وەزیری کار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەران زانیاری دەخاتەڕوو

کوێستان محەمەد: دەبێت کێشەی وارسی خانەنشینان چارەسەر بکرێت

K24 – هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەر لەسەر میلاکی وەزارەتەکەیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زانیاری دەخاتەڕوو.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "کەسایەتییەکی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کە خاوەن کۆمپانیایە دوو سەنتەری بۆ وەزارەتی کار دروستکردووە، یەکێکیان سەنتەری ئۆتیزم ئەوەی دیکەش سەنتەری راهێنانی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت، بڕی تێچووی بیناکانی ئەو دوو سەنتەرە سێ ملیۆن دۆلارە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، خاوەن کۆمپانیاکە کەلوپەلی ناو سەنتەرەکانیش دەکڕێت، دوو پاس دابین دەکات، هەروەها ئەرکی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکان بۆ ماوەی ساڵێک دەگرێتە ئەستۆی خۆی".

وەزیری کار، گوتی: "وەزارەتەکەی ئێمە و هەموو وەزارەتەکان لە هەڵەبجە کێشەی کەمی میلاکیان هەیە، بۆیە داوامان لە سەرۆکی حکومەت کرد 30 کەسمان بۆ دابمەزرێنێت، کە پسپۆریەکانمان دەستنیشان کردون، بە سوپاسەوە دوای هەفتەیەک رەزامەندی بۆ ناردینەوە، ئێستا لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕم پڕ دەکەینەوە بۆ ماوەی سێ هەفتە، مەرجەکان ئەوەیە دەبێ دانیشتووی هەڵەبجە بێت، نمرەی دیکە دیارکراوە وەک ساڵی دەرچوونی، هاوسەرگیری و منداڵ، هەموو خاڵەکان کۆدەکرێتەوە کامانە زۆرترین خاڵیان هەبێ ئەوانە دادەمەزرێنین".

سەبارەت بە قۆناغەکانی چاکسازی و مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، کوێستان محەمەد گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین، ئەم یاسایە بە لە بڕگەی سێ لە خاڵی یەکەم، باسی مووچەی کەمئەندامان دەکات، لە خاڵێکی دیکەی یاساکە هاتووە، نابێ خاوەن پێداویستی تایبەت دوو جار لە بودجەی گشتی سوودمەندبن، بۆیە ئەو کەمئەندامانەی فەرمانبەرن یان خانەنشینن بڕدرا، کە ژمارەیان 11 هەزار و 951 کەسە، ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران بە داتا و ئامار روونمان کردەوە، کە نە ژمارەکە هێندە زۆرە بارگرانی بکاتە سەر بودجە نە پارەکەش، کە خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر بەکاری دەهێنن بۆ چارەسەر، بۆیە نابێ ببڕدرێت، پێشنیازمان بکرێت بە دەرماڵە و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی، کە هاتینە سەر جێبەجێکردن کێشەمان بۆ دروستبوو، ئێمە لەگەڵ بەشی دیراساتی وەزارەتی دارایی دوو بۆچوونی جیاوازمان هەبوو، ئەوان پێیانوابوو فەرمانبەر دوای خانەنشین بوونی هەموو دەرماڵەکانی دەبڕدرێت، بەپێی یاسای گشتی خانەنشینی، ئێمەش پێمان گوتن، خاوەن پێداویستی تایبەت یاسای تایبەتی خۆیان هەیە دەرماڵەکەیان نابڕدرێت، بۆیە نەگەیشتینە ئەنجام، دواتر لەگەڵ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی یاسایی و فەرمانگەی هەماهەنگی کۆبووینەوە، پێیان گوتین، تەنها بە هەمواری یاسای کەمئەندامان دەکرێت، هەر بۆیە بەپەلە یاساکەمان هەموار کردەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا کێشەی وارسی خانەنشینمان هەیە کە ژمارەیان زۆر کەمە و مووچەکەشیان کەمە، ساڵێکە ماددەی ئەم یاسایە بەو هۆکارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، داوامان کردووە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بە زوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، ئەگەر چارەسەر نەبوو، جارێکی دیکە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبینەوە".