بازرگانی عێراق پێشبینی دەکات لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا سەدا 50 بەرهەم کەمبکات

وەزارەتی بازرگانی: بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە پلانی ئەمساڵ جیاوازە
وەرزی دروێنەی گەنم لە دەشتی هەریر و باتاس
وەرزی دروێنەی گەنم لە دەشتی هەریر و باتاس

K24 - هەولێر:

محەمەد حەنون بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد، بە گوێرەی ئاماژەکانی وەزارەت پێشبینی دەکەن لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵ بڕی بەرهەم بگاتە تەنیا دوو ملیۆن تۆن گەنم.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، پێشبینی دەکەن، بەرووبوومی ئەمساڵ بەراورد بە وەرزی بە بازاڕکردنی ساڵی رابردوو نیوە کەم بکات، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی رووبەری چێندراوی گەنم و کەمبوونەوەی پشکی ئاوی عێراق و کەمی باران بارین و هەروەها درەنگ کەوتنی پێدانی شایستەی جووتیاران دەگەڕێتەوە.

گووتیشی، بۆ ئەمساڵ پلانی وەزارەت بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە جیاوازە، کە بەهۆیەوە ئاستەنگێکی گەورەی لە بەردەم عێراق و چەندین وڵاتانی دیکە دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ وەرزی ئەمساڵ  کار بۆ ئەوە دەکەن پاڵپشتی جوتیاران بکەن و نرخی کڕینەوەی تۆنێک گەنم بۆ 750 هەزار دینار بەرزبکەنەوە، هەروەها بە زووترین کات تاوەکو مانگی حوزەیران شایستەی جوتیاران بدەن.