چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ سه‌در ده‌كات

لیژنەیەکی پێنج قۆڵیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی سەردانی موقتەدا سەدر بکەن
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ موقتەدا سەدر
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ موقتەدا سەدر

K24 - هەولێر

هەرچەندە موقتەدا سەدر 40  رۆژ مۆڵەتی داوە بە تەواوی کوتلەکانی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت، بەڵام جارێکی دیکە لایه‌نه‌كانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوایین کۆبوونەوە کۆمەڵێک دەستپێشخەری نوێیان ئامادە کرد و لیژنەیەکی پێنج قۆڵیان پێکهێناوە، تاکو روو لە حەنانە بکەنەوە بۆ رازیکردنی موقتەدا سەدر بە داواکارییە تازەکانیان.

محه‌مه‌د کەحلاوی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند: "چوارچێوەی هەماهەنگی جوڵە و دەستپێشخەریەکی نوێی هەیە، چەند کوتلەیەکی تریش پێشنیازیان هەیە، کە دەیانەێت نزیک ببنەوه بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئەمە گۆڕانکاری تازەیە و لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین، ئەنجامەکانیش بەو شێوە دەبێت کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی پێکەوە حکومەت دروست دەکەن، چونکە هەردوو لایەنەکە بۆیان دەرکەوتوە بێ یەکتری ناتوانن هەنگاو بنێن".

چوارچێوەی هەماهەنگی و نزیکەکانیان هەرچەند دەکەن نازانن چۆن خۆیان لەو دۆخە چەقبەستوە رزگار بکەن، بۆیە لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی پێنج قۆڵی دروست بکەن و بە دەستپێشخەری تازەوه جارێکی تر بۆ رازیکردنی موقتەدا سەدر روو له حەنانە بکەن".

لەوبارەوە عەقیل تائی، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی کردووە و لیژنەیەکی پێنج قۆڵی پێکهێناوه ، تاکو لەگەڵ کوتلەی سەدری کۆببنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت دوور لە کوتلەی سەدری حکومەت پێکبێنێت، چونکە کوتلەی گەورەیان بۆ دروست ناکرێت، من وەک چاودێرێکی سیاسی پێم وایە دەبێت چ لاینه شیعەکان یان سوننە و کورد، دەبێ سازش لە داواکاریەکانیان بکەن لە پێناو رزگاکردنی ئەم وڵاتە".

چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تەواونەکردنی رێژەی یاسایی پەرلەمان تا ئێستا رێگرە لە بەڕێوەچونی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە بەرامبەریشدا ناتوانن بێ هاوپەیمانی رزگارکردنی نشتیمانی هیچ هەنگاوێک بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش عێراقی گەیاندووەتە قۆناغی بۆشایی دەستووری.