سه‌رخی كێیه‌؟ پێشینه‌ی چییه‌ وا شیعه‌كانی هێناوه‌ته‌ هه‌ژان

"داوای كرد گۆڕی ئیمامە شیعەکان تێکبدرێن، چونکە پێچەوانەی ئایینی ئیسلام دروستکراون"
ئه‌لسه‌رخی له‌ ناو لایه‌نگرانیدا
ئه‌لسه‌رخی له‌ ناو لایه‌نگرانیدا

K24 - هەولێر:

لە هەفتەی دووەمی مانگی رەمەزاندا، داواکاری رووخاندنی مەزاری ئیمامەکانی شیعەکان، لەلایەن نوێنەرێکی مەحمود سەرخی، یەکێک لە مەرجەعە ئایینیەکانی شیعەی عێراق و رووخاندنی منارەی چەند شوێنێکی ئایینی شیعەکان (حسینیة) کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەوهۆیەوە خۆپیشاندان و گرژی لە چەند شاری عێراق دروستبووە، دادگای عەمارە لە پارێزگای میسان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو مەرجەعە ئایینیە دەرکرد.

عێراق زیاتر له‌ سێ مانگە دوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە قەیرانێکی سیاسیدایە، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەدانی وڵات، بەڵام دروستبوونی گرژییەکی نوێ لە هەفتەی رابردوودا، لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکان، بووە بابەتێکی دیکە بۆئەوەی میدیاکان رووماڵی بکەن.

سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکان

عەلی موسا ئەلمەسعودی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی یەکێک لە مزگەوتەکانی پارێزگای بابلە و نوێنەرایەتی مەحمود سەرخی یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەکان دەکات، رۆژی هەینی رابردوو (8ی نیسان)، لەبری مێزەر و عەبا، بە چاکەت و پانتۆڵێکەوە گوتارێکی جیاوازی پێشکەشکرد.

نوێنەرەکەی مەحمود سەرخی لەو گوتارەیدا داوایکرد، گۆڕی ئیمامە شیعەکان تێکبدرێن، چونکە پێچەوانەی ئایینی ئیسلام دروستکراون و بەگوێرەی رێنماییە ئایینیەکان، نابێت گۆڕ لەناو پەرستگاکاندا هەبن.

هەروەها لە گوتارەکەیدا، درودی بۆ خەلیفەکانی راشدین نارد، لە کاتێکدا بەشێک لەو خەلیفانە لەلایەن زۆرینەی شیعەکانەوە کەسانی پەسەندکراو نین.

ئایه‌توڵڵا مه‌حموود ئه‌لسه‌رخی
ئایه‌توڵڵا مه‌حموود ئه‌لسه‌رخی

داواکارییەکەی عەلی موسا ئەلمەسعودی، کاردانەوەی لێکەوتەوە و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی مەرجەعە جیاوازەکانی شیعەکاندا دروستکرد، بەوهۆیەوە هێزە ئەمنییەکان لە چەند پارێزگایەک هەڵمەتێکیان دەستپێکرد، بۆ دەستگیرکردنی، لایەنگرانی مەحمود سەرخی.

لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی کەسە نزیکەکانی مەحمود سەرخیدا، عەلی موسا ئەلمەسعودی، پێشنوێژ و گوتارخوێن دەستگیرکرا، بەڵام گرژی و ئاڵۆزییەکان دانەمرکانەوە و رۆژانە زیاتر تەشەنە دەکەن.

هەر بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان، پارێزگاری بابل بڕیاریدا، سەرجەم ئەو شوێنە ئایینیانەی (حسینیة) دابخرێن، کە لایەنگری سەرخی تێدایە.

لینکی گوتارەکەی عەلی مەسعود

https://www.youtube.com/watch?v=RLoFZuT47Lg

لەماوەی چەند رۆژێکدا دیمەنی رووخاندنی منارەی چەند مزگەوتێک لە شارەکانی عێراق، بووە پڕبینەرترین ئەو ڤیدیۆیانەی لە پەیجە عێراقییەکاندا بڵاوبوونەوە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکان هاتە دەنگ و لە نامەیەکدا داوای لە مەحمود سەرخی کرد، بێبەری بوونی خۆی لە عەلی موسا ئەلمەسعود، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکەی بابل نیشانبدات، ئەگەرنا پەنا دەبەنەبەر رێگەی یاسایی و شەرعی.

سەدر دەڵێت "بەشێک لەوانەی سەر بە ڕێبازەکەی مەحمود سەرخین، لە هەوڵی ناساندنی هەندێک بیروباوەڕی لادەرانەدان، کە دواینیان لە پارێزگای بابلەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ تێکدانی گۆڕی ئیمامەكان".

فەرمانی گرتن لە نیوەشەودا

شەوی 13/14ی نیسانی 2022، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بڕیارێکی دادگای لێکۆڵینەوەی عەمارەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مەحمود عەبدولرەزا محەمەد، ناسراو بە مەحمود سەرخی دەرچووە.

دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردنەکە، بەگوێرەی مادەی 372ی یاسای سزادانی عێراقییە، کە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی کە پێشێلکاری بەرامبەر تائیفەکان و سرووتە ئاینییەکانیان دەکەن.

ئایه‌توڵڵا ئه‌لسه‌رخی
ئایه‌توڵڵا ئه‌لسه‌رخی

دەقی مادەی 372ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969

لەسەر تاوانی زیانگەیاندن بە هەستی ئایینی، تاوانبار سزادەدرێت بە بەندکردن کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر یەکێک لەم کارانەی ئەنجامدابوو.

1-  که‌سێک به‌ یه‌کێک له‌ ڕێگاکانی ڕاگه‌یاندن هێرشبکاته‌ سه‌ر بیرو باوه‌ڕی ده‌سته‌یه‌کی ئایینی، یان سووکایه‌تی به‌ دروشمه‌کانی بکات .

2-  که‌سێک به‌ ئه‌نقه‌ست رێوره‌سم و ئاهه‌نگ و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ئایینی بشێوێنێت یان ڕێگری لێبکات و له‌کاری بخات.

3-  که‌سێک پەرستگايەکی ئاماده‌کراو بۆ رێوره‌سمه‌کانی پێکهاتەیەکی ئایینی، یان هێمایه‌ک یان هه‌رشتیکی تری پیرۆز لەڕووی ئایینیەوە، تێکبدات، له‌ناوی به‌رێت، بیشێوێنێت یان پیسی بکات.

4-  که‌سێک کتێبێکی پیرۆزی پێکهاتەیەکی ئاینی چاپ بکات، یان بڵاوی بکاته‌وه،‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌قی کتێبه‌که‌ بگۆرێت، به‌و جۆره‌ی که‌ واتاکه‌ی بگۆڕێت، یان یه‌کێک له‌ حوکمه‌کانی، یان یه‌کێک له‌ ڕێنماییه‌کانی سڕیبێته‌وه‌.

5-  که‌سێک به‌ ئاشکرا سووکایه‌تی به‌ هێمایه‌ک یا که‌سێک بکات، که‌ له‌لایه‌ن پێکهاتە ئاینییەکەیەوە به‌ پیرۆز و رێزلێگیراو دابنرێت.

6-  که‌سێک به‌ ئاشکرا و به‌ مه‌به‌ستی گاڵته‌پێکردن، لاسایی خواپه‌رستی یا ئاهه‌نگێکی ئایینی بکاته‌وه.

لینکی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی سەرخی

https://www.hjc.iq/view.69502/

مەحمود سەرخی کێیە؟

ناوی تەواوی؛ مەحمود عەبدولرەزا محەمەد.

ساڵی 1964 لەدایکبووە.

بەگوێرەی ژیاننامەکەی بە 50 پشت دەچێتەوە سەر عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب.

بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە لە زانکۆی بەغدا.

ماوەیەک پێشنوێژ بووە شاری حللـە.

لە شاری کەربەلا دادەنیشێت.

بەشێک لە شیعەکان بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوونەکانییەوە، مەحمود سەرخی بە کەسێکی لادەر دادەنێن.

مەحمود سەرخی؛ لای محەمەد محەمەد باقر سەدر، باوکی موقتەدا سەدر و عەلی سیستانی وانەی ئایینی خوێندووە، دوای لەسێدارەدانی محەمەد محەمەد باقر سەدر، لە ساڵی 1999 دا لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە، سەرخی، ویستی جێگەی بگرێتەوە و نوێژی هەینی لەبری ئەو ئەنجامدا، پاشان خۆی وەک مەرجەعێکی ئایینی ناساند.

سەرخی بۆچوونەکانی جیاوازن، لە سەدر و سیستانی و لە ساڵانی رابردوودا، فەتوای جیاوازی دەرکردووە و پێی وایە، دەبێت حکومەتێکی مەدەنی وڵات بەڕێوەبەرێت، کە پیاوانی ئایینی دەستنەخەنە کاروباریانەوە.

هەروەها عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بە کەسێکی نزیکی ئێران وەسفدەکات و مامەڵەکردنی سیستانی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، دوای رووخاندنی سەدام حسێن رەتدەکاتەوە.

ئەم مەرجەعەی شیعەکان بە کەسێکی میانڕەو لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ناسراوە، چونکە دژی بەکارهێنانی هێزی سەربازییە و بەشداریکردنی کەسایەتییە ئاینییەکانە، لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا.

مەحمود سەرخی زیاتر لە 70 کتێب و توێژینەوە و بابەتی جیاوازی لەسەر بابەتە ئاینییەکان و رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی نووسیوە، ئەو داوای بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان سوننە و شیعەکان دەکات، بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە، کە دژی دەرمارگری تائیفییە و رشتنی خوێنی عێراقییەکان بەدەستی یەکتر بە حەرام دادەنێت.

پێشینەی هێرش بۆسەر مەحمود سەرخی

ساڵی 2014 مەحمود سەرخی رەخنەی لە پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبی گرت و بە میلیشیای سەر بە ئێران ناوی بردن، بەوهۆیەوە خۆپیشاندان لە چەند شارێکی عێراق، دژی سەرخی رێکخراو ژمارەیەک لە لایەنگرەکانی دەستگیرکران، لە هەندێک ناوچەش پێکدادانی چەکداری روویدا.

دواتر حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان، هێزی چەکداری بە چەکی قورسەوە بردە شاری کەربەلا، هێلیکۆپتەریش لە ئاسمانەوە چاودێری دۆخەکەی دەکرد، لەکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکان و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا، ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و زیاتر لە 25 کەس لە (سوپای حوسێن) کە لە کەسانی نزیک لە سەرخی پێکهاتبوون کوژران.

مەحمود سەرخی لە شارەکانی (نەجەف، کەربەلا، ناسریە، بەسرە و دیوانیە) لایەنگری هەیە و هێزێکی چەکداری هەیە کە بە سوپای حوسێن ناسراوە، مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 30 هەزار کەسی رێکخراوی هەبێت، کە بەشێکیان ئەو سوپایەن کە ناوی لێنراوە (سوپای حوسێن).