به‌غدا: عێراق ئاماده‌كردنی بوودجه‌ی بۆ حكومه‌تی داهاتوو جێهێشتووه‌

"یاسای پاڵپشتی به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ری سه‌قامگیری ئاسایشی خۆراك ده‌كات"
پاره‌ی عێراقی ناسراو به‌ چاپی نوێ، وێنه‌: شڤان
پاره‌ی عێراقی ناسراو به‌ چاپی نوێ، وێنه‌: شڤان

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، تا ئێستا حكومه‌تی عێراق یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2022 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه‌ نه‌كردووه‌.

ماهیر حه‌مماد، بریكاری وه‌زیری پلاندانانی فیدراڵ رایگه‌یاند، حكومه‌تی ئێستای عێراق كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، یاسای بوودجه‌ی گشتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه‌ نه‌كردووه‌ و بۆ حكومه‌تی داهاتووی جێهێشتووه‌.

حه‌ماد راشیگه‌یاند، "یاسای پاڵپشتی به‌په‌له‌ كه‌ چاره‌سه‌ری سه‌قامگیری ئاسایشی خۆراك ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی بوودجه‌ی گشتی ده‌رده‌چێت".

پێشتر مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو، ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كردنی بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2022 كار بكه‌ن.

كازمی راشیگه‌یاند، عێراق رووبه‌رووی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك بووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیا له‌سه‌ر ئاستی جیهان نرخی كاڵاو كه‌ره‌سته‌كانی رۆژانه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه‌.