ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكیمان ناسی.. با خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیاش بناسین
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له ده‌رچووی ئه‌ندازیاری ته‌لارسازییه‌وه بوو به نووسه‌رێكی كۆمیدی، ئه‌وه‌تا له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا بوو به ئه‌ستێره‌ی به‌رگی گۆڤاری (فۆگ)، ئه‌و كه‌سه‌ش ناوی ئۆلینا زێلێنسكی، خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیایه كه هه‌میشه دژی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی مێردی بووه كه سیاسییه، به‌ڵام ئێستا به‌ڵێنی به‌خۆیداوه به‌بێ "گریان و گازه‌نده" شانبه‌شانی سه‌رۆكی ئۆكرانیا بوه‌ستێت و ئۆكرانیا جێنه‌هێڵێت.
ئۆلینا (خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا) دژی ئه‌وه بوو، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكیی مێردی ببێت به سه‌رۆك، "به ته‌واوی دژی ئه‌و پرۆژه‌یه بووم" ئه‌و وه‌های وت، به‌ڵام سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه پاڵپشتی سه‌رسه‌ختی مێرده‌كه‌یه‌تی و له‌گه‌ڵی ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه، كه به‌هۆی هێرشی داگیركاری رووسیاوه وڵاته‌كه‌ی جێهێڵێت، ئه‌و ده‌ڵێت: "كاتێك بڕیاریدا خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی به‌ربژێر بكات، به‌شداری كه‌مپینی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یم كرد، ئێستا شانبه‌شانی له‌ناو كێڤ ماوینه‌ته‌وه".
ئۆلینا (44 ساڵ) له‌گه‌ڵ مێرده هاوته‌مه‌نه‌كه‌ی، رسكی به ژیانی خۆیه‌وه كردووه و له‌گه‌ڵ ئۆلكساندرا كچه ته‌مه‌ن 17 ساڵییه‌كه‌ی و كیریلۆ، كوڕه ته‌مه‌ن 9 ساڵیه‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه و پێی گوتوون: "ده‌بێت دواهه‌مین كه‌س بین ئۆكرانیا جێهێڵین".
ئۆلینا له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می هێرشی سه‌ر ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه، له ئینستاگرام نووسی: "هه‌ست به ترس و گریان ناكه‌م، ئارامم و باوه‌ڕم به‌خۆمه"، "منداڵه‌كانم چاو له من ده‌كه‌ن، شانبه‌شانیان وه‌ستاوم، له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ منن".
ئۆلینا له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری فۆگ، له‌ژێر ناونیشانی (ژیانی له‌ژێر گه‌مارۆدایه) داوا له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، هاوكاری زیاتری گه‌لی ئۆكرانیا بكه‌ن.
له‌هه‌مانكاتدا ره‌خنه له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێت، كه به‌شێكن له هاوپه‌یمانی ناتۆ، به‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێكیان نه‌داوه بۆ پارێزگاریكردن له خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی ئۆكرانیا له ده‌ست فرۆكه‌كانی رووسیا، ئه‌و به گۆڤاری فۆگ ده‌ڵێت: "له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كان و گه‌مارۆی رووسیا له‌سه‌ر شاری ماریۆپۆڵ، روون و ئاشكرابوو، كه رووسیا جگه له هێرشی مووشه‌كی، به فرۆكه‌ش له ئاسمانه‌وه بۆردومانی ده‌كرد، نه‌یانتوانی به سه‌پاندنی ناوچه‌ی دژه فڕین ئاسمانی ئۆكرانیا به رووی فرۆكه‌كانی رووسیادا دابخه‌ن".
ده‌گێڕێته‌وه، له رۆژانی یه‌كه‌می شه‌ڕدا چوونه‌ته ژێر زه‌مینێكه‌وه نزیكه‌ی 1000 كه‌سی تێدا بووه، پاش چه‌ند كاتژمێرێك مانه‌وه له ژێرزه‌مینه‌كه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه، مووشه‌كێك ئاراسته‌ی ناوچه‌كه كراوه، بووه‌ته هۆی كوژرانی ده‌یان كه‌س، وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ژنێك و كوڕێك و منداڵی كوڕه‌كه‌ی كوژران، بۆیه ده‌ڵێت: "ئه‌م دیمه‌نه هانیدام ده‌بێت وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه لێره بمرم".
وێڕای ئه‌و ژیانه شاهانه‌ی كه پێشتر هه‌یبوو، كه‌م كه‌س هه‌یه ئۆلینا زێلێنسكیی ناسیبێت، له مانگی ئایاری ساڵی 1978 له ژنێك به‌ناوی ئۆلها كیاسكۆ له شاری كریفی رییه له‌دایكبووه، كه شارێكه به رووسی قسه‌ده‌كه‌ن و نزیك ناوه‌ڕاستی ئۆكرانیایه.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی له هه‌مان ساڵ و له هه‌مان شار له‌دایكبووه، له هه‌مان قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی پێكه‌وه خوێندویانه و له هه‌مان قوتایخانه‌ی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی خوێندویانه و تا له زانكۆی كریفی رییه-ی نیشتمانی پێكه‌وه ده‌بن، به‌ڵام له‌دوو بواری جیاوازدا، ئۆلینا خوێندكاری ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی و ڤۆلۆدیمێر له به‌شی یاسا.
وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیاریی ته‌لارسازی ته‌واو ده‌كات، به‌ڵام نووسه‌رێكی چیرۆكی كۆمیدیشه، ڤۆلۆدیمیریش ماوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كۆمێدی كاری كردووه، بۆیه زیاتر یه‌كتر ده‌ناسن و ئاشنای یه‌كتر ده‌بن، تا ساڵی 2003 بڕیاری هاوسه‌رگیری ده‌ده‌ن.
پاش ساڵێك له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری، یه‌كه‌م منداڵیان ده‌بێت، ساڵی 2013 ش دووهه‌مین منداڵیان له‌دایك ده‌بێت.
كاتێك ساڵی 2018، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی بڕیارده‌دات خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئۆكرانیا به‌بژێر بكات، له‌لایه‌ن رێكخراوێكه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت، كه ئه‌وكات ئۆكرانیا له دۆخێكی خراپی گه‌نده‌ڵیدا بوو، ئه‌و به‌ڵێنیدا دژی گه‌نده‌ڵی بوه‌ستێته‌وه و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی دوای ده‌ستبه‌كاربوونیشی كاری گه‌وره‌ی دژی گه‌نده‌ڵی كرد.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی كاتێك به‌ناوبانگ ده‌بێت، كه ماوه‌ی 3 ساڵ له‌ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌وه (2015-2018) گاڵته‌جاری به سیاسییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، كه نقومی گه‌نده‌ڵی ببوون، بۆیه كاتێكیش بڕیار ده‌دات خۆی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكات، ئۆلینا به‌ته‌واوی دژی وه‌ستایه‌وه، ئه‌وكات له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ده‌ڵێت: "به روون و ئاشكرا دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ڤۆلۆدیمێرم، ئێمه ده‌مانویست ژیانێكی دیكه هه‌ڵبژێرین".
به‌ڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی توانی له هه‌ڵبژاردن 73%ی ده‌نگه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بباته‌وه و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه له‌دوای بوون به‌سه‌رۆكی ڤۆلۆدیمێر، ئۆلینا بڕیارده‌دات كه ئیتر ئه‌و وه‌ك خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا ده‌بێت هه‌وڵی بۆ سه‌ركه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی هه‌بێت، یه‌كه‌م كاریشی له ریفۆرمی په‌روه‌رده‌دا بوو، سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌شی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش گۆڕینی ژه‌مه خۆراكی ته‌واوی قوتابی قوتابخانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری وڵات بوو، كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی بووه گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت له بواری په‌روه‌رده.
یه‌كێكی تر له‌و كارانه‌ی كردی، چه‌ندین سه‌نته‌ری خۆڕایی كرده‌وه بۆ فێربوونی (زمانی جه‌سته) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی قسه‌كردن و بیستنیان هه‌بوو، به‌مه‌ش ئۆكرانیا چووه لووتكه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئێستا رۆژانه له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆی وڵاته‌كه‌یه‌وه په‌یامی خۆڕاگری هه‌یه و به‌رده‌وام هانی خه‌ڵكی ئۆكرانیا ده‌دات، كه ئه‌م ناخۆشییه كاتییه و كۆتایی دێت و رۆژێك دێت باس له پاڵه‌وانێتی خه‌ڵكی ئۆكرانیا و خۆڕاگرییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
H.B