زیلینسکی: رووسیا بە یەکجارەکی ئۆکرانیای لەدەستدا

"پێویسته‌ سیستمی دارایی رووسیا بەتەواوی بلۆك بکرێت"
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا

K24 - هه‌ولێر:

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، رووسیا بە یەکجارەکی ئۆکرانیای لەدەستدا و گوتی: رووسیا تەواوی جیهانی لەدەستداة لە مەودوا لە هەموو لایەکەوە پشتی تێدەکرێت.

زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، نوێترین روونکردنەوەی لەبارەی ئەو هێرشانەوە دا کە لە 24ی شوباتەوە لەلایەن رووسیاوە کراوەتە سەر ئۆکرانیا.

زیلینسکی ئاشکرای کرد، سوپای رووسیا لە شارەکانی زاپۆریژییا و خێرسۆن پەلاماری "تیرۆیستی" دژبە خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە و رایگەیاند، داگیرکاران کەوتوونە دوای هەر کەسێك، کە پەیوەنديی لەگەڵ سوپای ئۆکرانیا یان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە. لەو بڕوایەدان بە ئەنجامدانی ئەم کارەیان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوان کارێکی زۆر هەڵە دەکەن و خەریکی خۆ هەڵخەڵەتاندنن".

زیلینسکی جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی ئۆکرانیا، رووسیا بە هەند هەڵناگرێت و گوتی: "رووسیا بە یەکجارەکی ئۆکرانیای لەدەستدا. تەنانەت رووسیا تەواوی جیهانی لەدەستدا. لە مەودوا لە هەموو لایەکەوە پشتی تێدەکرێت".

زیلینسکی ئاماژەی بە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا دا و جەختی لەوە کردەوە، سوپای ئۆکرانیا لەم رووەوە ئەرکی سەرشانی بەتەواوەتی و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەجێگەیاندووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا، روونیكرده‌وه‌، تا ئەمڕۆ 918 ناوچەی نیشتەجێبوون لە ئۆکرانیا لەژێر دەستی "داگیرکەران" رزگارکراوە، باسی لەوەش کردو لە پێناو رزگارکردنی ژیانی خەڵکی سڤیلی ماریوپۆل هەرچییەکی لەدەستیان هاتبێت ئەنجامیان داوە.

"پێویستە پشت لە نەوتی رووسیا بکرێت"

زیلینسکی سەرنجی بۆ گەمارۆکانی سەر رووسیا راکێشا و گوتی: "ئەمە بەس نییە بۆ وەستاندنی سەربازانی رووس، پێویستە لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆیانەی لەمەودوا دەخرێنە سەر رووسیا، بیر لەوە بکرێتەوە پشت لە نەوتی ئەو وڵاتە بکرێت.

گوتیشی: پێویستە جیهان بزانێت کە ئەو پارەی لە بەرامبەر پێفرۆشتنی وزە بە رووسیا دەدرێت، بووەتە هەڕەشە بۆسەر دیموکراسی و لەم بارەیەوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌بێت سیستمی دارایی رووسیا بەتەواوی بلۆک بکرێت تەنیا لەم رێگەیەوە دەتوانرێت کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت.