سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك – گه‌رمیانی پارتی: ئێستا هێزی نامۆ حوكمڕانی كه‌ركووك ده‌كه‌ن

خیانەتکارانی (16)ی ئوکتۆبەری ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی و میلیشیای حەشد و بیر شۆڤینییەکانی ناو عێراق، لە خیانەتی (16ی ئۆکتۆبەری 2017) جارێکی دیکە داگیرکرایەوە
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان لە نۆزده‌یەمین ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووکدا له‌ ساڵی 2002، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بە داخەوە بە پیلان و ھاوکاریی ھێزی دەرەکی و خیانەتکارانی (16)ی ئوکتۆبەری ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی و میلیشیای حەشد و بیر شۆڤینییەکانی ناو عێراق، لە خیانەتی (16ی ئۆکتۆبەری 2017) ئەم شارە بریندارە رزگارکراوە، جارێکی دیکە داگیرکرایەوە و ئێستا هێزی نامۆ حوکمڕانیی ئەم شارە دەکەن، کە درێژەپێدەری هەمان عەقڵیەتی بەعسن لە تەعریبکردن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ئەم شارە دێرینەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

لە نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە ( 10ی نیسانی 2003) هاوکات لەگەڵ یەك ڕۆژ پێش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس، له‌م یاده‌دا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بنەماڵەی سه‌ربه‌رزی شەھیدان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەری ستەمدیدە و خۆڕاگری کەرکووک و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی و گەرمیان و مەخمور و گشت کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەکەین و، ‌سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرکردەی نەتەوەییمان (بارزانیی نه‌مر) دادەنەوێنین و سڵاو لە ڕوحی پاکی ئەو سەرکردە نەمرە دەکەین کە کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناونا.

لە (10ی نیسانی 2003) لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ پێش نۆزدە ساڵ شاری کەرکووکی دڵی کوردستان بۆ دووەمین جار لە مێژووی پڕ خەبات و سەروەریی گەلەکەمان، کەرکووک وەك سومبولێکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئازاد کرا، کە پێش ئەو کاتە ھاوپەیمانان بە پشتیوانی و ھاوکاریی پێشمەرگە نەبەزەکان لە ھەوڵی ڕزگارکردنی پارێزگای کەرکووک بوون و پلان داندرابوو کە لە (15ی نیسانی 2003) کەرکووک ڕزگار بکرێت. بە ھیمەتی ڕێکخستنە نھێنییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت ڕێکخستنەکان و جەماوەر و پێشمەرگەکانی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان و ھێزی لەبننەھاتووی گەلی دڵسۆز و خوێنگەرمی شاری کەرکووک، کەرکوك و گشت قەزا و ناحیەکانی سەر بە کەرکووکی دڵی کوردستان، لە (10ی نیسانی 2003) لە دەستی حوکمڕانیی دیکتاتۆریەتی عێراق ڕزگار کرا.

ھەر بۆیە دەڵێین کەرکووک بە دەستی کەرکووکییە ڕەسەنەکان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ ھاوکاریی ڕاستەوخۆی ھیچ ھێزێکی دەرەکی ڕزگار کرا.

لە شۆڕش و ڕاپەرینەکان و قوربانیدانی خەڵکی سەربەرزی کوردستان هەر لە دەسپێکەوە بۆ ڕزگارکردنی تەواوی خاکی کوردستان لە دەستی داگیرکەران لە دروشم و ئامانجەکانی وەکو پرنسیپ و هزری نەتەوەیی بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕوحیی نەتەوەی کورد (بارزانیی نەمر) ھەمیشە بۆ وەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کەرکووک وەك خاڵێکی یەکلاکەرەوە دانراوه‌ لە شۆڕش و گفتوگۆکان لەگەڵ ڕژێمە یەك لەدوای یەکەکانی عێراق، هیچ کاتێک سازشی لە سەر نەدەکرد و پارتیمانیش لە سەر ھەمان ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بەردەوام دەبێت و ھیچ کات سازش لە سەر بستێک خاكی کەرکووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان و گشت کوردستان ناکەین.

بە داخەوە بە پیلان و ھاوکاریی ھێزی دەرەکی و خیانەتکارانی (16)ی ئوکتۆبەری ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی و میلیشیای حەشد و بیر شۆڤینییەکانی ناو عێراق، لە خیانەتی (16ی ئۆکتۆبەری 2017) ئەم شارە بریندارە ڕزگارکراوە، جارێکی دیکە داگیرکرایەوە و ئێستا هێزی نامۆ حوکمڕانیی ئەم شارە دەکەن، کە درێژەپێدەری هەمان عەقلیەتی بەعسن لە تەعریبکردن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ئەم شارە دێرینەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری سەربەرزی کەرکووک و گشت کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەپێناو نەهێشتنی ئەو داگیرکاری و تاوانانەی دەرهەق بە گەل و خاك و سامان و ئازادی ئەم شارە دەکرێت هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر و، لەپێناو گەڕانەوەی شکۆو سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک هەموو هەوڵێك دەدەین.

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و، گشت شەھیدانی ئەنفاڵ و سه‌روه‌ریان (بارزانیی نه‌مر) و ، كاك ئدریسی هه‌میشه‌ زیندوو)

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان کە هەمیشە قەڵغان و بەرگریکار و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی کوردستانن

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان

10ی نیسانی 2022