کۆریای باکوور بۆ بایدن: پیاوێکی لاوازە

"ئەمەریکا داهاتوویەکی رەشی دەبێت"
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

کۆریای باکوور هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمەریکا و بە پیاوێکی لاواز وەسفی دەکات و دەڵێت "بەدەست زۆری تەمەنیەوە دەناڵێنێت"، بەهۆی ئەوەی لە جەنگی ئۆکرانیادا هاوتا رووسیەکەی، ڤلادیمیر پوتن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات.

جۆو بایدن چەند جارێک رووسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، پوتن "نابێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە". لەم دواییانەشدا داوای دادگایکردنی پوتنی کرد لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیەی لە "بوچا"ـی ئۆکرانیا روویدا.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بەمجۆرە باسی لە جۆو بایدن کرد، "دوایین چیرۆک دەربارەی سەرۆکی ئەمەریکایە کە لەسەر بنەمای زانیاری بێ بنەما قسەی خراپی لەبارەی سەرۆکی رووسیاوە کردووە."

گوتیشی: " ئەم جۆرە لێدوانە بێباکانە تەنیا لە لایەن نەوەکانی یانکیزەوە دەکرێت، کە لە شەڕانگێزی و پیلانگێڕانیدا لێهاتوون."

ئاژانسەکە بەبێ ئەوەی ناوی جۆو بایدن بهێنێت ئاماژەی بەوەدا "ئەو سەرۆکەی ناسراوە بە هەڵەکردن لەکاتی قسەکردندا."

ئاژانسەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا گوتی: "وادیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داهاتوویەکی رەشی دەبێت بە بوونی پیاوێکی لاواز لەسەر کورسی دەسەڵات."

ناوەندەکانی میدیا لە کۆریای باکوور مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لەگەڵ هێرشەکردنە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتانی بیانی، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکی.

میدیاکانی کۆریای باکوور لەپێشووتردا دۆناڵد ترەمپیان بە "ئەمەریکیەکی شێت" وەسف دەکرد و دەستەواژەی جیاکاری رەگەزییان بەرامبەر بە باراک ئۆباما بەکاردەهێنا و بە "جۆرج دەبلیو بۆش"ـیان دەگووت "پیاوی گەمژە".

سەرچاوە: AFP