دەسەڵاتی ئێستای بەغدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ رژێمی بەعس نییە

سەلام عەبدوڵڵا:

K24 – هه‌ولێر:

بەشێکی زۆری عێراقییەکان بە گەرمییەوە پێشوازیان لە نۆزدەیەمین ساڵوەگەڕی رووخانی رژێمی سەدام حوسێن نەکرد. سەلام عەبدوڵڵا نووسەر و چاودێری سیاسی پێی وایە دەسەڵاتی ئێستای بەغدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ رژێمی بەعس نییە. ئەو لە هه‌ڤپه‌یڤینێكدا لەگەڵ کوردستان24، دۆخی عێراقی نوێ روون دەکاتەوە و پێی وایە تەنیا کورد دوای رووخانی رژێمی بەعس توانیویەتی کاری جیدی بکات.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌

كوردستان24: دوای 19 ساڵ ئەمڕۆ عێراقییەکان بە گەرم و گوڕییەوە ئەم ساڵیاد و بۆنەیەیان بەرز رانەگرت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: وەک نووسەرێکی کورد دەڵێ، بە خەونی گەورەوە بەڕێ کەوتین، بەڵام نەک ئەوەی کە هیچ نەهاتە دی، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە دەرچوو. ئێمە هەموومان کە ئۆپۆزیسیۆن بووین و هەموو ئەو کەسانەی تێدەکۆشان بۆ ئاییندەیەکی گەشتر و باشتر، بەڵام دوای 19 ساڵ ئێستا ئەنجامەکە دەبینین. لە راستیدا تەنیا لایەنێک کە دوای سەدام حوسێن بە جدی کاری کرد، کورد بوو و توانی هەر نەبێ وڵاتی خۆی بنیات بنێ و دام و دەزگایەکی دیموکراتی دابمەزرێنێ. لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەمە بە تەواوی پێچەوانە بوو. ئەمانە هەر لە بنەڕەتدا مەبەستی ئەوەیان نەبووە دوای نەمانی رژێمی سەدام، سیستەمێکی فرەیی دیموکرات و فیدراڵی لە عێراقدا دروست بێ. وردە وردە ئەوان لایەنی شاراوە و راستەقینەی خۆیان پیشان دا و دەرکەوت کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ ئەوە بوو لایەنێک دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرێ و مەزهەبێکی دیاریکراو بە سەر عێراقدا زاڵ بێت و دیموکراتییەت و فرەیی و پەرلەمان و هەموو دام و دەزگایەکی مەدەنی پشتگوێ بخات.

كوردستان24: دوای 19 ساڵ هیچ لە عێراقدا گۆڕاوە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: خەڵکی چاوەڕێی ئەوەی دەکرد دوای نەمانی رژێمی سەرکوتکەری سەدام حوسێن، کەشێکی ئازادی و دیموکراسی بێتە کایەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ دەبینین میلیشیا دەسەڵاتی لە سەرووی دەوڵەتە، پەرلەمانێکی کارتۆنی هەیە و ئەندامەکانیشی هیچ مێژوویەکی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن بوونیان نییە. کڕین و فرۆشتنێکی ئابڕووبەرانە بە پۆستەکانی عێراقەوە دەکرێ. ئەگەر گوێ لە تەلەڤزیۆنە عەرەبییەکان بگری هەموو راستییەکانت بۆ دەردەکەوێ. مرۆڤ بڕوای نەدەکرد رۆژێ لە رۆژان سیستمێکی سیاسی لەو شێوەیە بێتە کایەوە و خەڵک لە ژێر سێبەریدا بژیت. هەر دوێنێ و پێرێ تەلەڤزیۆنێکی عێراقی باسی دەکرد کە لە ناو سوپای عێراقدا چۆن پۆستەکان دەفرۆشرێن و پلەکان چۆن بوونەتە درۆ. شتی وا لەو عێراقەدا روو دەدات کە کەس باوەڕ ناکات.

كوردستان24: ئەی لە رووی عەقڵییەتەوە چی رووی داوە؟ هیچ گۆڕاوە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئەو عەقڵییەتەی ئێستا لە بەغدا هەیە، هی سەدەکانی ناوەڕاستە. عەقڵییەتی ئەوان زۆر لە هی بەعسییەکان خراپترە، بەعسیەکان زۆریان گرنگی بە مەزهەب و مەزهەبگەرایی نەدەدا. بەعس سیستمێکیان هەبوو کە مرۆڤ دوور لە سیاسەت دەیتوانی لە سێبەریدا بژیت، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس وای لێهات کەسێک ناوی عومەر بوایە مەترسی لە سەر ژیانی هەبوو، کێ باوەڕ بەمە دەکات.

كوردستان24: ئەوە بۆ ناوخۆیانە، ئەی عەقڵییەتیان بەرامبەر بە کورد چۆنە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئەوانە زۆر خراپترن لە بەعس.

كوردستان24: بەڵام بۆ خراپترن، خۆ کیمیایباران و جینۆسایدیان نەکردووە. ئێستا دەستوور هەیە و هەرێمی کوردستانیش هەرێمێکی دەستووری و یاساییە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئەوانە دەسەڵاتی تەواویان هەبێ زۆر لەوە خراپتر دەکەن. ئەوان 58 مادەی دەستووریان پێشێل کردووە، تەنیا ئەو خاڵ و بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لە بەرژەوەندی خۆیان دایە.

كوردستان24: کەوایە دەتەوێ بڵێی رژێمی بەعس زۆر لەوانە باشتر بووە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: بەو مانایە نا، چونکە رژێمی بەعس، رژێمێکی دیکتاتۆری بووە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین ئەوانە هیچ لە بەعس باشتر نین. خواستی کورد و خەڵکی عێراق ئەوە نەبوو کە رژێمێکی لەو جۆرە دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ. سەدام حوسێن بە دیکتاتۆرییەتی خۆی گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە کوردستانی بۆ کورد بە جێ هێشت و سنوور لە نێوانمان بوو.

كوردستان24: بەڵام ئەو سنوورە نەتەوەیەکگرتووەکان دیاری کرد و سەدام چاوی لەوە بوو رۆژێک لە رۆژان بۆ ئێرە بگەڕێتەوە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: بڕۆ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گوێ لە حەوزەی عیلمیان بگرە کە چۆن باسی کورد و داگیرکردنی کوردستان دەکەن. تەنانەت پێیان وایە ئەو کەسەی کە رۆژێ لە رۆژان بڕیارە زیندوو بێتەوە، یەکەم کاری لە ناوبردنی کورد و خاکەکەیەتی. ئەمە چی شتێکی لە رژێمی پێشتر باشترە؟

كوردستان24: ئەی بۆ داهاتوو چۆنی دەبینی؟ دەبێ چی بکرێ؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: دەبێ ئەو خەڵکەی کاتی خۆی ئۆپۆزیسیۆن بوو بە تایبەت لایەنی سوننە، بکەونە خۆیان و بنەماکانی سیستمێکی دیموکراتی لە عێراقدا دابمەزرێن و مۆڵەت بە ملیشیا نەدەن. لە وڵاتێکدا کە سوپای رەسمی هەیە، 64 گرووپی میلیشیای جیاواز هەیە و کەسیش بە قسەی کەس ناکات. بودجەی ئەو ملیشیایانە لە بودجەی سوپای عێراق زیاترە.

كوردستان24: بەڵام ئێستا سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و چەند وەزیرێکی دیکە لە بەغدا کوردن و ئەندام پەرلەمانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق هەیە، کەوایە لەگەڵ سەردەمی بەعس جیاوازه‌؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: سەردەمی سەدامیش جێگرەی سەرۆک کۆمار کورد بوو، ژمارەیەک وزیری کوردیش هەبوو و حزبی کارتۆنیی کوردیشیان دادەنا. باشە خۆی لە عێراقی نوێدا دەستوور پێشێل کرا، ئەدی سەرۆک کۆمار توانی چی بکات؟

كوردستان24: پرسیار ئەوەیە کە خۆی نەیکردووە یان دەسەڵاتی نەبووە؟

سه‌لام عه‌بدوڵڵا: هەر نەبێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە پارێزەری دەستوور بێ، بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی خۆی کە نەیکردووە. هەر بۆیەش ئەمڕۆ هەوڵ دەدرێ کەسێک بکرێ بە سەرۆک کۆمار کە پشتیوانی لە دەستوور بکات.