ئەڵمانیا لە رێگەی پلانێکی خێراوە رێگری لە هاوردەکردنی وزەی رووسیا دەکات

بەرلین زیاتر لە 3 ملیار دینار بۆ کەمکردنەوەی متمانە لەسەر وزەی مۆسکۆ دابین دەکات
ئاڵای ئەڵمانیا
ئاڵای ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

ئەڵمانیا بڕی سێ ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ کەمکردنەوەی متمانە لەسەر وزەی رووسیا دابین دەکات.

وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر هاوردەکردنی وزەی رووسیا ئاشکرای دەکات، ‌‌حکومەتی وڵاتەکەی سێ ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆی دابینکردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی پلانێکی خێراوە هاوردەکردنی وزە لە رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە.

لەوبارەیەوە کریستیان لەندەنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "پێویستە پشتبەستن بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا بە خێرایی، بەشێوەی بەردەوام کەمبکرێتەوە".

وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا روونی کردووەتەوە، لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانیان رێککەوتوون لەسەر دابینکردنی دوو ملیار و 94 ملیۆن یۆرۆ، وەک کرێی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە رێگەی کەشتی هەڵگری گەورەی وزە بە رێگای دەریاییەوە.

ئەمە لە کاتێکیدایە 20 وڵات لە سەروویانەوە ئوستراڵیا، قەتەر و ئەمەریکا بە هەناردەکاری گازی سرووشتی لە رێگەی دەریاییەوە دادەندرێن. هەروەها رووسیا کە بەدابینکردنی %45ی خواستی وزەی ئەوروپا دادەندرێت لەو رێژەیە ئەڵمانیا  بە %55 بەرکەوتەی ئەم رێژەیە لە هاوردەکردنی وزەی رووسیا دادەندرێت.