له‌نێوانی بێئه‌قڵیی و بێئه‌قڵییه‌کی تردا
گومانی گه‌وره له ڕه‌فتاره‌کانی پالودان ڕاسموس هه‌یه، كه ته‌نها تاکێکی نه‌خۆش به‌وشێوه‌یه چ بیر ده‌کاته‌وه و چ مامه‌ڵه‌ش ده‌کات. من خودی خۆم کۆمه‌ڵێک سیمپتۆمی ئه‌نتی سۆسیال و پارانۆید له پالوداندا ده‌بینم، لێ قووتکردنه‌وه‌ی دیاگنۆزه‌یه‌ک له‌سه‌ری، پێویستمان به‌وه‌یه، که له نزیکه‌وه دیداری پالودان بکه‌ین. من تاکه که‌س نیم، که گوومان له نه‌خۆشبوونی پالودان ده‌که‌م، به‌ڵکوو خه‌ڵکانی تر زۆرن. پالودان به ته‌نها دژایه‌تیی ئیسلام ناکات، به‌ڵکوو دژایه‌تیی مرۆڤایه‌تیی ده‌کات. پالودان وێڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کێکی سوێدیی هه‌یه، لێ له دانمارک ده‌ژیی و پێیوایه، که ته‌نها دانمارکیی بۆی هه‌یه له دانمارک بژیی. پالودان پێیوایه، نه‌ک ئه‌گه‌ر خۆت، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر دوو نه‌وه‌ی پێش خۆشت له دانمارک له‌دایک بووبێت، ئه‌وا هه‌ر مافی ئه‌وه‌ت نییه، که له دانمارک بژییت. ئیدی عه‌ره‌بیت، فارسیت، ئه‌ڵمانیت، ئینگلیزیت یان هه‌ر باکگراوندێکی ترت هه‌بێت.
ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات و ئه‌وروپا، وڵاتانی ئیسلام و ئه‌وروپا له دیموکراتییدا جیاوازییان ده‌رده‌که‌وێت. من خۆم له وڵاته ئیسلامییه‌کان ده‌گه‌م، چونکه ئه‌وان ناتوانن هیچ سوودێک له دیموکراتیی ببینن و ئایدیایه‌کی بێکه‌ڵکه بۆیان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێناگه‌م ئه‌وه‌یه، که بۆچیی ڕه‌وه‌ندی وڵاته ئیسلامییه‌کان ئه‌وروپا به‌جێناهێڵن و ناگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان؟ بۆچیی خۆیان تووشی ئه‌و ئازاره ڕۆحییه ده‌که‌ن له ئه‌وروپادا دێته سه‌رڕێگایان؟ بۆچیی له‌بری ئه‌وروپا ناچن بۆ سعودی عه‌ره‌بیی؟ بۆچیی ناچن بۆ ئێران؟ بۆچیی ناچن بۆ میسر یان پاکستان؟ بۆچیی دێن بۆ ئه‌وروپای دیموکراتیی؟
له ئه‌وروپای دیموکراتییدا ڕێگا به تۆ ده‌درێت، که کتێبێک بسووتێنیت، ئیدی ڕۆمانێکه، کتێبێکی زانستییه، ئینجیله یان قورئان هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، به‌مه‌رجێک کتێبه‌که هی خۆت بێت، واتا خۆت کڕی بێتت، نه‌ک کتێبی که‌سێکی تر بسووتێنیت. واتا ده‌چیته کتێبخانه‌یه‌که‌وه کتێبێک ده‌کڕیت و دێیته ده‌ره‌وه ده‌یسووتێنیت یان ده‌یدڕێنیت، له‌مه‌دا ئازادیت. هه‌ربۆیه یاسایه‌ک نییه بۆ ئه‌وه‌ی پالودان بگرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کتێبێکی سووتاندووه. لێ ئیسلامه‌کانی جیهان و سوێدن له‌مه ناگه‌ن. وه‌ک وتم، ئه‌وان نازانن چیی له دیموکراتیی بکه‌ن، چونکه ئایدیایه‌کی بێکه‌ڵکه.
کاره‌سات لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئیسلامه‌کانی سوێدن له‌به‌رانبه‌ر سووتاندنی کتێبێک‌دا خه‌ریکن وڵاتێک ده‌سووتێنن. ئه‌م هه‌موو تووندوتیژییه‌ی دژ به پۆلیس ده‌کرێت، مه‌گه‌ر له شه‌قامه‌کانی به‌غداد و کابولدا بوونی هه‌بێت. بیهێنه به‌رده‌می خۆت، کچه‌که‌ت یان کوڕه‌که‌ت پۆلیسه و له‌به‌ر بێئه‌قڵییه‌کانی پالودان و ئیسلامییه‌کانی سوێدن ده‌بێت بچێت ئارامیی شار بپارێزێت، لێ گه‌نجێکی ئیسلام به‌ردێکی گه‌وره‌ی ده دوانزده کیلۆیی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یگرێته پۆلیسه‌کان و به‌ر ڕانی کچه پۆلیسه‌که‌ت یان کوڕه پۆلیسه‌که‌ت ده‌که‌وێت و ده‌یشکێنێت. تاوانی کچه‌که‌ت یان کوڕه‌که‌ت چییه، که ڕانی بشکێنن؟