ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌ك یاری ده‌كات 3 یارییه‌ لێی نه‌بردووه‌ته‌وه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

یانه‌ی بارسێلۆنا ئه‌مشه‌و رووبه‌ڕووی یانه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ 3 یارییه‌ نه‌یتوانی شكست به‌و یانه‌یه‌ بێنێت و له‌ دوایین یاریش له‌ نێو ئه‌م یاریگه‌یه‌ شكست بووه‌ته‌ به‌شی.

بارسێلۆنا دوای حەوت سەرکەوتنی لەسەر یەک لە لالیگا و لە پێناو کەمکردنەوەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ ئەمڕۆ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و لە گەڕی 32 میوانداریی کادیز دەکات.

بارسا لەم یارییە بەبێ بەرگریکارە سەرەکییەکانی دەبێت، پیکێ بەهۆی پێکانەوە و ئاراوخۆش بەهۆی راگیرانەوە ناتوانن یاریی بکەن، چاڤی ناچارە لە دڵی بەرگری بەسەرەکی یاریی بە ئێریک گارسیا و لێنگلێت بکات، هاوکات ئانسۆ فاتی و سێرجی رۆبێررتۆ و پێدری و ئۆمتیتیش بەهۆی پێکانەوە بۆ ئەم یاریە بانگهێشت نەکراون.

چاڤی هێرناندێز چی ده‌ڵێت؟

چاڤی هێرناندێز له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ داوای له‌ هانده‌ران كرد بێنه‌ نێو یاریگه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ی یاریی فرانكفۆرت دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێت: ئێمە قسە لەسەر رووداوەکانی یاریی رابردوو ناکەین و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و هیوادارین چیدی دووبارە نەبێتەوە، پێویستە بڕواشمان بە پڕۆژەکەمان هەبێت کە لە نۆڤێمبەری رابردوو دەستی پێکردووە، لە چەند ساڵی رابردوو بارسێلۆنا فەلسەفەی تایبەتی خۆی لەدەست داوە و پێویستە بیگەڕێنینەوە، ئەم یارییەی ئه‌مڕۆش بۆ ئێمه‌ سەرەتایەکی نوێیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان و پێویستە بە ئارامی کار بکەین.

چاڤی هێرناندێز له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: پێموایە بەرامبەر لیڤانتی و فرانکفۆرت یارییەکی باشمان کرد، بەڵام نەمانتوانی بە باشی مامەڵە لەگەڵ هێرشە پێچەوانەکان بکەین، ئێمە هەشت یاریی کۆتاییمان لەبەردەم ماوە و ئەمڕۆ سەرەتایەکی نوێیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەمان و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، پێویستە بە هەمان رێگا یاریی بکەین کە بەرامبەر ریال مەدرید و ناپۆلی بەکارمان هێنا.

چاڤی ده‌شڵێت: ئێمە تووشی شۆک بووین چونکە دەمانویست یۆرۆپالیگ ببەینەوە، بەڵام ده‌بێت ئەم رووداوە لەبیر بکەین و چەند هەفتەیەکی بەهێزمان لەبەردەمە و پێویستە رکابەری بکەین، بەبێ ئەوەی سەیری ئەنجامەکانی دیکە بکەین دەبێت بەردەوام بین بۆ بردنەوەی لالیگا تەنانەت ئەگەر کارێکی ئەستەمیش بێت.

بارسێلۆنا لە دوایین حەوت یاریی لالیگا بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوایین نۆ یاریشدا لە هەشتیان بەلایەنی کەمەوە دوو گۆڵی کردووە و لە دوایین سێ یاریشدا لە لالیگا پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی کردووە.