داھاتی گەشتیاری توركیا بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پەرەپێدانی توركیا رایگەیاند، داھاتی ئەمساڵی گەشتوگوزاری توركیا گەیشتووەتە نزیكەی سی ملیار دۆلار و ئاستی ھاتنی گەشتیاریش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمیكردووە.

وەزارەتی پەرەپێدانی توركیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، تەنیا لەماوەی شه‌ش مانگی رابردوودا ژمارەی گەشتیاری بیانی کە روویان لە توركیا کردووە گەیشتە سی و دوو ملیۆن و  بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران لە تورکیا پێنج ملیۆن  گەشتیار كەمیكردووە.

وەزارەتی پەرەپێدانی توركیا ئاماژەش دەکات، بەھۆی ئەو زنجیرە تەقینەوانەی لە شارەكانی توركیا روویاندا و ھەروەھا پچرانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رووسیا، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر كاری شوێنە گەشتیارییەكانی توركیا و لە ھەمانكاتدا كاری ھۆتێلەكانیشی بەرێژەی لە سەدا سی كەمكردووەتەوە.