پێنتاگۆن: دوای تەقینەوەی کەشتییە جەنگییەکە رووسیا کەشتییەکانی دیکەی کشاندووەتەوە
K24 - هەولێر:
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، ئاشكرایكرد، لە دوای ئاگرەگەی کەشتیی مووشەکهاوێژی "مۆسکۆ"، رووسیا کەشتییە جەنگییەکانی له باکووری دەریای رەش لە کەناراوەکانی ئۆکرانیا دوورخستەوە و بۆ باشووری دهریاكه كشاندوویهتییهوه.
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن، لە میانی ھەڵسەنگاندنی بۆ جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا بۆ گرووپێک له رۆژنامەوان ئاماژەی بەوە کرد، ھێشتا نەیانتوانیوە ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لە کەشتیی مووشەکهاوێژی مۆسکۆ سەربە کەشتیگەلی رووسیا، پشتڕاست بکەنەوە.
بەرپرسەکە رایگهیاند: "کاتێک کەشتییەکە تەقییەوە لە دووری 65 - 60 میلی دەریایی لە باشووری ئۆدێسا بوو. ئەگەر ھێڵێک رابکێشێت ئەوە راستەخۆ دەکەوێتە باشوور".
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد ھێشتا ئاگرەکە نەکوژێندراوەتەوە و بەھۆی توانای بەرگریی ئاسمانی و ھەڵگرتنی تەقەمەنی زیادە لهلایهن كهشتییهكهوه، ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر و تەقینەوە لە ھەموو کاتێکدا لە ئارادایە.
بەرپرسەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ھەمان کاتدا ئەگەری ھەیە ئەو تەقینەوەیە لە ھۆکارێکی دەرەکیی وەکو ھێرشی مووشەکی سەریھەڵدابێت و گوتی: "ئەو مەودایەی باسی دەکەین واتا 60 میل لە دەرەوەی کاریگەریی مووشەکی نیپتۆن نین".
ههروهها ئاماژەی بەوەش کرد دوای كهوتنهوهی ئاگر له کەشتییەکە، رووسیا کەشتییە جەنگییەکانی لە باکووری دەریای رەشەوه بۆ باشووری دهریای رهش گواستووەتەوە و گوتی: "نزیکەی شەش کەشتیی لە باکووری دەریای رەش بوون. بێگومان سەرجەمیان لە چواردەوری کەشتییە مووشەکهاوێژهكه نەبوون. لە باکووری دەریای رەش بڵاوببوونەوە. ھەربۆیە لەدوای رووداوەکە چوار پێنج کەشتییان لە کەناراوەکە و لە کەشتییە مووشەکهاوێژهكه نزیکبوون. ئێستا ئەوان نزیکەی 80 میل کشانەوە بەرەو باشوور کشاونەتەوە".
بەرپرسەکە ئەوەشی راگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا کەشتییەکانیان نەبینیوە بەرەو ئۆدێسا بچن.
AA