فشارەکان بەهۆی نەخۆشییەکەی هێلکەی کیندەر زیاد دەبن

تووشبوان لە چەند وڵاتێکن
کیندەر
کیندەر

K24 - هەولێر

دوو ئاژانسی چاودێری تەندروستی ئەوروپی رایانگەیاند، 150 کەس لە 9 وڵاتی ئەوروپی تووشی نەخۆشی سالمۆنێلا بوون بەهۆی خواردنی شوکۆلاتەی هێلکەی کیندەری منداڵانی بەرهمهێندراوی فێرێرۆ.

هێلکەکان لە کارگەیەکی کۆمپانیای فێرێرۆ لە شاری ئەرلۆن لە بەلجیکا بەرهەمهێندراوە و لە چەند رۆژی رابردوو کارگەکە داخرا.

ئاژانسی ئەوروپی بۆ سەلامەتی خۆراک و ناوەندی ئەوروپی بۆ چاودێری نەخۆشییەکان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان پشتڕاستیان کردەوە کە 150 تووشبووەکە بەهۆی هێلکەکانی بەرهەمهێندراو لە کارگەکەی بەلجیکا بووە و ناوی کۆمپانیا ئیتاڵییەکەش ئاماژەی پێنەکراوە.

دوو ئاژانەسەکە باسیان لەوەش کردووە تووشبوان منداڵانی خوار تەمەن دە ساڵانن و لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئیرلەندا، لۆکسمبۆرگ، نەرویج، هۆڵەندا و سوێد دەژین.

بەکتریا سالامۆنێلا دەبێتە هۆکاری ئیسهالی زۆر و گرژبوونی ریخۆڵەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش تاوەکو ئێساش هیچ یەکێک لە تووشبووان نەمردوون.

دادگای بەلجیکا لیکۆڵینەوەیەکی بۆ دیارکردنی بەرپرسیارییەتی دەستپێکردەوە لە کارگەکە و ئاژانسی سەلامەتی خۆراکی بەلجیکیش رێگەپێدانی کارکردنی کارگەکەی کێشایەوە بە بیانوی نەبوونی شەفافیەت لەو پرسە.

لەدوای ئاشکرابوونی تووشبوون بە سالمۆنێلا بەهۆی هێلکەی کیندەر لە کۆتایی مانگی ئازار بەریتانیا هێلکەکەی لە بازاڕەکان کشاندەوە و دواتریش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا هەمان کاریان کرد.

کۆمپانیای فێرێرۆی ئیتاڵیش رایگەیاند کە هەموو کاڵا بەرهەمهێندراوەکانی کارگەی ئارلۆن لە بازاڕەکان دەکێشێتەوە نەک بە تەنیا هێلکەی شۆکۆلاتی بەرهەمهێندراو لەو کارگەیە.