ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژی بۆ دروستکردنی بەنداو داڕشتووە
بەنداوی دوکان - ئەرشیف
بەنداوی دوکان - ئەرشیف

K24 - هەولێر

حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژی داڕشتووە بۆ دروستکردنی بەنداو لەمساڵدا، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەو ئاوە بکات کە ساڵانە دێتە بەردەست، چونکە ساڵانە تێکڕای رێژەی ئاو کەمدەکات.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان ئاشکرای دەکات، سێ بەنداوی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە ھەموو عێراق پشتیان پێدەبەستێت، ئەوانیش رێژەی گلدانەوەی ئاویان دابەزیوە.

رەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بەنداوە بچووکانەی لە کوردستان هەن گرنگی خۆیان هەیە، چونکە چەمی وەرزین، لە وەرزەکانی زستان و بەهار پڕ ئاو دەبن و لە هاوین و پایز بەکاردەهێنرێت".

گوتیشی: "ساڵی رابردوو بەهۆی کەم بارانییەوە لە هەرێمی کوردستان نەمانتوانی ئاو لە بەنداوەکان کۆبکەینەوە. بەنداوی دوکان بە رێژەی نزیکەی %59ی بەتاڵە و %41 ئاوی تێدایە، بەنداوی دەربەندیخان %50 ئاوی تێدایە  و ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆکیش ئێستا %40ـە".

بۆ ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی کۆگاکردن و گلدانەوەی ئاو زیاترە، ئەندامێکی لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی نایشارێتەوە ئەمساڵیش بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەست دایە وشکەساڵییە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی بە کوردستان24ی گوت: "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژە داوە کە دەبنە پاڵپشتی بۆ سێکتەری ئاو، بەتایبەتی لە شاری هەولێر و دەوروبەری، چونکە کێشەکانی هەولێر زیاتر بوو، بە گوژمەی 7 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ لێدان و لێدانەوەی 138 بیری ئاو رەزامەندی لەسەر دراوە، هەروەها بۆ گواستنەوەی ئاو بە تانکەر 12 ملیار دینار بڕیاری لەسەر دراوە، هاوکات 600 ملیۆن دینار بۆ رێکخستنەوەی ئاوی ئیفرازی 1 و 2 و 3ی هەولێر تەرخانکراوە، پێنج ملیار دیناریش لە قۆناغی وردبینی دایە بۆ کڕینی کەل و پەل و پێداویستییەکان".

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پلانی بۆ جێبەجێکدنی 240 بەنداو داڕشتووە، 19 لەو بەنداوانە کاریان تێدا دەکرێت و بودجەیان بۆ تەرخانکراوە، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان 17 بەنداو ھەیە، کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە،  بەپێی داتاکانی بەڕێوبەرایەتی بەنداوەکان، ئاستی ئاو لە هەرسێ بەنداوی گەورەی هەرێمی کوردستان دابەزیوە.