ئەمەریکا هێلیکۆپتەری شەڕکەر دەداتە ئۆکرانیا

کۆشكی سپی گڵۆپی سەوز بۆ ناردنی هێلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا هەڵدەکات
فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، کۆشکی سپی رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی هێلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی راگەیاندووە "ئیدارەی جۆ بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ناردنی هێلیکۆپتەر شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا هەڵکردووە".

بە گوێرەی سەرچاوەکە ئامانج لە رەوانەکردنی هێلیکۆپتەری شەڕکەری ئەمەریکی، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوی گواستنەوەی پشتیوانی سەربازی سوپای رووسیا و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر زرێپۆشەکانی سوپای رووسیا کە رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن.

ئەم هەواڵە دوای چەند کاتژمێرێک دێت، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، ئیدارەی جۆ بایدن بە بڕی 750 ملیۆن دۆلار رەزامەندی لەسەر رەوانەکردنی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا داوە.