ئێرانییەك لهگهڵ هاوڕێکەی ناسنامەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمهریکایان ساختەکردوە

K24 - واشنتن:
پشکێنەرانی تایبەتی پۆلیسی فیدراڵی ئهمهریكا ئاشکرایان کرد، ئارین تاهیرزادە (تەمەن 45 ساڵ)، خەڵکی ئێران و هاووڵاتی ئەمهریکی، لەگەڵ هاوڕێیهكی پاکسانی (تەمەن 35 ساڵ) بە ناوی "حەیدەر عەلی"، ناسنامەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمهریکایان ساختەکردوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ''ئێف بی ئای'' ئەو دوو کەسە دزەیان کردووهتە نێو هێزەکانی ئاسایشی وڵات. ئەوان لە مانگی شوبات/ فێبرایهری ساڵی 2020، خۆیان وەکو پۆلیسی فیدراڵ ناساندوە و ئەفسەرانی راستەقینەی ئهمهریكایان فریوداوە.
ئەو بەڵگە و کەلوپەلانەی پشکێنەرانی تایبەت لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەستیان کەوتووە، دەریدەخات تۆمهتباران، گوللـە، چەکی سووک، دەسبەند و تەنانەت فڕۆکەیەکی بێ فڕۆكهوانیان لەبەردەستدا بووە.

لە ناو بەڵگەکاندا دەرکەوتووە، حیدەر عەلی چەند پاسپۆرتێكی بۆ گهشتكردن هەبووە، کە 2 ڤیزای ئێران بەسەر بەڵگەنامەکانهوه ههبووه. جگه لهوهش 3 ڤیزای کۆنی پاکسانی پێوەیە. هەروەها لە نێوان ساڵەکانی 2019 تا 2020، گهشتی بۆ ئێران کردووە.
بە پێی قسە و بەڵگەی كارمهندانی دادگا، ئەو دوو کەسە بە ساختەکردنی ناسنامەی پۆلیسی فیدراڵ، هەوڵیان داوە لە رێگهی بەرتیلدان و دیاری گرانبەها، خۆیان لە پۆلیسەکانی دەوڵەتی فیدراڵ نزیک بکەنەوە، تا لەم رێگهوە دزەبکەنە نێو هێزە شاراوەکان، تا خۆیان گەیاندووهتە پارێزەرانی خانمی یەکەمی ئەمهریکا.

ئەم دوو کەسە خۆیان بە پۆلیسی هەڵمەتی تایبەت سەر بە وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ ناساندووە، کە گوایا لە بارەی هێرش بۆسەر کۆنگرەی ئەمهریکا لێکۆڵینەوە دەکەن. یەکێک لەو کەسانەی کە تاهیرزاده و هاوڕێکەی خۆیان لێی نزیک کردووهتەوە، پارێزەرێکی تایبەتی خانمی یەکەمی ئەمهریکایە، دوای نزیكبوونهوهی ئەو دوو کەسە، پارێزەرە تایبەتییەکەی خانمی یەکەم و 3 هاوکاری دیکەی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، چونکە بە گوێرەی بەڵگەکان ئەو دوو تۆمهتبارە بە هەزاران دۆلاریان بۆ ئەو چوارکەسە خەرج کردووە. لەو نێوەدا، ئاپارتمانێک کە کرێکەی ساڵانە 40 هەزار دۆلار بووە بە خۆڕایی داویانەتە یەکێک لە پارێزەرانی تایبەتی خانمی یەکەمی وڵات، هاوکات بۆ سێ کەسەکەی دیکەش کەلووپەلی دیکەی گرانبەهایان کڕیوە.
لە مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتداری دۆناڵد ترەمپ، ئەو دوو کەسە چەند ژووریان لە باڵهخانهیهكی پێشکەوتوو و گرانبههای واشنتن بەکرێگرتووە. تۆمهتباران بە دانیشتووانی ئەو شوێنەیان گوتوە، کە ''پۆلیسی تایبەتن'' و لە بارەی هێرش بۆسەر کۆنگرێس و ئهو تاقمە تاوانبارانەی لەو هێرشە تێوەگلاون، لێکۆڵینەوە دەکەن. ئەو دوو کەسە چەند ژووریان لەو باڵهخانهیه هەبووە و هەموو یاڵهخانهكهیان بە کامێرای چاوەدێری کۆنترۆڵ کردووە.

تاهیر و حیدەر، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاری واشنتن دەسبەسەرکراون و لە کاتی پشکنینی شوێنی مانەوەیان، جیا لە چەك و کەلوپەلی سیخوڕی، هەروەها رێکاری راهێنان و چاوەدێریان لێگیراوە.
ئێستا لێکۆڵەرانی پۆلیسی فیدراڵ شێلگیرانە کار لەسەر ئەوە دەکەن، تا بە تەواوەتی بۆیان روونبێتەوە، ئاخۆ ئەم دوو کەسە پهیوەندییەکان بە وەزارەتی زانیاری ئێران و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەیە، کە ئەرکی ئەو فەیلەقە چالاکی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە؟
.jpg)