زە گاردیەن: رووسیا بە یارمەتی ئێران چەکی سووپای عێراق وەردەگرێت

رووسیا چەک و تەقەمەنی عێراق لەدژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت
سیستمێکی مووشەکی باوەڕ 373ی ئێرانی
سیستمێکی مووشەکی باوەڕ 373ی ئێرانی

K24- هه‌ولێر:

وێبسیاتی "زە گاردیەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، بە گوێرەی زانیاریەکانی ئەندامانی میلیشیای عێراقیی سەر بە ئێران و ئەو دەزگا هەواڵگرییە ناوخۆییانەی کە ئاگاداری پرۆسەکە بوون، رووسیا "چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی عێراق"ـی بە یارمەتی قاچاغچییە ئێرانیەکان و میلیشاکانی سەربە ئێران وەردەگرێت و لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بەکاریدەهینێت.

چەک و تەقەمەنیەکان RPG و مووشەکی دژە تانک و سیستمی مووشەکهاوێژی بەڕازیلی لەخۆدەگرێت و لە عێراقەوە بەرەو رووسیا گوازراونەتەوە، لە کاتێکدا کە مانگی رابردوو رووسیا لە کۆنترۆڵکردنی کیێڤ شکستی هێنا و لەو ناوچەیە کشایەوە.

زە گاردیەن ئاماژەی بەوەشدا، "سیستمێکی مووشەکی باوەڕ 373ی ئێرانی هاوشێوەی ئێس-300ی رووسیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بە مۆسکۆ بەخشراوە، هەروەها سیستمێکی (ئێس-300) گەڕێندراوەتەوە رووسیا." بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە دەستی هەبووە لە گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازیەکاندا.

وێبسایتەکە باسی لەوەشکرد، "هێنانی چەک بە قاچاغ ئاماژە بەگۆڕانێکی دراماتیکی دەکات لە ستراتیژی رووسیادا، چونکە دەرخەری ئەوەیە کە مۆسکۆ ناچارە پشت بە ئێران و هاوپەیمانە سەربازییەکەی لە سووریا ببەستێت، بە تایبەتی دوای ئەو سزا نوێیانەی کە بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیاوە بەسەریدا سەپێندراوە."

لە ساڵی 2003ـەوە چەندین هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هاتوونەتە عێراق و راهێنان و چەک و کەرەستەی سەربازیان بە هێزە عێراقییەکان داوە، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە حکومەتی بەغدا لەو هێزە بەرهەڵستکارانەی دژی دامودەزگاکانی حکومەت دەوەستنەوە.

لە هەواڵەکەی زە گاردیەن هاتووە، "ئێستا دوای دوو دەیە لە جەنگ، عێراق جمەی دێت لە چەك، کە بەشێکی چەکەکان بەشێوەیەکی یاسایی کەوتوونەتە دەست ئەو میلیشیا شیعانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن."

بە گوێرەی هەواڵەکەی زە گاردیەن، رۆژی 26ـی ئازاری 2022 بە یارمەتی حەشدی شەعبی چەکی RPG و مووشەکی دژە تانک دراوە بە ئێران و دواتر سووپای ئەو وڵاتە لەرێگەی دەریاوە رادەستی رووسیای کردووە، هەروەها دوو سیستەمی مووشەکهاوێژی دیزاینکراوی بەرازیلی کە لە عێراق بە ڤێرژنی سەجیل-60 ناسراون، رۆژی یەكی نیسانی 2022 لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بۆ ئێران نێردراون.

سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبیەوە لەبارەی ئەو چەکانەی دراون بە ئێران بە "زە گاردیان"ـی راگەیاند، "ئێمە گرنگی بەوە نادەین ئەو چەکە قورسانە بۆ کوێ چوون، لەبەرئەوەی لەم کاتەیا پێویستمان پێی نییە، پاشان هەرچیەک دژی ئەمەریکا بێت ئێمە خۆشحاڵ دەکات."

موهەند حاجی عەلی، ئەندامێکی سەنتەری کارنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: "ئەو چەکە پێشکەوتووانە (سیستەمی مووشەکهاوێژ) جیاوازیەکی گەورە دروست دەکات لە خاکی ئۆکرانیادا، زۆرینەی سنووری نێوان عێراق و ئێران لەلایەن عەشدی شەعبیەوە کۆنترۆڵ کراوە، کە ئەمەش گواستنەوەی ئەو کەلوپەلە سەربازییانە ئاسانتر دەکات."

ناوبراو گوتیشی: "ئێستا وڵاتانی دیکەی وەك چین دەبێت زۆر وریابن لە پێدانی چەک بە رووسیا، بەهۆی ئەو سزا نوێیانەی بەسەر رووسیادا سەپێندراوە. ئێرانیش لەلای خۆیەوە دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی رووسیا لە ململانێکاندا سەنگی خۆی لەدەست نەدات."