پڕۆژەیەکی گرنگی کارەبا دەکەوێتە کار

توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 37 مێگاوات کارەبای هەیە
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک

K24 – دهۆک

پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک یەکیکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کارەبادا، کارکردن لە پڕۆژەکەدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە و بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە دەبەسترێتەوە.

کارکردن لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک لە سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوامە، پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 37 مێگاوات کارەبای هەیە، بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە %95ی پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک تەواو بووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ئەو پڕۆژەیە بە تۆڕی نیشتمانی دەبەسترێتەوە.

حەسەن یوسف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "یەکەم جارە پڕۆژەی لەمشێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، 37.6 مێگاوات کارەبا دەدات و %95ی پڕۆژەکە تەواو بووە".

لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی بۆ وەبەر‌هێنان لە کەرتی کارەبا دەستپێکردووە، پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک یەکێکە لەو پڕۆژانە، بە تەواو بوونی کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمان و چارەسەری گرفتەکانی ئەو کەرتە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک ئاماژەی بەوەکرد: "زۆر پڕۆژەی دیکە لە کەرتی کارەبا جێبەجێکراون، بەڵام ئەو پرۆژە جیاوازە، چونکە بارگرانی زیاتر ناخاتە سەر حکومەت، لەبەر ئەوەی بە ئاو کار دەکات، نەک گاز".