لێکەوتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە دەسەڵاتی ئۆپێک دا نییە

ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ خواست لە 2022 دابەزاند
ئۆپێک
ئۆپێک

K24 - هەولێر

رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی گەشەی خواستی جیهان لەسەر نەوت بۆ ئەمساڵ دابەزاند، ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوە. هەروەها سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین جارێکی دیکە کاریگەری کردووەتەوە سەر بازاڕەکان.

رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەیدا ئاماژەی بەوەدا، خواستی جیهانی بۆ نەوت لەمساڵدا بە بڕی 3.67 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، ئەوەش 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەراورد بە پێشبینییەکانی رابردووی کەمترە.

هاوکات  لەبارەی خستنەڕووی نەوتەوە، محەمەد بارکیندۆ سکرتێری گشتی رێکخراوی ئۆپێک لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دۆسیەی وزەی یەکێتی ئەوروپا راگەیاند، کە ئەو دۆخەی ئێستا لە بازاڕی نەوت بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە دروستبووە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی رێکخراوەکەیانە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی سەپاندنی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوتی رووسیا یاخود بایکۆتکردنی نەوتی رووسیا لە لایەن بەشێک لە هاوردەکارانەوە، رۆژانە خستنەڕووی حەوت ملیۆن بەرمیل کەمدەبێتەوە.