هۆشیار سیوه‌یلی: به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار "ئیداره‌ی سلێمانی" ده‌یانه‌وێت راستییه‌كان بشێوێنن
K24 – هه‌ولێر:
هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، بۆ نوێنه‌ری وڵاتانمان روونكرده‌وه، كه ئه‌وه‌ی له سلێمانی ده‌گوزه‌رێت ئه‌نجامی خراپی ئیداره‌دانه و هۆكاره‌كه‌ی هه‌ولێر یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه و به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار "ئیداره‌ی سلێمانی" ده‌یانه‌وێت راستییه‌كان بشێوێنن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (18ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2022) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری و به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی، هۆشیار سیوه‌یلی له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له كونسوڵ و نێرده دیپلۆماتییه‌كانی وڵاتانی بیانی كۆبوونه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه هۆشیار سیوه‌یلی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به "گرنگ" وه‌سفكرد و گوتی: هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به وردی له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه قسه‌ی كرد و هه‌ریه‌ك له پرسه‌كانی ره‌وشی گشتیی عێراق و پرۆسه‌ی سیاسیی، به تایبه‌تی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراقی خسته‌به‌رچاو.
پارتی هه‌ڵبژاردنی ده‌وێت
روونیشیكرده‌وه، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به ره‌وشی ناوخۆی هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان، كه بڕیاره له یه‌كی مانگی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو ئه‌نجام بدرێت و هه‌ڵوێستی پارتی روونكرده‌وه، كه به جددی هه‌وڵده‌دات هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و له كاتی یاسایی خۆی دوا نه‌كه‌وێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان رای جیاوازیان هه‌یه و به ئاشكرا ناڵێن ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نین، به‌ڵام شێوازی به‌ره‌وپیرچوونی ئه‌م پرۆسه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت به‌شێك له لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین پرۆسه‌كه له كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای كۆمیسیۆن ده‌كه‌نه ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه.
هۆشیار سیوه‌یلی، دووپاتیكرده‌وه، پارتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، چونكه ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر هه‌موواری یاسای هه‌ڵبژاردن بكرێت، ره‌نگه پرۆسه‌كه دوابكه‌وێت.
قه‌یرانه‌كانی سلێمانی
له باره‌ی ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، هۆشیار سیوه‌یلی گوتی: پرسی سلێمانی ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه بوو، به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار "ئیداره‌ی سلێمانی" ده‌یانه‌وێت راستییه‌كان بشێوێنن و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له سلێمانی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن بیخه‌نه ئه‌ستۆی هه‌ولێر یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتیی.
گوتیشی: ئێمه باسی ئه‌وه‌مان كرد، ئه‌وه‌ی رووده‌دات زیاتر خراپی به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی سلێمانییه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كان له هه‌ولێر سه‌ریان هه‌ڵدابێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر روونكردنه‌وه‌یه‌كیشیان بوێت ئێمه وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ئاماده‌ین به ژماره و داتا زانیارییه‌كان بخه‌ینه به‌رده‌ستیان.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وان بۆ خۆیان ئاگادارن و رۆژانه به‌دواداچوونی كاره‌كان ده‌كه‌ن له سلێمانی و ده‌زانن ئه‌وه‌ی له سلێمانی ده‌وترێت و ده‌گوزه‌رێت راستیی تێدایه. لێشمان دووپاتكردنه‌وه، هه‌ر زانیارییه‌كیان بوێت ئاماده‌ین بیخه‌ینه به‌ر ده‌ستیان.
پرسی سه‌رۆك كۆمار
سه‌باره‌ت به پرسی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ناكۆكیی پارتی و یه‌كێتی له باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆماره‌وه، هۆشیار سیوه‌یلی گوتی: پارتی به‌شێكه له هاوپه‌یمانییه‌كی سێقۆڵی فراوان، كه بریتییه له "رزگاری نیشتمان" كه سه‌دری و سوننیه‌كان هاوبه‌شن تێیدا و موقته‌دا سه‌در، پێش ره‌مه‌زان ده‌ستپێشخه‌ری كرد و 40 رۆژ ده‌رفه‌تی داوه‌ته لایه‌نه‌كانی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان حكومه‌ت پێكبهێنن و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌در به هه‌ماهه‌نگی بووه له‌گه‌ڵ پارتی و سوننه‌كانیش، هه‌ر بۆیه پارتی چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه و كۆتایی واده‌كه ده‌كات، دوای جه‌ژن دیسانه‌وه هاوپه‌یمانی "رزگاری نیشتمان" كۆده‌بێته‌وه و له‌سه‌ر هه‌نگاو و ده‌ستپێشخه‌ری داهاتوو قسه ده‌كه‌ن، پارتی تا ئێستاش سووره له‌سه‌ر كاندیدی خۆی، كه رێبه‌ر ئه‌حمه‌ده.