پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت

"به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌، 75 هەزار كەس لە دانیشتووانی دەربەندیخان و دەوروبەری سوودمەند دەبن"
پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان
پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگه‌یاند، دوای ئەوەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی كاركردن لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان وەستا، دووبارە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێتەوە.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، دوای وه‌ستانی پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان، بودجه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ته‌رخانكرا و ئێستا نزیكەی 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە و بڕیارە ئەو بەشەی ماوە بەمزووانە تەواو بكرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی سەرپەرشتیی دەكرێت و لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكار بە گوژمەی 17 ملیۆن و 799 هه‌زار و 100 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەم پرۆژەیە 75 هەزار كەس لە دانیشتووانی دەربەندیخان و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن، گرفتی پیسبوونی ئاو و كەمی ئاو لە سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات. لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، بەشی وەرگر و بەشی پاڵاوتن و چارەسەركردن كە بە هێڵێكی سەرەكی بەستراونەتەوە لە بۆریی كاربۆن ستیل بە تیرەی 500 ملیم و بە درێژی 2،8 كیلۆمەتر، پرۆژەكە دوو هێلی دابەشكردنی ئاوی هەیە بە تیرەی 400 ملیم و درێژی 250 مەتر و 300 ملیم بەدرێژی 1800 مەتر.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی روونیكرده‌وه‌، جگە لەوەی ئێستا 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە، هاوكات بە رێژەی 90%یش كاری ئەندازەی شارستانی و 100%ی كاری دیزاینی تەواو بووە و ئێستاش كۆمپانیای بەڵێندەر سەرقاڵی دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەن، كە بۆ تەواوكردنی بەشی كارەبا و میكانیكی پرۆژەكە پێویستن و بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەستبەكارەكانی بكات.