی تێدایە، زۆربەیان خەڵكی سووریا و عێراقن، پێویستە ھەرچی زووە دابخرێت، چونكە ھۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری توندوتیژی".

گوتیشی: "پێویستە ئەو منداڵانەی لەوێن بگوازرێنەوە شوێنی تایبەت و لەو دۆخە رزگاریان بێت. زیاتر لە 12 ھەزار چەكداری داعش لەو كەمپە مەترسییەكی جیددیە کە چەكدارانی دیكەی داعش ھەوڵ بۆ رزگاركردنیان بدەن".

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کرد: "تاوەكو ئێستا توانیومانە 45 خێزانی عێراقی نێو كەمپەكە بگوازینەوە عێراق و لە شوێنێكی تایبەت نیشتەجێ بكرێن. ئامانجی حكومەتی عێراق لە ھێنانەوەی ئەو خێزانانە، بۆ ئەوەیە لە رووی دەروونییەوە چارەسەربكرێن و بتوانن بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە".