UN: پتر له ملیارێك مرۆڤ به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه تووشی برسێتی و هه‌ژاری ده‌بنه‌وه
K24- هه‌ولێر:
تیمێكی مه‌یدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان UN هۆشداری له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیایدا كه ئابووری ژماره‌یه‌ك وڵاتی گه‌شه‌سه‌ندوو وێران ده‌كات.
ئه‌و تیمه مه‌یدانییه‌ی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان UN راشیگه‌یاند، نرخی خۆراك له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌رز ده‌بێته‌وه، قه‌یرانی دارایش له جیهان بڵاوده‌بێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرش، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، جه‌نگی ئۆكرانیا ده‌بێته هۆی دروستبوونی قه‌یرانی خۆراك له زۆربه‌ی وڵاته هه‌ژاره‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی كه به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا دووچاری هه‌ژاری بوونه‌ته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه ریبیكا گرینسبان، سه‌رۆكی كۆنگره‌ی UN بۆ كاروباری بازرگانی رایگه‌یاند، 107 وڵات به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیا و په‌تای كۆرۆنا و گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا دووچاری هه‌ژاری ده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه، 1.7 ملیار كه‌س له داهاتوودا تووشی هه‌ژاری و برسییه‌تی ده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رووسیا و ئۆكرانیا به‌رێژه‌ی %30 گه‌نم و جۆی جیهان دابین ده‌كه‌ن، جیا له به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نمه شامی و رۆن.
رووسیا به گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی گازی سرووشتی بۆ جیهان داده‌نرێت، دووه‌م گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی جیهانه، له دوای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانیا نرخی خۆراك له جیهاندا به‌ڕێژه‌ی %30 به‌رز بووه‌ته‌وه.