مۆسكۆ له‌ وڵاتانی رۆژئاوا توڕەیە

"ئەوانەشی چەکەکان دەگوازنەوە لەناویان دەبەین"
سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

K24 - مۆسکۆ

سەرەڕای بەڕێوەچوونی چەندین گەڕی گفتوگۆ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکانی نێوانیان، کەچی ھێشتا شەڕ بەردەوامە. وڵاتانی رۆژئاواش تادێت چەک و مووشەکی دژە تانک و فڕۆکە بە ئۆکراینا دەدەن. ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی مۆسکۆ، ئێستا بەرپرسانی باڵای رووسیا ھەڕەشە دەکەن و دەڵێن: ئەوانەشی چەکەکان دەگوازنەوە  لەناویان دەبەین.

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینای کرد و لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە. جۆنسن بەڵێینیدا سزاکانی سەر رووسیا توندتر بکات و چەک و مووشەکی بەرگری زیاتریش بە ئۆکراینا بدات، ئەم بەڵێنەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەکاتێکدایە، بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لە پشتیوانیە سەربازییەکانیان بۆ ھێزەکانی ئۆکراینا بەردەوامن، ھەنوکە مۆسکۆ لەم ھاوکارییانە بۆ کیێڤ نیگەرانە و بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، بێ وەڵام نامێننەوە.

ئەندرێی کلیمۆڤ، ئەندامی ئەنجومەی فیدراڵی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاردانەوەی ئێمە لەئاست وڵاتانی رۆژئاوا ئاشکرایە، ھەتا ئەوکاتەی چەک و تەقەمەنی لە کۆگا و دامەزراوەکانی خۆیاندا دانراوە کێشە نین بۆ ئێمە، بەڵام کاتێک دەگاتە سنووری ئۆکراینا ئیدی دەبێتە ئامانج لای ئێمە، ئەمەمان نەشاردووەتەوە، لامان گرنگ نییە کێ رەوانەی کردووە و بە چ رێگایەک، ئەوانەشی دەیگوازنەوە بۆ ئێمە ھەر ئامانجن و لەناویان دەبەین".

گوتیشی: "ھەندێک دەڵێن ئەگەر فڕۆکەی ئەمەریکا بیگوازێتەوە ئێوە ھەر لەناوی دەبەن و مووشەکی ئاراستە دەکەن، بۆ وەڵامی ئەمانە من دەڵێم، لە شەڕی ڤێتنامدا لەسەر داخوازی ھانۆی یەکێتی سۆڤێت بەشداری پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد، لەماوەی ساڵانی شەڕدا زیاد لە 300 فڕۆکەی جەنگی سوپای ئەمەریکا تێکشکان، ئەوکات ئێمە و ئەمەریکا زلھێزی خاوەن مووشەک ئەتۆمی بووین، بەڵام شوێنی جەنگەکە وڵاتی ڤێتنام بوو، ئەوان ھێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە و کەس بانگھێشتی نەکردبوون، بۆیە لەوێوە 60 ھەزار تەرمی سەربازانیان لەگەڵ خۆیان بردەوە، لە رووی ھێزی ئاسمانییەوە زیانی ئێمە 20 ھێندە کەمتر و لەسەر ئاستی مرۆییش 27 ھێندە کەمتر بوو، بەڵام ڤێتنام لە ئێمە و لە ئەمەریکاشەوە دوور بوو، بەڵام ئۆکرانیا لەبەردەمماندایە، بۆیە زاڵبوون بەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا لەوێ بۆ ئێمە گەلێک ئاسانە، ئێمە بە ئاماجەکانمان دەگەین و ھەموو ئەوانەش دەسڕینەوە و لەناو دەبەین کە دێنە سەر رێمان".

هەر پەیوەست بەم پرسە ماکسیم سوچکۆڤ، بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەی نێودەوڵەتی مگیمۆ دەڵێ: "ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە کێشەی ئۆکراینا درێژە بکێشێت، چونکە دەیانەوێت بەم کێشەیە زۆرترین زیان بە رووسیا بگەیەنن، بەتایبەت لەسەر ئاستی ئابووری، ئەوان بەھیچ شێوەیەک باس لە ھێورکردنەوەی رەوشی سیاسی لە ئۆکراینا ناکەن، بەڵکو رووسیا لە خەمی ئەم پرسەدایە و باسی لێوە دەکات، ھاوکات فەرەنسا و ئەڵمانیاش بەتەنگ ھێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی باری سیاسی ئۆکرایناوەن، ئەمەریکا لەبری ئەمە چەک بۆ وڵاتەکە دەنێرێت، ھانی وڵاتەکە دەدەن وەک پاڵەوان خۆی بگرێت و بجەنگێت، بەوپێیەی ئەوان بەم رێگایە دەخوازن رووسیا لاواز و بێھێز بکەن، گەمارۆی بەسەردا بسەپێنن، وڵاتانی دیکەش ناچار بکەن پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ رووسیا رابگرن، بۆ ئەوەی رووسیا بکەنە دەرەوەی بازنە و ئیدی لە خەمی بەرگرتندا بن بە چین و ئاستەنگی بۆ دروستبکەن".

دمتری سوسلۆڤ، مامۆستای زانکۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەمەریکا دەخوازێت بنەمای ھەژمونگەری خۆی بەسەر جیھاندا پتەوبکات، تاکە وڵاتێک ئاڵەنگاری ئەم ھەنگاوە بکات رووسیایە، لە ئاکامدا ئەم کێشەیە روویدا، زۆری وڵاتان چاودێری دۆخە دەکەن و دەخوازن ببینن رووسیا بە چ چەشنێک لە کێشەکە دێتە دەرەوە، ئەم وڵاتانەش نایانەوێت بە فەرمانەکانی ئەمەریکا بجوڵێنەوەو بێزارن لەم رەفتارەی ئەمەریکا، کاتێک وڵاتان تێدەگەن کە رووسیا خۆی بەدەستەوە نادات، ئیدی ھاوپەیمانی بۆ زیاد دەبێت، بۆیە ئەمەریکا دووچاری ھەندێ گۆڕانکاری جیۆپۆلیتیکی دەبێتەوە کە چاوەڕوان نەکراون بۆی، ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەم گۆڕانکارییانەن دەخوازن ئەمەریکا لاواز بێت، بۆ ئەوەی سەروەری خۆیانی پێ زیاد بکەن، ئەم رەوشە بۆ وڵاتانی زلھێز نەخوازراوە بەڵام ئەم رەوشە بەکاردێنن بەسودی وڵات و سەروەری وڵاتی خۆیان".